
هەزاران ئاوارەی فەڵەستینی دەگەڕێنەوە باکووری غەززە
ئاڤا نیوز
لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەهەزاران هاووڵاتی غەززە دەستیانکردووە بەگەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە، ئەمەش لە چواچێوەی ڕێککەوتنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززەیە.
لێدوانی فەرمی: بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی فەلەستین بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئاوارەکانی غەززە دەستیان کردووە بە گەڕانەوە بۆ شەقامی ڕەشید لە ڕێگەی خاڵی پشکنینی ڕۆژئاوای نەتسەریم بۆ شاری غەززە و باکووری کەرتی غەززە.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕەنگە لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە خەڵکی غەززە دەستبکەن بە گەڕانەوە بۆ بەشی باکوور، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستە لەگەڵ حەماس .
زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس، سوپای ئیسرائیل وردە وردە دەست دەکات بە کشانەوە لە ڕۆژئاوای ناوچەی نەتسەریم، لە باکووری کەرتی غەززە بۆ ڕێگەدان بە گەڕانەوەی هاووڵاتییانی غەززە بۆ ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان.
لەلایەکی دیکەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کرد خەڵکی غەززە بەسەر وڵاتی ئوردن و میسر دابەش بکرێن، لەبەرئەوەی چیتر کەرتی غەززە بە کەڵکی ژیانکردن نایەت، وەزیری دارایی ئیسرائیل پێشوازی لێکرد و حەماس ڕەتی کردەوە.
وێنە: ئاڤا دیجیتاڵ







