دیمەنی دەرەوەی مۆڵە سووتاوکەی شاری کوت
ئاڤا نیوز
عێراق (بەدەر لە هەرێمی کوردستان) لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 55 هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی تۆمارکردووە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس، جگە لە زیانە ماددییە گەورەکان. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق زۆربەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان بەوە کۆتایی دێن کە "ئاگرکەوتنەوەکان وەک قەزا و قەدەر هەژمار دەکرێن."
زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی شەفەق نیوز کەوتووە، عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) 32 هەزار و 477 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی لە ساڵی 2022، هەروەها 21 هەزار و 24 ڕووداوی لە ساڵی 2023 و دوو هەزار و 300 ڕووداویشی لە ساڵی 2024دا تۆمارکردووە. ئەم ژمارانەش داکشانێکی ساڵانەی بەرچاو لە ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکاندا نیشان دەدەن.
دیارترین ئاگرکەوتنەوە کارەساتبارەکان
یەکێک لە دیارترین ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە زۆرترین زیانی گیانیی لێکەوتەوە، ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بوو لە بەغدای پایتەخت لە ساڵی 2021 کە ژمارەی قوربانییەکان لە نێوان 82 بۆ 92 کەس بوو و زیاتر لە 110 کەسیش بریندار بوون. هۆکاری ئاگرەکە تەقینەوەی بوتڵێکی ئۆکسجین بوو لە یەکەی چاودێریی چڕی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا.
هەر لە بەشی کەرەنتینی تووشبووانی کۆرۆنادا، لە ساڵی 2021 ئاگرێک لە نەخۆشخانەی حوسێنی لە شاری ناسرییە، ناوەندی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق کەوتەوە، ئاگرەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 60 بۆ 92 کەس، جگە لە ژمارەیەکی زۆری بریندار. هۆکارەکەشی کێبڵی کارەبایی خراپبوو بوو کە بەهۆی بوتڵی ئۆکسجینەوە کاریگەریی لەسەر دروست ببوو.
هەروەها ئاگرکەوتنەوەی هۆڵی ئاهەنگگێڕان لە قەرەقۆش لە قەزای حەمدانیە لە شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەوا، لە ساڵی 2023 تۆمارکرا کە زیاتر لە 100 قوربانی و سەدان برینداری لێکەوتەوە، هۆکارەکەشی بەکارهێنانی یاریی ئاگرین بوو لەناو هۆڵەکەدا و گڕگرتنی پانێڵی (ساندویچ پانێڵ) کە کەرەستەیەکی ئاسان-گڕگرتووە.
هەر لە موسڵ، ئاگرکەوتنەوەی کارگەی کبریت (مەشراق) لە قەزای گەیارە لە باشووری شارەکە لە ساڵی 2023 ڕوویدا. سووتانی کارگەکە نزیکەی سێ هەفتەی خایاند و بووە هۆی گەورەترین دەرچوونی گازی دووەم ئۆکسیدی گۆگرد (SO₂) بەهۆی مرۆڤەوە کە ڕۆژانە نزیکەی 21 هەزار تۆن بوو.
یەکێک لە دیارترین ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی 2025، ئاگرکەوتنەوەی (هایپەر مارکێت)ێک بوو لە شاری کوت، ناوەندی پارێزگای واست، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو. ئاگرەکە لەم مۆڵە نوێیەدا کە لە پێنج نهۆم پێکهاتبوو، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 69 تا 77 کەس، 11 کەسی تا ئێستاش بێسەروشوێنن و زیاتر لە 43 کەسیش بریندار بوون.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری ئاگرەکە تەقینەوەی یەکەیەکی فێنککەرەوە بووە لە بەشی "کۆزماتیک و عەتر" و بەهۆی کەرەستەی بیناسازیی ئاسان-گڕگرتوو و نەبوونی دەرچەی فریاکەوتنەوە، ئاگرەکە زیاتر تەشەنەی سەندووە.
هۆکار و ئاستەنگەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکانی بەرگریی شارستانی، هۆکارە سەرەکییەکانی ئاگرکەوتنەوە بەگشتی دەگەڕێنەوە بۆ شۆرتی کارەبا، بەکارهێنانی یاریی ئاگرین لە بۆنەکاندا، یان بەکارهێنانی کەرەستەی ئاسان-گڕگرتوو لە کاتی دروستکردنی باڵەخانەکاندا بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە، جگە لە ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست بەهۆی کێشەی عەشایەرییەوە.
هەروەها نەبوونی پێوەرەکانی سەلامەتی وەک ئاگادارکەرەوە و دەرچەی فریاکەوتن لە زۆرێک لە پڕۆژەکاندا بەدی دەکرێت، لەگەڵ کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەرانی بەرپرس لە سەلامەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پێدانی مۆڵەتدا لە بەرامبەر سوودی ماددیدا.
ڕاسپاردەکانی بەرگریی شارستانی و ڕێکارەکانی سەلامەتی
بۆ کەمکردنەوەی ئاگرکەوتنەوە کارەساتبارەکان، بەرگریی شارستانی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕاسپاردەی دەرکردووە، لەوانە: قەدەغەکردنی بەکارهێنانی "ساندویچ پانێڵ"ی ئاسان-گڕگرتوو، ناچارکردنی خاوەن باڵەخانەکان بە دابینکردنی دەرچەی فریاکەوتن، سیستمی ئاگادارکەرەوەی بەهێز، سیستمی ئاوپژێنی ئۆتۆماتیکی، ئەنجامدانی ڕاهێنان و هۆشیاریی خولی.
یەکێکی دیکە لە ڕاسپاردەکانی بەرگریی شارستانی، تووندکردنی لێپرسینەوەی یاساییە لەو دەستە و دەسەڵاتە خۆجێییانەی کە مۆڵەتی بیناسازی یان کارپێکردن دەدەن سەرەڕای بوونی سەرپێچیی ڕوون.
کەمتەرخەمی لە مەرجەکانی سەلامەتیدا
لەم بارەیەوە، نەواس سەباح، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانی، دەڵێت کە بەرگریی شارستانی بەدواداچوون بۆ مەرجەکانی سەلامەتی لە هەموو پڕۆژەکاندا لەرێگەی دوو پشکنینی ساڵانەوە دەکات.
بە گوتەی سەباح، پشکنینی یەکەم بۆ تۆمارکردنی تێبینییەکانی سەلامەتییە، لە پشکنینی دووەمدا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو تێبینییانە دەکرێت، جا چ لە مۆڵەکان، بازاڕەکان یان باڵەخانە بازرگانییەکاندا بێت.
دەربارەی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە، سەباح ڕوونی دەکاتەوە کە زۆربەی کات بەهۆی کەمتەرخەمییە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و داواکارییەکانی بەرگریی شارستانی، هەروەها بەهۆی شۆرتی کارەباوەیە کە لە ئەنجامی ناجێگیریی تەزووی کارەبا و فرەیی سەرچاوەکانییەوە ڕوودەدات.
ئەم هۆکارانە هەمان ئەو هۆکارانەن کە عەمید عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، باسیان دەکات و هۆکاری ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردووی گەڕاندەوە بۆ "شۆرتی کارەبا یان کێشەی دیکە، لە کاتێکدا هیچ ئاگرکەوتنەوەیەک تۆمار نەکراوە کە ئاماژەی کاری تاوانکاری یان کردەوەی بەئەنقەستی تێدابێت."
بە گوتەی بەهادلی بۆ هەموو ئاگرکەوتنەوەکان لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێت، وەک ئەوەی بۆ ئاگرەکەی کوت کرا، لیژنەکان تا ئەمڕۆش لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکەدا، چ حکومەتی خۆجێی و چ تیمەکانی بەرگریی شارستانی، لە کارکردن بەردەوامن.
زۆربەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە "قەزا و قەدەر" کۆتایی دێت!
لەلایەن خۆیەوە، عەلی نیعمە بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، زۆربەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ "کەمی لە پێداویستییەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەکان، مۆڵەکان و سەنتەرە بازرگانییە گشتییەکاندا، هەروەها کەمی لە ئامێر و کەلوپەلەکانی بەرگریی شارستانیدا."
بە گوتەی بەنداوی "ئەوەی لە کوت ڕوویدا، بەڵگەی کەمتەرخەمیی دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانە لەم بوارەدا، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی، پارێزگاکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، سەردانی مەیدانی بۆ شوێنە گشتییەکان و بەتایبەت شوێنە بازرگانییەکان بکەن و هەر باڵەخانەیەکی سەرپێچیکار دابخەن تا ئەو کاتەی پێداویستییەکانی سەلامەتی تەواو دەکات."
بەنداوی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی کەمتەرخەمی، یان خراپیی کوالێتیی ئەو کەرەستانەیە کە بەکارهێنراون، بەتایبەت (ساندویچ پانێڵ) کە ماددەی خێرا-گڕگرتووی تێدایە، بۆیە پێویستە بەکارهێنانی لە هەموو باڵەخانەکاندا قەدەغە بکرێت و کەرەستەی گڕنەگرتوو بەکاربهێنرێت و دەرچەی فریاکەوتن بۆ هەموو باڵەخانەیەک دابنرێت بۆ دووبارەنەبوونەوەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە."
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش ئەوەشی ئاشکرا کرد کە "زۆربەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان بەوە کۆتایی دێن کە ئاگرکەوتنەوەکان وەک 'قەزا و قەدەر' هەژمار دەکرێن."
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 2 خولەک لەمەوپێش
ئێران: ئاسمانمان پارێزراوە
- هەواڵ
- 22 خولەک لەمەوپێش
هەڵوەشاندنەوەی "مەرەکەبی دەنگدان" ناڕەزایەتی لێ دەکەوێتەوە
- عێراق
- 37 خولەک لەمەوپێش
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی مۆڵەکەی کوت و ژمارەیەک بەرپرس دەرکرا
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
عادل هەورامی لە ڕێگەی ئاڤاوە نوێترین بەرهەمی بڵاو دەکاتەوە
5 کاتژمێر لەمەوپێش
پەتاتەی هەولێر هەناردەی ئەفریقا دەکرێت
5 کاتژمێر لەمەوپێش
ئامێری پشکنینی MRI دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی پیاوێکی ئەمریکی
8 کاتژمێر لەمەوپێش
چین کار لەسەر دروستکردنی "سەربازی سەروو ئاسایی" دەکات
23 کاتژمێر لەمەوپێش
لە سلێمانی دوای شەش ساڵ سەری قوتوویەکی دەرمان لە گەدەی نەخۆشێک دەردەهێنرێت
19 تەممووز
- ڕاپۆرت
- 12 کاتژمێر لەمەوپێش
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت بۆ کۆتاییهێنان بە گرفتی کەمئاوی
- ڕاپۆرت
- 12 کاتژمێر لەمەوپێش
پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم گرفتی کەمئاوی بۆ چەندین ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات
- ڕاپۆرت
- 23 کاتژمێر لەمەوپێش
حکومەتی خۆجێیی غەززە ئاماری زیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بڵاودەکاتەوە