كەوتنی بەشار ئەسەد و ئومێدێك بۆ ئاگربەست لە غەززە

كەوتنی بەشار ئەسەد و ئومێدێك بۆ ئاگربەست لە غەززە

چاوەڕێ دەكرێت یەكێك لە دەرهاویشتەكانی كەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا دروستبوونی ئاشتی و ئاگربەست بێت لە كەرتی غەززەی فەڵەستین، دوای زیاتر لە ساڵێك لە جەنگ و كوشتار لەدوای ڕووداوەكەی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023.

 

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و میسر و قەتەر هەوڵەكانیان بەم ئاراستەیە خستووەتەگەڕ و ئێستا لە هەموو كاتێک زیاتر ئومێدی وەستانی كارەساتی مرۆیی غەززە لەئارادایە.  

کەوتنی بەشار ئەسەد لە سووریا  بەتەواوی بەرەی ئێران و هاوپەیمانەکانی لاواز کرد، بەم پێیەش وەک چاودێران دەڵێن ئێران ناتوانێ وەک جاران کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەبێت، گرووپە چەکدارەکان لە دژی ئیسرائیل بجووڵێنێت و هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل دروست بكات.

 

لەلایەکی تر کەوتنی بەشار ئەسەد، دەرەنجامی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندی هێڵی سوننەکان و بەرژەوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو لە دیمەشق، هەر ئەمەش بووە هۆی كۆتایی ڕژێمی ئەسەد كە بەشێكی سەرەكی بوو لە بەرەی مقاوەمە.

 

بۆ ناوخۆی سووریا کەوتنی بەشار ئەسەد لەناوچوونی دیکتاتۆرێک و سەرکەوتنی شۆڕشێک بوو، بۆ سوننەکانیش ڕاوەستان و کۆتایی  پەلکێشانی ئێران و كۆتایی  پلانی دروستكردنی هیلالی شیعی بوو كە هەر تەنها پەردە لەسەر لادانی مابوو.

 

ئەمەش بۆ ئیسرائیل بەتایبەتی و بۆ ئەمریکاش دەستکەوتێکی گەورە بوو تا چیتر ئێران نەتوانێت لەو ڕێگەیەوە ئەجێندای خۆی بەسەر ناوچەکەدا فەرز بکات.

نزیكبوونەوەی سوننە و ئەمەریكا و كاریگەری لەسەر غەززە

ئێستا وەستانەوە بەرامبەر هەیمەنەی ئێران بووەتە خاڵی هاوبەش و نزیکبوونەوەی لەنێوان ئەمەریکا و بەشێكی كاریگەر لە گرووپە سوننەکان دروست کردووە، بەو پێیە کە حەماسیش هێزێکی سوننەیە، بۆیە دەکرێ ئەو نزیکبوونەوەیە  وا بکات حەماسیش بیەوێت لە هاوکێشە نوێکەدا دەستکەوتێکی هەبێت کە لانی کەم ڕاگرتنی ئەو کوشتارە بێت كە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوەوە ئیسرائیل لە غەززە دروستی کردووە.

 

ئێستا چاوی ئەمەریکا لەسەر ئەوەیە چۆن بتوانێت لەم دۆخەدا  ئاگربەست لە غەززە بەرپا بکات، تاکە مەرجی ئیسرائیلیش بۆ ئەمە ڕادەستکردنەوەی بارمتەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرە  لەلایەن حەماسەوە بە تەلئەبیب. 


ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی غەززە ئەمەش بۆ زیاتر فشاردروستکردن لەسەر حەماس تا بە مەرجی ڕادەستکردنەوەی بارمتەکان ڕازی بێت، ئیدارەی جۆ بایدنیش كە چەند ڕۆژێكی ماوە بۆ ڕادەستكردنی دەسەڵات بە ئیدارەی نوێ،  دەیەوێت لەلایەک نەتانیاهۆ ڕازی بکات بە ڕاگرتنی بۆردوومانەکان لەلاکەی تریش حەماس قایل بکات بە گەڕاندنەوەی بارمتەکان.

 

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هەوڵەكانیان دەڵێت: ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە چەسپاندنی ئاگربەست لە غەززە نزیکین. جۆبایدن نایەوێت دەستكەوتی ئاگربەست لە غەززە بۆ ئیدارەی نوێ جێبهێڵێت و دەیەوێت خۆی ئەوە بكات، هەرچەندە كاتیش درەنگ بێت.

ئەوەی وادەكات ئاگربەستەكە دروست بێت ئەوەیە، چ لە ناوخۆی ئیسرائیل و چ دۆخی مرۆیی غەززە پاڵنەرن بۆ قایلبوونی هەردوولا، خێزانی بارمتەكان و بەشێكی گەورە لە شەقامی ئیسرائیل داوا لە نەتانیاهۆ دەكەن بە ئاگربەست قایل بێت و ئەو مەرجانەی حەماس هەیەتی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەكان قبوڵی بكات، لە ناوخۆی غەززەش دۆخەكە چیتر قابیلی قبووڵكردن نییە و بەتەواوی غەززە وێران بووە و برسێتی تەنگی بە خەڵكەكە هەڵچنیوە.

بەربەستەکانی بەردەم هەوڵەكان

 

ئەوەی بەربەستە لەبەردەم ئەم ئومێدەی ئاگربەست ئەوەیە، بنیامین نەتانیاهۆ دەیەوێت دەستكەوتی زیاتر لە جەنگەكەی بدوورێتەوە، ئەو زیاتر چاوی لە لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماسە نەك گەڕانەوەی بارمتەكان، ئەو دەیەوێت هەردوو ئەم دەستكەوتە بەدەست بهێنێت.

 

ئەگەر حەماس لەم قۆناغەدا و بەر لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ بتوانێت  لەگەڵ ئیسرائیل بگاتە ڕێککەوتن، ئەوا دۆخی غەززەش ئاسایی دەبێتەوە، هەر بۆیە هەڕەشەكانی بۆ بەكارهێنانی بارمتەكان لە دژی نەتانیاهۆ زیاتر كردووە و پێدەچێت حەماس مانەوەی خۆی و بارمتەكانی كردبێتە یەك دۆسیە.

 

بەڵام ئەوەی بۆ حەماس خراپە ئەوەیە، ئەگەر ئەم دەرفەتەش لەدەست بچێت ئەوا بە هاتنی ئیدارەی ترەمپ فشارەکان بۆ ئاگربەست لەسەر حەماس زیاتر دەبن و مەرجەكان قورستر، لەوانەیە بۆردوومان لەسەر غەززە چڕتر بێتەوە، بەو پێیەی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی ئەوتۆی لەسەر نەماوە و ئیدارەی نوێش بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ سڵ لە هیچ فشارێك ناكاتەوە بۆ ڕازیكردنی نەتانیاهۆ و ناچاركردنی بزووتنەوەی حەماس بە ئاگربەست.

 

چاودێران پێیان وایە باشترە بۆ غەززە و بۆ حەماس لەم قۆناغەدا ئاگربەست قبوڵ بكەن، چونكە لە قۆناغی داهاتودا ئەگەر مەرجەكان قورستر نەبن سوكتر نابن، باشتریشە بۆ نەتەنیاهۆ بە رێككەوتنی گەڕاندنەوەی بارمتەكان قایل بێت چونكە حەماس بەو ئاسانیە خۆی بەدەستەوە نادات و ئەم دەرفەتە لە دەستبچێت لەوانەیە چارەنوسی بارمتەكان بكەوێتە مەترسیەوە ئەمەش بۆ نەتەنیاهۆ واتە دۆڕاندنی هەڵبژاردنی داهاتو.

 

ئایا سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بنایمین نەتانیاهۆ دێتە پای ئاگربەست، یاخود چاوەڕێی هاوتا نوێیەكەی دەكات بگاتە كۆشكی سپی و دەستكەوتی زیاتر لە دانوستانەكان كۆبكاتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە لەناوبردنی حەماس؟ ئەوەی ئومێدی هەمووانە ئاگربەست و ئاشتییە لە غەززە و گەڕانەوەی بارمتەكانە بۆ ناو خێزانەكانیان. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: