سات بە سات زانیاری نوێ؛ ئیسرائیل دەستی بە هێرش کردەوە و ئێرانیش هەڕەشەی مووشەکباران دەکات

شەیری بکە لە:
سات بە سات زانیاری نوێ؛ ئیسرائیل دەستی بە هێرش کردەوە و ئێرانیش هەڕەشەی مووشەکباران دەکات

گرافیکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران

ئاڤا نیوز

ئیسرائیل جارێکی دیکە دەستی بە هێرشکردنە سەر ئێران کردەوە، ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی F35 و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند شارێکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان دەکات، ئێرانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند دەکات، سوپای ئسیرائیل دەڵێت چاوەڕوانن تاوەکو کاتژمێرێکی دیکە ئێران دەیان مووشەکیان ئاراستە بکات.

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: ئیسرائیل هەڕەشەکەی جێبەجێ کرد و دەستی بە بۆردوومانکردنی ژێرخانی ئابووریی ئێران کرد، چەند کێڵگەیەکی نەوت و غازی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئێران بۆردوومان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای هێرشەکەوە ڕایگەیاند ئەگەر ئێران وەڵامی هێرشەکانی بداتەوە ژێرخانی ئابووری خاپوور دەکات.

٠ ئێستا فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی تاران، ئەسفەهان، ئەهواز، بەندەر عەباس، ورمێ، تەبرێز، کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، خوزستان و چەند ناوچەیەکی دیکە دەسووڕێنەوە. 

٠ میدیای ئێران بڵاوی کردووەتەوە سیستەمی بەرگریی وڵاتەکە لە تاران و پێنج شاری دیکە کەوتووەتەوەکار و بەرپەرچی بۆردوومانی ئیسرائیل دەداتەوە.

٠ کەمێک پێش ئێستا بۆ یەکەمجار ئیسرائیل بەندەر عەباسی بۆردوومان کرد کە شادەماری ئابووری ئێرانە.

٠ لە تارانی پایتەخت بەردەوام دەنگی تەقینەوەی گەورە دەبیسترێت.

٠ ئاژانسی تەنسیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە لە پارێزگاکانی تەبرێز و تاران و کرماشان سیستەمی وەڵامی هێرشی فڕۆکە و درۆنەکانی ئیسرائیلی داوەتەوە.

٠ ئاژانسی هەواڵی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل کێڵگەی غازی پارسی لە  پارێزگای بوشەهر لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومان کردووە، بەشی 14ـی کێڵکەگە بە تەواوی خاپوور کراوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.

٠ وەزارەتی نەوتی ئێران ڕایگەیاند: تەقینەوەیەکی گەورە لە پاڵاوگەی فەجر بۆ غاز ڕووی داوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

٠ ئاژانسی تەنسیمی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمشەو بنکەیەکی سەربازی بۆردوومان کراوە، سیستەمی بەرگریش کەوتووەتەکار و تەقە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەکات. 

٠ لە پارێزگای ئەهواز شوێنێک بۆردوومان کراوە.

٠ بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکان لە پارێزگای قوم ڕایگەیاندووە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان خستوونەتە خوارەوە.

٠ ئاسمانی تەلئەڤیڤ ئێستا ئارامە، بەڵام زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و خەڵک دەچنە ژێرزەمینەکان. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە چاوەڕوانی هێرشی مووشەکی ئێرانن،  سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکە بالستییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانیان بە ئاسمانی وڵاتانی دراوسێی ئیسرائیل بڵاوبوونەتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.

٠ بنکەی سەرەکی مۆساد لە تەلئەڤیڤ چۆڵ کرا. 

٠ گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت سەرەڕای هێرشەکانمان، ئێران هێشتا خاوەنی توانایە و دەتوانێت زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت. دەشڵێت، تاوەکو کاتژمێرێکی دیکە مووشەکەکانی ئێران دەگەنە ئیسرائیل.


٠ سبەی یەکشەممەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە ئیسرائیل پشوو ڕاگەیێنراوە، لە ئێرانیش سەرەڕای بۆردوومانە چڕەکان هێشتا ڕۆژانە دەوامی فەرمی دەکرێت و پشوو ڕانەگەیێنراوە.

 

٠ ئەمیر عەلی ڕەزا، فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیائی هێزی بەرگریی ئاسمانی ئێران دەڵێت: لە ماوەی یەک کاتژمێری ڕابردوودا 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان لە ناوچە جیاوازەکان تێکشکاندوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل تێکشکاندنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە.


٠
کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، ئییال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە سەرکردە سیاسییەکانی وڵاتەکەی گوتووە: ئۆپەراسیۆنەکەمان بۆ سەر ئێران پێویستە بۆ پاراستنی گەلی جوو. گوتووشیەتی: "ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکەن و مێژوو لێمان خۆش نابێت ئەگەر ئێستا هەنگاو نەنێین".

٠ ئاژانسی تەسنیم: ھێزەکانی بەرگری سوپای پاسداران لە نزیک وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز بە سوودوەرکرتن لە سیستمی بەرگری (سۆم خورداد) فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی خستە خوارەوە.

٠ میدیای فەرمیی ئێران: چەند کاتژمێرێکی دیکە ئێران هێرشی تووند و وێرانکەر دەکاتە سەر ئیسرائیل.

٠ رۆیتەرز: هێرشی ئەمشەوی ئێران گەورەترین هێرشی مێژووی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش ئاسمانی ئێران جێناهێڵن و بەردەوامن لە بەئامانج گرتنی پێگە سەربازییەکانی سوپای پاسداران.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ