دەریاچەی زرێباری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە پەناگەی فلامینگۆکان

شەیری بکە لە:
دەریاچەی زرێباری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە پەناگەی فلامینگۆکان

دەریاچەی زرێبار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئاڤا نیوز

 

بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی سیبریا، زیاتر لە 70 فلامینگۆ بۆ دەریاچەی زرێبار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچیان کردووە.

 

وێنە گەورەکە: دەریاچەی زرێبار لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بوونی خۆراکی هەمەجۆر و ئاسایشی گونجاو، بووەتە یەکێک لە گرنگترین ژینگە و شوێنی پشوودانی باڵندەکان لە ناوچەکەدا. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە باڵندەی ئاوی و کەنارئاوی کۆچ بۆ ئەم دەریاچەیە دەکەن.

 

لێدوانی فەرمی: بەڕێوەبەری کارگێڕیی پاراستنی ژینگەی مەریوان بە ئاژانسی تەسنیمی ڕایگەیاند: هۆکاری هاتنی ئەم باڵندە جوانانە بۆ دەریاچەی زرێبار دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی سیبریا و کۆچی باڵندە ئاوییەکان.

 

زانیاریی زیاتر: فلامینگۆ باڵندەیەکە بە قاچە درێژەکانی و دەنووکێکی چەماوە و ملی درێژی ناسراوە. جەستەیەکی زۆر درێژ و پەڕ و باڵی سپی و پەمەیی هەیە. بەرزییەکەی لە نێوان 90 سانتیمەتر بۆ 1.5 مەتر دەبێت. لەکاتی فڕیندا باڵ و ملی ڕاست دەکاتەوە و کەمێک نزمتر لە ئاستی جەستەی ڕایدەگرێت. باڵەکانی تێکەڵەیەکی جوانی ڕەنگی سوور و ڕەشن و بە هێمنی دەڕوات.

 

باکگراوند: دەریاچەی زرێبار لە ساڵی 2009ـوە بە هۆی بوونی هەمەجۆریی ژینگەیی و جۆرەها گیانەوەر و ڕووەک، وەک پەناگەی ژیانی کێوی پەسەند کراوە و دوای نۆ ساڵ وەک 25ـەمین تاڵاوی نێودەوڵەتی لە پەیماننامەی ڕامسەر تۆمار کراوە، بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئەم دەریاچەیە 14 جۆر ماسی، 27 جۆر شیردەر، زیاتر لە 300 جۆر باڵندە و 260 جۆر ڕووەکی ئاوی و چەندین جۆر زیندەوەری دیکەی تێدایە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: