
لە سایەی ئاسمانێکی هەوریندا ئاپۆڕایەک بۆ دواماڵئاوایی لە هەڤاڵ و هاوسەنگەرێکیان بە ماتەمینی ڕاوەستاون، فەرماندە (حسۆ کانیەلنجی) لە ڕۆژانی بێدەنگیدا زایەڵەی زەنگی تێکۆشان و بەرخۆدان بوو.
لە سەردەمی خیانەتدا دەستی هاوکاری و باوەشی دڵنیایی بوو، تێکۆشەرێک کە ژیانی خۆی بۆ هێنانەدیی خەونی ئازادیی تەرخانکردبوو، ئاسوودەیی و خۆشبەختیی خۆی لە پێناوی کەرامەتی گەلەکەیدا کردە قوربانی. ئاڵای کوردستان کە هەمیشە ئاڵای خەبات و قوربانیدان بووە، وا ئێستا بەسەر کەژاوەی مەرگی ئەو قارەمانەوە دەشەکێتەوە. ئەمڕۆ لێرەدا جەستەی پاک و شەکەتی ئەو هەڤاڵەی سەرۆک بارزانی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان دەسپێردرێت.
لە دیمەنێکی پڕ لە هەست و سۆزی مرۆییدا زۆربەمان بینیمان سەرۆک بارزانی بە کوڵ لە ناخەوە فرمێسکی بۆ دەڕشت. ئەو فرمێسکی دڵسۆزی و وەفایە، بەربەستەکانی ڕووکەشیی بڕی و بەبێ دەنگی و بەتاسەوە گەیشت بە قوڵایی دڵەکان.
ئەو دیمەنە دەربڕی خەم و پەژارەی سەرۆک بوو کە بەشێک لە یادەوەرییەکانی خەبات و هاوبەشێکی سەنگەر و گەشتی درێژخایەنی خەباتی لەدەستدابوو، ئەو فرمێسک و هەنسکانە دیوە ڕاستەقینە و نەبینراوەکەی کەسێتیی سەرۆک بوون کە هەڤاڵێکی ئەوتۆی لەدەستدا بوو کە لە تاڵترین بارودۆخدا پشتوپەنای بووە.
من کە دیمەنی ساتەوەختی ئەو گریانەی سەرۆکم دی ، هەستم بە تین و تاوی ئاگری ئەو ئازارە کرد کە ناخی سەرۆکی هێنابووە جۆش، ئازاری لەدەستدان و ئازاری یادەوەریی تال و شیرین کە بۆ تا هەتا لە ویژداندا بە زیندووی دەمێننەوە.
من لەو دیمەنەدا واتا باڵاکانی بەهای بەرزی ڕێز و وەفام بینی، دڵسۆزیی بۆ یادی ئەو مرۆڤانەم بینی کە گیان و ژیان وموڵک و ماڵیان لە پێناو نیشتماندا بەخت کرد. ئەو فرمێسک و هەنسکە خۆڕسکانەی سەرۆک وانەیەک بوون لە کوردایەتیدا و ئەوەیان بەیاد هێناینەوە کە سەرکردەیش هەرچەندە گەورە و مەزنیش بێت، مرۆڤێکی خاکییە و خاوەنی هەست و ئازاری مرۆییە.
لەنێو ئاپۆڕای ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی پێشمەرگە و فەرماندەیەکی دێریندا، سەرۆک لەهەوڵی کپ و بێدەنگکردنی دڵتەنگییەکەی خۆی بوو، کەچی لە بەرامبەر تین و تاوی خەمی لەدەسدان و دوا دیداری هاوڕێیەکی تەمەندا، شکستی هێنا، شکستێک کە بووە مایەی شکاندنی ڕیکۆردێکی تری خاکەڕایی و مەزنایەتیی سەرۆک، شکستێک کە بڕوای پێ هێنام: خەبات وتێکۆشانی ڕاستەقینە ئاوێتەبوونی ڕۆحەکانە و لەدەستدانی هەڤاڵ وهاوڕێیەکی تەمەنیش زامێکی سەخت و قووڵی سارێژ نەبووە، تا هەتا لە دڵدا دەمێنێتەوە، هاوکات پاڵنەر و هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ بەردەوامی و کۆڵنەدان.
فرمێسکە بە کوڵەکانی جەنابی سەرۆک پێمان دەڵێن: کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرین و خەباتکارێکی ماندوو، کۆتایی کاروان نییە. بەڵکو سەرەتای گەشتێکی درێژخایەنی ڕۆحی کوردایەتییە و تا کورد دەگەیەنێت بە گشت ئاواتەکانی بەردەوامیی پێدەدەدرێت.
فرمێسک و هەنسکی سەرۆک بە بێدەنگی پێی وتین: مێژووی خەباتی تێکۆشەرانی دێرین میراتێکە و لە هەموو بەرەیەکی خەباتی ئێستا و ئایندەماندا ڕێ نیشاندەرمانە و لە دوو توێی هەموو دەنگ و هاوارێکی ئازادیخوازانیشدا دەیبیستینەوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئەگەر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی لێی بدرێت بازرگان و خەڵکی مەدەنی چی بکەن؟
27 نیسان
چەند دێڕێک بۆ یادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ
23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !
23 نیسان
چەخماخەیەک لە قاهیرەوە .. 127 ساڵ خەباتی بێوچانی وشەی کوردی
22 نیسان
سێ ڕێڕەوی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
19 نیسان
ژینگە و ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی
16 نیسان
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی
16 نیسان
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
14 نیسان
ئەوان هەموویان لێرە بوون؛ ئەنفال هات و ڕایپێچان و نەگەڕانەوە
13 نیسان
سەرکردەکانی کورد دەبێ چ وانەیەک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرن؟
13 نیسان
- بیروڕا
- 23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !