تێکدانی جوانی سلێمانی ئیدانە دەکرێت

تێکدانی جوانی سلێمانی ئیدانە دەکرێت

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو جوانی سلێمانی جارێکی دیکە‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به‌ یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان تێکدرایەوە و ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی سلێمانی و كوردستان ئیدانه‌ كرا.


‎ئه‌و بارودۆخه‌ كه‌شێكی نه‌خوازراوی ترس و تۆقاندنی له‌ناو خه‌ڵكی شاره‌كه‌ دروستكرد به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی سه‌رچنار و به‌ختیاری و نزیک هۆتێل لاله‌زار و به‌شێكی زۆریش له‌ ماڵه‌كان زه‌ره‌ر و زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.


‎به‌داخه‌وه‌ ئه‌و جوڵه‌ نابه‌رپرسیارانه‌یه‌ بویه‌ هۆی شه‌هیدبوونی سێ گه‌نج له‌ هێزه‌كانی ئاسایش و كۆماندۆ و برینداربوونی ده‌یانی دیکە له‌ هه‌ردوولا كه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ زوو كۆنترۆڵ نه‌كرایه‌ خودا ده‌زانێ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆیشت بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ هێزی سه‌ربازی له‌ ململانێی سیاسی به‌ دووربگیرێت.


‎ده‌نگی ته‌قه‌ و به‌كارهێنانی چه‌كی قورس و ته‌نانه‌ت راكێشانی تانک و زرێپۆش بۆناو ئه‌و گه‌ڕه‌ک و شوێنی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیانی ئاماژه‌ی نه‌بونی هه‌ستی به‌رپرسیارێتییه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌.


‎وه‌ک له‌ رووماڵی په‌یامنێرانه‌وه‌ بینرا خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ته‌واوی به‌و دیمه‌نانه ‌و به‌ودۆخه‌ شۆک بوون چونكه‌ هه‌رگیز چاوه‌ڕێیان نه‌ده‌كرد گوله‌ی دۆشكه‌ و هاوه‌ن و ته‌نانه‌ت زرێپۆش جارێكی تر له‌ شه‌قامه‌كانی شار و له‌ناو كۆڵان و به‌رده‌م ماڵی هاوڵاتیان ببینن.


‎ئه‌وه‌ی روویدا پێشێلكارییه‌كی روونی یاسا و دروستكردنی ترس و بیم بوو له‌ناو دڵی هاووڵاتییان به هه‌موو چین توێژه‌كانه‌وه‌ و وه‌ک هاووڵاتییه‌كی سلێمانی وتی "خه‌ریک بوو سلێمانی بكه‌نه‌ غه‌زه‌" 


‎سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ی كرد‌ و به‌ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی سیاسی ناوی بردووه‌.‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت وتی: هێرشی دوێنێ شه‌وی سه‌ر لاله‌زار له‌لایه‌ن هێزه‌كانی یەکێتی ئه‌نجام دراوه‌ و كێشه‌یه‌كی نێوان یەکێتی و به‌ره‌ی گەل بوه‌ و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم ئاگادار نه‌بووه‌ تا دوا ساته‌كانی گه‌مارۆدان و په‌لاماردان.


‎ئه‌م راگه‌یه‌نراوه‌ ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كاربه‌ده‌ستانی یه‌كێتی نیشتیمانی به‌ شێوه‌یه‌كی تاک لایه‌نه‌ و حزبی ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ و هه‌موو ئه‌و پشێوییه ‌و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م په‌لاماره‌ سه‌ربازییه‌ له‌سه‌رشانی ئه‌وانه‌.

 

‎به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی حزبی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی سیاسی نێوان به‌ره‌ی گه‌ل و یه‌كێتی نیشتیمانی پێشینه‌یه‌كی خراپه‌ و ئیستیغلالكردنێكی رونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی و دادوه‌ری و سه‌ربازیه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبیی ئه‌مه‌ش قبوڵكراو نیه‌.


‎ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌ک ته‌نها له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت به‌ڵكو له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كانی سلێمانی ره‌تكرایه‌وه‌ و ئیدانه‌ كرا. 


‎چالاكوانان و رۆشنبیرانی سلێمانی به‌ چه‌ندین نووسین و پۆست له‌ سۆشیالمیدیا ئیدانه‌ی ئه‌و به‌كارهێنانه‌ زیاده‌ڕه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازیان كرد له‌شاره‌كه‌دا كه‌ ئه‌گه‌ر ره‌حمی  خودا نه‌بوایه‌ ئه‌گه‌ری زیانی گه‌وره‌تر و درێژه‌ كێشانی ده‌بوو.


‎له‌م جوڵه‌ نابه‌رپرسیارانه‌دا ئه‌وه‌ی جێی مه‌ترسیه‌ دروستبوونی فیتنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نی ده‌ره‌كییه‌ و زیاتر خۆشكردنی ئاگری دووبه‌ره‌كی ناوخۆییه‌ به‌ ئامانجی زیندووكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆیی.


‎سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌وڵی زۆری داوه‌ شه‌ڕ روونه‌دات به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ هێرشه‌كه‌ ئه‌نجام درا و كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه‌ 


‎هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا جەخت له‌ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی یاسایی ده‌كاته‌وه له‌بری بڕیاری حزبی و شه‌خسی.
‎ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوی به‌و ڕووداوانه‌ نیگه‌رانه‌ و قبوڵی پێشێلكردنی یاسا ناكات له‌ لێكه‌وته‌كانی ئه‌و رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌


‎ ئێستاش سلێمانی پێویستی به‌ ئارام بوونه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه‌. خه‌ڵكی خۆڕاگری سلێمانی شایانی ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ نه‌بوون. ئایا به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌پاش ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ ده‌كه‌ن و دڵخۆشیان ده‌كه‌ن؟ ده‌بێ چاوه‌ڕێ بین بزانین به‌رپرسانی شار چۆن لێكه‌وته‌كانی ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ له‌شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ ده‌سڕنه‌وه‌.


هەروەها ئەم رووداوانە دووبارە زەروورەتی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بوونی یەک حکومەت و یەک هێزی لەسەرتاسەری کوردستاندا دوپات کردەوە

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: