
سەرجەم ڕێگەكانی گۆیژە بەڕووی شۆفێران بەربەست كراون
ئاڤا نیوز
ڕێگای هاتووچۆ بەرەو شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ بەربەست كراوە و ڕێگە نادرێت هیچ كەسێک تێپەڕ ببێت.
وێنە گەورەكە: بەفرێكی زۆر لە سلێمانی باریوە و شاخەكانی گۆیژە و ئەزمەڕ و دۆڵەمیرانی داپۆشیوە و بەفر گەیشتووەتە سەنتەری شارەكە.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە، سەرجەم ڕێگاكانی سەركەوتن بەرەو شاخی گۆیژە بەربەست كراون و لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتییان داوا دەكەین سەردانی شاخی گۆیژە نەكەن.
ئەوەی پێشبینی دەكرێت: دوێنێ هەینی، شێخ دارا پسپۆڕی كەشناسی لە ئاڤا لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر حەوت، پێشبینی بارینی بەفرێكی سەختی كرد لە ناوچە جیا جیاكانی هەرێمی كوردستان كە لەهەندێك شوێن دەگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكانیش. داواشی لە هاووڵاتیان كرد بۆ كاری زۆری پێویست نەبێت، ئۆتۆمبێلەكانیان نەبەنە ڕێگاكانی دەرەوەی شار بەوپێیەی بەهۆی كەڵەكەبوونی بەفر، مەترسی گیرانی ڕێگاوبانەكان و دروستبوونی شەختە هەیە.
باكگراوند: لە کاتى كەڵەكەبوونی بەفر لەسەر گۆیژە و ئەزمەڕ و دۆڵەمیران، ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتییان بۆ بینینى دیمەنى بەفربارین و تۆمارکردنى وێنەى یادگارى، ڕووی تێدەكەن و بەهۆی شەختەی ڕێگاكان و دروستبوونی قەرەباڵغی لەو شوێنە، چەندین ڕووداوی نەخوازراوی هاتووچۆ ڕوویان داوە.
وێنە: ئاری عەبدوڵڵا















