دوو بەرەكەی گۆڕان لە هۆڵێکدا داهاتووی بزووتنەوەکە یەکلادەکەنەوە

شەیری بکە لە:
دوو بەرەكەی گۆڕان لە هۆڵێکدا داهاتووی بزووتنەوەکە یەکلادەکەنەوە

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

ئاڤا نیوز

 

ئەمڕۆ ڕۆژێكی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ دوو باڵەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، لە شاری سلێمانی كۆنفڕانسی هاوبەش دەبەستن و یەكلا دەبێتەوە كە كامە باڵ دەبێتە خاوەنی حیزبەكە.

 

زانیاریی پەیامنێر: چۆمان مەحموود، پەیامنێری ئاڤا میدیا لە سلێمانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە 24-5-2025، كۆنفڕانسی نیشتمانیی هاوبەشی دوو ئاراستە و بەرە جیاوازەكەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت، تەنیا 1200 كەس بۆیان هەیە بەشداریی لە كۆنفرانسەكە بكەن و ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكە.

 

زانیاریی زیاتر: هەردوو باڵەكەی گۆڕان( باڵی كوردسات و باڵی زەرگەتە)  پەیڕەو  و پرۆگرامی خۆیان لە كۆنفرانسەكە دەخوێننەوە، دواتر هەردوو پەیڕەوەكە دەخرێتە دەنگدان و هەر كام لە باڵەكە دەنگی زیاتری بەدەست هێنا، لایەنی بەرامبەر هۆڵی كۆنفرانس جێدەهێڵێت، ناو و ناونیشان و سكرتێر دەبێتە موڵكی لایەنی براوە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: باڵی گردی زەرگەتە، مستەفا وەفایی و باڵی گەڕەكی كوردساتیش دانا ئەحمەد مەجیدی بۆ ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەستنیشان كردووە، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە مستەفا وەفایی ئەگەری زیاتری سەركەوتن و بەدەستهێنانی پۆستەكەی هەیە.

 


ئەمەش بزانە: کۆنفرانسە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو باڵاکەی بزووتنەوەکە لەکاتێکدایە گۆڕان بەسەر هەردوو ئاراستەی گردی زەرگەتە و گەڕەكی كوردسات دابەش بووە، ئاراستەی گردەكە ڕۆژی 05-04-2025 کۆنفرانسی گشتیی كرد و کۆمیسیۆن بەشداری نەکرد و دانی پێدا نەنا، 21 ڕۆژ دواتر ئاراستەی باڵی کوردسات کۆنفرانسیان كرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام ڕێژەی پێویستی ئەندام ئامادە نەبوون، ئێستا هەوڵێك هەیە هەردوو ئاراستەكە پێکەوە کۆببنەوە و كێشەكانی نێوانیان لە یەک هۆڵدا چارەسەر بکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: