
بزووتنەوەی حەماس سێ بارمتەی دیکە ڕادەستی ئیسرائیل دەکاتەوە
ئاڤا نیوز
ئەمڕۆ شەشەمین گەڕی ئاڵوگۆڕکردنی دەستبەسەرکراوەکانی ئیسرائیل و حەماس جێبەجێ دەکرێت، سێ بارمتەی ئیسرائیل کە دوویان ڕووسی و یەک ئەمریکین بەرامبەر بە 369 فەلەستینی ئازاد دەکرێن.
وێنە گەورەکە: ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان و زیندانیانی فەڵەستین، یەکێکە لە مەرجەکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە بڕیارە بە سێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت، لە قۆناغی یەکەمدا 16 ئیسرائیلی لە بەرامبەر سەدان هاوڵاتی فەڵەستینی ئازاد کراون و بڕیاروایە لە چوارچێوەی ئەم قۆناغەدا 33 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر 700 هاوڵاتی فەڵەستینی ئازاد بکرێن.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 3 بارمتەی دیکە لە ڕێگەی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە ڕادەستی ئیسرائیل دەکرێنەوە کە دوو لە بارمتەکان هاووڵاتی ئەمریکی و ڕووسین و ئەو دیکەشیان ئیسرائیلییە.
بزووتنەوەی جیهاد لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئەلکساندەر توربانۆڤ کە هاووڵاتیەکی ڕووسییە ئەمڕۆ شەممە لە چوارچیوەی پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان، ڕادەستی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیی دەکرێتەوە و ساگۆی دیكلچین و لێر هۆرن ئەو دوو بارمتەیەی دیکە دەبن کە حەماس ئازادیان دەکات.
قووڵتر: لە یەکەم گەڕی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، بزووتنەوەی حەماس 3 ژنە بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەستی تیمی خاچی سوور کرد لە بەرامبەر ئازادکردنی 90 فەلەستینی.
لە دووەم گەڕی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، چوار بارمتەی ئیسرائیلی، بەرامبەر بە 200 زینداینکراوی فەلەستینی ئازاد کران.
لە سێیەم گەڕی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، 3 بارمتەی ئیسرائیلی و 5 تایلەندی، بەرامبەر 110 زینداینکراوی فەلەستینی ئازاد کران.
لە چوارەم گەڕی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، 3 بارمتەی ئیسرائیلی، بەرامبەر 183 زینداینکراوی فەلەستینی ئازاد کران.
لە پێنجەم گەڕی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، 3 بارمتەی ئیسرائیلی، بەرامبەر 184 زینداینکراوی فەلەستینی ئازاد کران.
وێنە: ئاڤا دیجیتاڵ







