بۆ لێپرسینەوە لە کارەساتەکەی کوت ئەنجوومەنی پارێزگای واست پارێزگار و بەرپرسانی ئەمنی بانگهێشت دەکات

شەیری بکە لە:
بۆ لێپرسینەوە لە کارەساتەکەی کوت ئەنجوومەنی پارێزگای واست پارێزگار و بەرپرسانی ئەمنی بانگهێشت دەکات

دیمەنی پۆلیس لەبەردەم مۆڵە سووتاوەکەی شاری کوت. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی پارێزگای واست، بانگهێشتی پارێزگار و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی و ئیداریی پارێزگاکەی دەکات بۆ دانیشتنێکی تایبەت، بەمەبەستی لێپرسینەوە و ئاگاداربوون لە دەرئەنجامەکانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی مۆڵەکەی کوت.

چیرۆکی سەرەکی: شەوی 2025-07-16، لە شاری کوت لە پارێزگای واستی ناوەڕاستی عێراق، ئاگرێکی گەورە لە مۆڵێک کەوتەوە، بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستیی و سەلامەتی، 61 کەس گیانیان لەدەستدا و 38 کەسی دیکەش برینداربوون.

نووسراوی فەرمی: بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی عەلی حەسەن سلێمون، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای واستی لەسەرە، بڕیاردراوە ڕۆژی دووشەممە 21ـی تەمموز، کاتژمێر 10ـی بەیانی، میوانداریی هەریەک لە پارێزگاری واست محەمەد جەمیل مەیاحی و جێگرەکانی، فەرماندەی پۆلیسی واست، قایمقامی قەزای کوت و بەڕێوەبەرانی گشتیی بەرگریی شارستانی و تاوانی ڕێکخراو بکرێت. ئامانج لەم بانگهێشتکردنە "ئاگاداربوونە لە دەرئەنجامەکانی کارەساتەکە و دەرکردنی بڕیاری پێویست".

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە کاتێکدایە کە لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوەی حکومەتی فیدراڵ، کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنرابوو، گەیشتووەتە چەند دەرئەنجامێکی سەرەتایی.

ئەمەش بزانە: لیژنەکە دوای لێکۆڵینەوە، کەمتەرخەمیی ئاشکرای لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەرەوە دۆزیوەتەوە. لەسەر بنەمای ئەمەش بڕیاری داوە بە دوورخستنەوەی کاتیی 17 فەرمانبەر و بەرپرس، لەگەڵ دەستگیرکردنی سێ ئەفسەری باڵا کە بەڕێوەبەرانی پۆلیسی گەشتوگوزار و بەرگریی شارستانیی واست لەنێویاندان.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ