ئۆجەلان داوا لە پەکەکە دەکات چەک دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە

شەیری بکە لە:
ئۆجەلان داوا لە پەکەکە دەکات چەک دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە

ئاڤا نیوز

 

چوارەم قۆناغی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە پەیامە مێژووییەکەی بڵاوکردەوە و داوای کرد، پەکەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە، چونکە بەشێک لەو ئامانجانەی بەدیهێناوە کە خەباتی بۆ دەکرد.

 

وێنە گەورەکە: دوای سێ جار سەردانیکردنیان بۆ ئیمرالی، شاندی ئیمرالی پەیامێکی نوسراوی ئۆجەلانیان خوێندەوە. ئەحمەد تورک بە زمانی کوردی و پەروین بوڵدان بە تورکی پەیامەکەیان پێشکەش کرد.

 

پەیامی فەرمی: عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت، ئەو ئامانجەی پەکەکە بۆی دروست بوو بەشێکی بەدیهات. بەرامبەر ئەو دەستپێشخەریەی دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاند و سەرۆککۆمار پاڵپشتی کرد، بانگەوازی چەکدانان لە پەکەکە دەکەم و ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆ دەگرم. داوا لە پەکەکە دەکەم کۆنگرەی خۆی بکات و هەموو گروپەکان خۆیان هەڵبوەشێننەوە.

 

ئۆجەلان ئەوەش دەڵێت: هۆکاری دروستبوونی پەکەکە بە هۆی نکۆڵیکردن بوون لە ناسنامەی کورد. لە بەرئەوەی ڕێگای دیموکراسی داخرا بوو بۆیە پەکەکە لەلایەن خەڵکەوە پشتگیری بەدەستهێنا. ئەم بانگەوازی دیموکراسییە کەس ناتوانێت خۆی لێ لابدات.


باکگراوند: ئەمە چوارەم قۆناغی ئاشتییە لە تورکیا، ڕۆژی 17ـی ئاداری ساڵی 1993، بۆیەکەمجار پەکەکە ئاگربەستی تاک لایەنەی ڕاگەیاند. ئەو قۆناغە لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا بوو هەنگاوی گرنگی بڕی، دواتر بە مردنی تورگوت ئۆزال ئەو پرۆسەیەش کۆتایی پێهات.

 

قۆناغی دووەم ساڵی 1996 بوو، جارێکی دیکە لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا پرۆسەیەکی دیکەی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستیپێکرد، بەڵام ئەو پرۆسەیەش وەستا و دیسان شەڕ دەستیپێکردەوە.

 

دیارترین پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لە ساڵی 2013 بوو ئەمەش قۆناغی سێیەم بوو، کە تا ساڵی 2015ـی خایاند، یەکەم چاوپێکەتنی شاندی ئیمرالی لەلایەن هەدەپە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدرا. بەڵام ئەو کاتەش سەرکەوتوو نەبوو. 

 

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:

 

بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی

پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا، لە تووندوتیژترین سەدەی مێژوودا دامەزرا. ئەو زەمینەی کە پەکەکەی تێدا دروستکرا زەمینەی دوو شەڕی جیهانی، سۆسیالیزمی واقیعی و سەردەمی شەڕی ساردی جیهانی بوو. لەم زەمینەدا نکۆڵیکردن لە هەبوونی کوردان و قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بەتایبەتی قەدەغەکردنی ئازادی بیروڕا لە ئارادا بوو.
 
لەڕووی تیۆری، بەرنامە، ستراتیژی و تاکتیکەوە، پەکەکە بەتووندی کاریگەر بوو بە سیستمی سۆشیالیزمی واقیعیی سەدەی بیستەم. لەگەڵ ڕووخانی سۆشیالیزمی واقیعی لە نەوەدەکان بە هۆکاری نێوخۆیی و لەگەڵ پاشەکشەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتدا و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ئازادی دەربڕیندا ڕوویاندا، پەکەکە گرنگیی خۆی لەدەستدا و دووچاری دووبارەبوونەوەی زیاتر بوو. لە ئەنجامدا پەکەکە ڕۆڵی خۆی تەواو کرد و هەڵوەشاندنەوەی بووەتە پێویستییەک.

لە مێژووی زیاتر هەزار ساڵەدا، تورک و کورد بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بوونی خۆیان و لە دژی هێزە هەژموونییەکان لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، ئەمە وای کردووە هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانە ببێتە پێویستییەکی بەردەوام بۆ هەردوولا.
 

لە 200 ساڵەی کۆتاییدا، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتییەی کردووەتە ئامانج، هێزە جیاوازەکان کاریگەرییان هەبووە و بەپێی بنەماکانی چینایەتی بەم ئاراستەیەدا ڕۆیشتوون. بە لێکدانەوەی تاکلایەنەی کۆمار، ئەم ڕێڕەوە خێراتر بوو. ئەمڕۆ، دووبارە ڕێکخستنەوەی ئەم پەیوەندییە مێژووییە کە زۆر ناسک و هەستیار بووە، بە ڕۆحی برایەتی، لەگەڵ ڕەچاوکردنی باوەڕەکانیش، پێویستە.

 
پێویستی بوونی "کۆمەڵگەی دیموکراتی" حاشاهەڵنەگرە. پەکەکە، لە مێژووی کۆماری تورکیادا درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی ڕاپەڕین و تووندوتیژییە. لەبەرئەوەی ڕێگای سیاسەتی دیموکراتی داخرابوو، پەکەکە بەهێز بوو و پشتگیری جەماوەری وەرگرت.
 

ئەو ڕێگاچارانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی تووندڕە و بونیادنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یانیش چارەسەری کولتووری، پێداویستی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن و نابنە وەڵام.


 
ڕێزگرتن لە ناسنامە، ئازادی ڕادەربڕین، ڕێکخستنی دیموکراتیک و بونیادنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان بەپێی تایبەتمەندی خۆیان، تەنیا بە بوونی کۆمەڵگە و بواری سیاسی دیموکراتی بەدی دێن.

سەدەی دووەمی کۆمار، تەنیا کاتێک مانەوەی خۆی مسۆگەر دەکات کە ڕێککەوتنی دیموکراسی ببێتە ڕێبازی بنەڕەتیی. پێویستە زمانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیش بەپێی ئەم ڕاستییە پێشبخرێت.


ئەو بانگەوازەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی، ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانییدا، وەڵامدانەوە ئەرێنییەکانی پارتەکانی دیکە، ئەم پرۆسەیەی دروستکرد و منیش لەم پرۆسەیەدا بانگەوازی چەک دانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە هەڵدەگرم.
 
چۆن هەر کۆمەڵگە و پارتێکی هاوچەرخ بوونی بە زۆری کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێوەش بە دڵسۆزی کۆنگرەی خۆتان کۆبکەنەوە و بڕیار بدەن؛ دەبێت هەموو گرووپەکان چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. من سڵاوی خۆم بۆ هەموو کەسانێک دەنێرم کە باوەڕیان بە ژیانی هاوبەش هەیە و گوێ لە بانگەوازی من دەگرن.
 
25ـی شوباتی 2025 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ