شەڕ و پێکدادان لە سوەیدا سەریهەڵدایەوە و پێشێلی ئاگربەست دەکرێت

شەیری بکە لە:
شەڕ و پێکدادان لە سوەیدا سەریهەڵدایەوە و پێشێلی ئاگربەست دەکرێت

دیمەنی شەڕ و پێکدادن لەناو شاری سوەیدای سووریا

ئاڤا نیوز

سەرەڕای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکانی سووریا  بۆ دەوروبەری شاری سوەیدا بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئاگربەست، پێکدادانەکان لە گەڕەکی ڕۆژئاوای شارەکە سەریهەڵدایەوە.

وێنە گەورەکە: دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادانی نێوان خێڵە بەدەوییەکان و چەکدارانی درووز لە سوەیدای سووریا، دواجار، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، بەهۆی دۆخی هەستیاری وڵات و لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و یەکپارچەیی خاکی سووریا، ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێی لەسەرتاسەری وڵاتدا ڕاگەیاند.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، پێکدادان لەنێوان چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان و چەکدارە خۆجێیەکانی درووزەکاندا سەریهەڵداوەتەوە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو ڕێککەوتنەیە کە بە چاودێریی نێودەوڵەتی ئەنجام درابوو.

ژمارەکان وادەڵێن: بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگە، لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ دەستپێکردنی پێکدادانەکان، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 940 کەس کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن. ئەم ئامارە کوژراوانی پێکدادانەکان، لەسێدارەدانە مەیدانییەکان و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلیش لەخۆدەگرێت.

لە هەمان کاتدا: لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان، ڕوانگەکە چەندین پێشێلکاری تۆمار کردووە، لەوانە هێرشی چەکدارانی هۆزەکان بۆ سەر گوندەکانی کەفر ئەللحیف و ئوم ئەلزەیتون، لەگەڵ تاڵانکردنی ماڵی هاووڵاتییان. لەلایەکی دیکەوە، ناسنامەی سەربازیی وەزارەتی بەرگری لە گیرفانی هەندێک لە هێرشبەراندا دۆزراوەتەوە، ئەمەش گومانی لەسەر ناسنامە و پاڵپشتیی ئەو گرووپانە دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە: بزووتنەوەی "ڕیجال ئەلکەرامە" ڕایگەیاند، "گرووپە تیرۆریستییە پاڵپشتیکراوەکانی حکومەت" بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر گوند و شارەکانی سوەیدا و هەموو ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکەن.

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: لەسەر ئاستی سیاسیش، دۆخەکە ئاڵۆزە. سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرع، لە وتارێکیدا ئۆباڵی دەستپێکردنی تووندوتیژییەکانی خستە ئەستۆی "گرووپە چەکدارەکانی ناو سوەیدا" و ئیسرائیلیشی بە "دەستێوەردان" تۆمەتبار کرد.

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: لە بەرامبەردا، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، وتارەکەی شەرعی بە "پشتیوانیکردن لە جیهادییەکان دژی کەمینەی درووزی" ناوبرد و وتی، "لەم سووریایەدا، زۆر مەترسیدارە ئەندام بیت لە کەمینەیەک."

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم ناکۆکییە سیاسی و سەربازییە لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕایگەیاند، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا  بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، بە پشتیوانی ئەمریکا لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: