
وەزیرە گەنجەکەی سووریا، ئەسعەد شەیبانى، کە وەزیری دەرەوەی حکومەتە ڕاگوزرەکەی ئەو وڵاتەیە لە کۆڕبەندى ئابووریی داڤۆس سەردانى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى کرد لە ماڵى کوردستان و دیدارێکى گرنگیان هەبوو.
ئەمە یەکەم دیدارى نێوان ئیدارەى نوێی سووریایە لەگەڵ هەرێمى کوردستان، شەیبانى زۆر بەلایەوە گرنگ بوو کە چاوى بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى بکەوێت.
وەزیرى دەرەوەى سووریا پەیامى سەرۆکى بەڕێوبەرایەتیى نوێی سووریا ئەحمەد شەرعى گەیاندە سەرۆکوەزیرانى کوردستان و گفتوگۆیەکى چڕوپڕی سەبارەت بە داهاتووى سووریا و پێگەى کورد لە سووریا لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانى کرد. داواشى لە سەرۆکوەزیران بارزانى کرد سەردانى سووریا بکات و پێى ڕاگەیاند، کە "پێمان خۆشە لە دیمەشق بتبینین و بەم نزیکانە داوەتنامەى فەرمىی ئەحمەد شەرعتان پێدەگات". سەرۆکوەزیران بە خۆشحاڵییەوە داواکەى قبووڵ کرد و پێى ڕاگەیاند "ئەوەى بە لاى منەوە گرنگە پێگەى کوردە لە سووریاى نوێدا".
سەرۆکوەزیران هەر لەو دیدارەدا پەیامى خۆى سەبارەت بە کورد لە سووریاى نوێدا لە ڕێى وەزیرى دەرەوە بۆ ئەحمەد شەرع نارد و پێى ڕاگەیاند: "تەئکید لەوە دەکەمەوە کە زۆر پێویستە مافى کورد لە سووریاى نوێدا پارێزراو بێت". وەزیرى دەرەوەى سووریاش دڵنیایى دایە سەرۆکوەزیران و پێى گوت؛ "کورد خوشک و برا ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان، دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت".
ئێستا چاوەڕوان دەکرێ لە هەلومەرجى گونجاودا سەرۆکوەزیران بارزانى سەردانى فەرمى دیمەشق بکات. بێگومان ئەم سەردانە ڕۆڵێکى گرنگى دەبێت لە گرێدانى پەیوەندییەکى پتەو لەنێوان هەرێمى کوردستان و سووریاى نوێ، هەروەک پرسى کورد لە سووریاى نوێ تەوەرى سەرەکى سەردانەکە دەبێت. گرێدانى ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سووریاى نوێ یەکێک لە سەدان ئەو دیدار و کۆبوونەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسیانەى شاندى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى بوو کە ئەمساڵ لە کۆڕبەندى داڤۆس لەگەڵ وڵاتانى بەشداربوو لە ماڵی کوردستان کردیان.
سەردانى مەسرور بارزانى بۆ دیمەشق گرنگییەکەى لەوەدایە، کە نەک تەنها بۆ هەرێمى کوردستان گرنگە و سەرەتاى پەیوەندییەکى دیپلۆماسی باشە لەگەڵ دراوسێیەکى نوێ، بەڵکو بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش گرنگی تایبەتى خۆی هەیە، کە لەم کاتەدا پێویستییان بە ئەوپەڕى پشتیوانیى دیپلۆماسى هەیە و هەرێمى کوردستانیش ئەمەیان بۆ دەکات. پێشتریش مەزڵووم عەبدى، سەرۆکى هێزەکانى سووریاى دیموکرات سەردانى هەولێرى کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانى کۆبووەوە.
پێگەى هەولێر و هەرێمى کوردستان لە ناوچەکەدا ئەمساڵ بە تەواوى لە کۆڕبەندى داڤۆس درەوشاوە بوو، داخوازیى دەسەڵاتى نوێی سووریاش بۆ سەرۆکوەزیران بۆ سەردانى دیمەشق ئاماژەى ئەو پێگە دیپلۆماسییە گرنگەى هەرێمى کوردستان و سەرۆکوزیرانى کوردستانە. جەختکردنەوەى وەزیرى دەرەوەى سووریا لە بینینى سەرۆکوەزیران بارزانى بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە سەرۆکوەزیران بارزانى دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ و ستراتیژى لە داهاتووى سووریا ببینێت. هەروەها ئەزموونى گواستنەوەى هەرێمى کوردستان لەناو عێراقێکی دیکتاتۆریەتەوە بۆ دیموکراسى و پێکەوەژیان لە سەردەستى کەسایەتیی سیاسیى هەرێم و بە ڕێبەرایەتیى سەرۆک بارزانى، بۆ سووریاییەکان جێى بایەخە و دەیانەوێ سوودى لێ ببینن.
هەروەک ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هەموو لایەنەکانیانەوە دەتوانن سوود لە ئەزموونى دیموکراسى و ئاشتىخوازانەى هەرێمى کوردستان ببینن بۆ چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکانى ناوەوە و دەرەوەى سووریا و کێشەکانیشیان لەگەڵ تورکیا.
مەسرور بارزانى بە نوێنەرایەتى ئەم دید و قوتابخانە دیپلۆماسییە کوردییە ئاشتیخوازە ماف سەنتەرە، سەردانى دیمەشق دەکات و سەردانەکەشى سەرەتایەکى گرنگ دەبەخشێتە پەیوەندییەکانى نێوان ئیدارەى نوێی سووریا و پارتە کوردییەکان، کە چۆن بتوانن ڕێز لە پێگەو مافى یەکتر بگرن و هێز و توانایان بۆ دروستکردنى سووریایەکى نوێی دیموکرات و هەمەڕەنگ بەگەڕ بخەن.
بێگومان بە سەردانى سەرکردەیەکى باوەڕپێکراوى کورد بۆ دیمەشق ئەو ڕاستییە بە تەواوى بۆ دەسەڵاتدارانى نوێی سووریا دەچەسپێت، کە کورد ژمارەیەکى حساب بۆکراوى گرنگە لە ناوچەکەدا و دەبێت ماف و دەستکەوتەکانیان پارێزراو بێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
هۆکارەکانی پێکهێنانی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی
13 ئازار
ڕۆڵی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و سنووری ماددەی 140
13 ئازار
کورد لە نێوان 11ـی ئادار و 10ـی ئادار
11 ئازار
چۆن مامهڵه لهگهڵ پرۆژهكانی حكومهت بكرێت؟
10 ئازار
بۆ دەبێت ڕاپەرین لەیاد نەکەین؟
9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟
9 ئازار
ڕاپەڕین وەک پرۆژەیەک بۆ داهاتوو
5 ئازار
داستانی قارەمانێتیی مرۆڤی کورد
4 ئازار
"بزاڤێن عێراقێ بو ئازادیا سیاسی: ڕۆلێ کوردان و باندوورێن ئیرانێ"
2 ئازار
سیاسەتی دەرەکیی سنووردار
2 ئازار
- بیروڕا
- 9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟