چیتر گەرووی هورمز کارتی بەهێزی گوشار نییە لەدەست ئێران

چیتر گەرووی هورمز کارتی بەهێزی گوشار نییە لەدەست ئێران

ئێران هەڕەشە دەکات، بەڵام نایکات. نە گەرووی هورمز مینڕێژ دەکات و نە بە بۆردوومانکردنی کەشتییە تێپەڕبووەکان دایدەخات

 

ئێران هەڕەشە دەکات، بەڵام نایکات. نە گەرووی هورمز مینڕێژ دەکات و نە بە بۆردوومانکردنی کەشتییە تێپەڕبووەکان دایدەخات. ئەمە سیناریۆیەکە زیانی بۆ خودی خۆی دەبێت و لە پلەی یەکەمدا زیان بە چین دەگەیەنێت، کە گەورەترین کڕیاری نەوتی کەنداوە و بەهۆیەوە ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی لەدەست دەچێت، بەڵام دووژمنەکانی ئێران، واتە ئەمریکا و ئیسرائیل، براوە دەبن، چونکە پەکین هەڵوێستێکی تووڕە بەرامبەر ئێران وەردەگرێت.

کاتێک لە ساڵی 2021 کەشتییەکی بارهەڵگر تەنها بۆ ماوەی شەش ڕۆژ کەناڵی سوێسی داخست، جیهان هەناسەبڕکێی بوو، هەروەک چۆن حووسییەکان بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی بابولمەندەب جووڵەی دەریاوانیی نێودەوڵەتییان تێکدا. بۆیە داخستنی گەرووی هورمز زیاتر لە هەر لایەنێک، زیان بە هاوپەیمانەکانی ئێران خۆی دەگەیەنێت.

گەرووی هورمز لە ڕابردوودا کارتێکی فشار و هەڕەشە بوو بۆ سەر جیهان، بەڵام ئەمڕۆ چیتر پرسێکی ستراتیژی نییە بۆ ئەمریکییەکان، دوای ئەوەی بەهۆی بەرهەمی نەوتی خۆیان و نەوتی کەنەدای دراوسێیانەوە، نزیکەی خۆبژێو بوون.

ئەی چی ئەگەر ئامانجی تاران لە داخستنی گەرووەکە، هەناسەبڕکێکردنی دراوسێ کەنداوییەکانی و فشارخستنە سەریان بێت، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو پێکدادانێکی سەربازییەوە؟ ئەم وڵاتانە دەیان ساڵە پلانیان بۆ ڕۆژێکی ڕەشی لەم شێوەیە داناوە. ئەگەر گەرووەکە بەتەواوی و بۆ ماوەی چەندین مانگ دابخرێت، ئەوان توانای ئەوەیان هەیە بەرگەی زیانەکان بگرن و بە زیانێکی کەم لێی دەربچن.

گەورەترینیان لەڕووی بەرهەمەوە سعوودیەیە، خاوەنی هێڵێکی بۆرییە کە دەتوانێت لە ڕێگەی بەندەری یەنبوعەوە لەسەر دەریای سوور هەناردەی بکات، کە تواناکەی پێنج ملیۆن بەرمیلە و دەتوانێت زیادی بکات. بەمەش یەک بەرمیل نەوتیش لە بازاڕەکانیدا لەدەست نادات.

دەوڵەتی ئیماراتیش خاوەنی دەروازەی فوجەیرەیە، کە دەکەوێتە دەرەوەی گەرووی هورمز و دەتوانێت لەوێوە ڕۆژانە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک بەرمیل هەناردە بکات.

قەتەریش، کە گەورەترین بەرهەمهێنی غازە، هەرچەندە دەرچەی دەریایی جێگرەوەی نییە، بەڵام دەتوانێت بۆ ماوەی چەند مانگێک بەرگەی دابڕانی ناچاری بگرێت، بە سوودوەرگرتن لە یەدەگە داراییە زەبەلاحەکانی. کوێت و بەحرەین زیانیان بەردەکەوێت، بەڵام هاوبەشەکانیان لە ئەنجوومەنی هاریکاری دەتوانن پشتگیرییان بکەن.

بەڵام گەورەترین زیانمەندی کەنداو، عێراقە کە هاوپەیمانی ئێرانە، چونکە ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕێگەی هورمزەوە دەگوازێتەوە. ئەگەر لە هەناردەکردن بێبەش بکرێت، ئەوا ئەو توانایە داراییەی نییە کە بتوانێت پابەندییەکانی بەرامبەر هاووڵاتیانی و پابەندییە دەرەکییەکانی جێبەجێ بکات.

ئێمە دەزانین ئێران چەندینجار لە مانۆڕە سەربازییەکانیدا ڕاهێنانی تایبەتی بۆ داخستنی گەرووی هورمز کردووە. ئەگەر بیکات، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لە پلەی یەکەمدا زیان بە چین و عێراق دەگەیەنێت.

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، هەڕەشەی داخستنی گەرووەکە ئەو کارتەی تاران بوو کە ئەمریکی و کەنداوییەکانی پێکەوە پێ دەترساند، بەڵام ستراتیژییەکانی دوێنێ، ئەمڕۆ کاریگەر نین. ویلایەتە یەکگرتووەکان بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت لە جیهاندا، چین گەورەترین کڕیاری کەنداوە، وڵاتانی کەنداویش خۆیان بۆ ئەگەرێکی لەم شێوەیە ئامادە کردووە و تۆڕێکی هەناردەکردنیان دروست کردووە کە لە ڕێگەیەوە لەو ملەبوتڵە، واتە هورمز، دەرباز دەبن.

بژاردەکانی تری تاران بۆ فراوانکردنی بازنەی ئاگر، هەم بۆ ناوچەکە مەترسیدارن و هەم بۆ خودی ئێرانیش. هەریەکەیان وەک کردەوەیەکی خۆکوژی وایە کە هەڕەشە لە ڕژێمێک دەکات کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی بۆ هەژموونگەرایی و بڵاوبوونەوە داوە. ڕەنگە ئەمە دواین دەرفەتی بێت، پێویستە بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا ڕازی بێت و لەناو سنوورەکانی خۆیدا بمێنێتەوە.

* لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یەکێک لە ‌هەڕەشە گەورە و بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئێران داخستنی گەروی هورمز بوو، هەرچەندە ئێستا ئاگربەست ڕاگەیێنراوە، بەڵام گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتاییان نەهاتووە و، هاوشێوەی 80 ساڵی ڕابردوو داخستنی گەروەکە هەر کارتی گوشارە لەدەست ئێران.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: