ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی پێنج دەستپێدەکەن

  • بزنس
  • 3 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی پێنج دەستپێدەکەن

دراوی عێراق. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دارایی کوردستان میزان موراجەعەی مانگەکانی پێنج و شەشی بۆ بەغدا ڕەوانە کرد و گەیشتە دەست تەیف سامی، ڕێکارەکانی ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی پێنج، سبەی یەکشەممە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێدەکەن، بەوتەی بەرپرسێکی کورد لە بەغدا دووشەم یان سێشەم پارەی مووچە دەگات و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 22ـی مانگ میزان موراجەعەی مانگی حەوتیش بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.

چیرۆکی سەرەکی: دوای پەسندکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا  لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەفتەی ڕابردوو و ڕەوانەکردنی بۆ بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر لێکتێگەیشتنەکە دا و ڕێکارەکانی ناردنی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستیان پێکردەوە.

لێدوانی فەرمی: بەرپرسێکی باڵای کورد لە حکومەتی عێراق بە ئاڤای گوت، هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچە نەهاتووەتەوە پێش، ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا وەکو خۆی ماوە و وا کاری لەسەر دەکرێت.

ئەو بەرپرسە گوتیشی، بەدورستی نازانرێت چ ڕۆژێک دەنێردرێت، دەگەڕێتەوە سەر بەردەستبوونی پارەی کاش.

زانیاریی تایبەت: ئاڤا زانیویەتی بەرپرسێکی کورد ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ تەیف سامی کردووە، لێی پرسیوە سبەی یەکشەممە پارە دەنێرێت، تەیف سامیش لە وەڵامدا گوتوویەتی؛ سبەی زەحمەتە، پارەی تەواومان لەبەردەست نییە، هەوڵ دەدەین بەزووترین کات پارە ئامادە بکەین و بینێرین.

هەنگاوەکانی داهاتوو: ناردنی پارە شەش بۆ حەوت نووسراوی دەوێت، وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە بانکی ناوەندی دەکات پارە ئامادە بکات. بانکی ناوەندی کە پارەکەی ئامادە کرد، نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت، وەزارەتی داراییش پارەکە دیاری دەکات بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئینجا هەر بە نووسراوی فەرمی بانکی ناوەندی ئاگادار دەکاتەوە، بانکی ناوەندیش پارەکە بە ژمارە دەخاتە سەر هەژماری لقی هەولێر، ئینجا لقی هەولێری بانکی ناوەندی پارە دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی داراییش بەشێکی پارەکە بۆ بانکەکانی هەژماری من دەنێرێت و ئەوان دەیخەنە سەر هەژماری بانکی فەرمانبەران، بەشێکی دیکەشی بۆ بانکە حکومییەکان دەنێرێت و بە کاش دابەش دەکرێت.

لەبارەی داهاتی ناوخۆ کە دەبێت بۆ مانگی پێنج حکومەتی کوردستان 120 ملیار دینار بداتە بەغدا، بەرپرسە باڵاکەی کورد لە حکومەتی عێراق گوتی ئەمە نابێتە کێشە، ڕەنگە هەر بەشێوەی مەقاسە لە پارەی مووچە ببڕدرێت و لە هەولێر وەزارەتی دارایی کوردستان پارەکە بخاتە سەر مووچە، یان بەغدا پارەی مووچە بەتەواوی بنێرێت، ئینجا وەزارەتی دارایی کوردستان داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا بنێرێت، ئەمانە ڕێکاری تەکنیکین و نابنە کێشە.

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، هەندێک رێکاری تەکنیکی ماون لەنێوان هەر سێ حکومەتی کوردستان و عێراق و تورکیا، جگە لەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی هێرشە درۆنییەکان بەشێکی کێڵگە نەوتییەکان گرفتی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوتیان بۆ دروست بووە، بۆیە ماوەیەکی دەوێت تا بەرهەمهێنانی نەوت دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و دەست بە هاردەکردنی دەکرێت.

ئاڤا پرسیاری لە بەرپرسە کوردەکە کرد لە بەغدا، گوتی کێشە بۆ رێککەوتنەکە دروست نابێت، کاتێک گرفتێکی بچووک دێتە پێشەوە، بەغدا چاوەڕوان دەکات تاوەکو گرفتەکە چاک دەبێتەوە، ئەگەر گرفتەکە چارەسەر بوو و ئەوکات نەوتمان نەنارد، ئینجا کێشە دروست دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە:  چوار سەرچاوەی جیاواز لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان بە ئاڤایان وت، "داهاتی ناوخۆ ئامادەیە، بە شێوەی ئاگاداركردنەوە بۆ بەغدای دەنێرین و هیچ ئاستەنگێك نییە، 120 ملیار دینارەکە لە هەولێر و سلێمانی بە کاش ڕادەستی لقی بانکی ناوەندیی دەکرێت.

لەبارەی دابەشکردنی مووچەش گوتیان، خشتەی دابەشکردنی مووچە ئامادەیە، ئەو ڕێككارانەی پێویستن بۆ دابەشكردنی مووچە تەواو کراون، چاوەڕوان دەکەن دووشەممە یان سێشەممە پارە بگات، لەگەڵ گەیشتنی یەکسەر دەست بە دابەشکردنی دەکەن لە ماوەی سێ بۆ پێنج ڕۆژ دابەشکردنی مووچە تەواو دەبێت.

شەیری بکە لە: