ڕێککەوتنێکی حەوت خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی سوەیدا ڕاگەیێنرا

شەیری بکە لە:
ڕێککەوتنێکی حەوت خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی سوەیدا ڕاگەیێنرا

ژمارەیەک چەکداری هۆزە عەرەبەکان پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەست

ئاڤا نیوز


میدیاکانی سووریا وردەکاریی ڕێککەوتنێکی ئاگربەستیان لە پارێزگای سوەیدا ئاشکرا کرد، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا و پشتیوانیی تورکیا و ئوردن لە نێوان حکومەتی سووریا و ئیسرائیلدا ئەنجام دراوە. ڕێککەوتنەکە ئامانجی کۆتاییهێنانە بەو گرژییانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەکەی گرتبووەوە و بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس.

 

وێنە گەورەکە: دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادانی نێوان خێڵە بەدەوییەکان و چەکدارانی دروز لە سوەیدای سووریا، دواجار، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕایگەیاند، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا  بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، بە پشتیوانی ئەمریکا لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕێککەوتنەکە لە حەوت خاڵی سەرەکی پێکدێت، کە گرنگترینیان گەڕانەوەی دامەزراوە ئیداری و ئەمنییەکانی دەوڵەتە بۆ پارێزگاکە، تێکەڵکردنی چەکدارە ناوخۆییەکان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و ڕادەستکردنی چەکی قورس و مامناوەند لەلایەن عەرەبە بەدەوییەکان و دروزەکانەوە. هەروەها ڕێککەوتنەکە بەشداریپێکردنی درووزەکان لە داهاتووی سیاسیی وڵاتدا لەخۆدەگرێت.

 

لە هەمان کاتدا: لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەستیان کردووە بە جووڵە بەرەو سوەیدا بەمەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی.

 

ئەمەش بزانە: پێشتر سەرۆکایەتیی سووریا تووندوتیژییەکانی خستبووە ئەستۆی "گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان" و جەختی لەوە کردبووەوە کە پێویستە هەمووان لەژێر چەتری یاسادا بن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.

 

باکگراوند: لە ڕۆژی یەکشەممە ڕابردووەوە 14-7-2025، شەڕ و پێکدادان لەنێوان خێڵە بەدەوییەکان و چەکدارانی دروز ڕووی دا، دوای سێ ڕۆژ سوپای سووریا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە چووە نێو شارەکە، بەڵام چەکدارانی سەر بە دیمەشق "سووکایەتی و بێڕێزییان بە درووزەکان کرد، ئەمە وێڕای کوشتنی دەیان چەکداریان".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ