پەکەکە: بانگەوازەکەی ئۆجەلان قبووڵ دەکەین

شەیری بکە لە:
پەکەکە: بانگەوازەکەی ئۆجەلان قبووڵ دەکەین

ڕاگەیێنراوی پەکەکە دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

ئاڤا نیوز

 

کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' وەڵامی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی دایەوە و رایگەیاند، بانگەوازەکەی ئۆجەلان قبووڵ دەکەین و بۆ بەستنی کۆنگرە پێویستمان بە زەمینەیەکی ئەمنی گونجاو هەیە، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی کۆنگرەکە بەڕێوە ببات.

 

وێنە گەورەکە: ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە بانگەوازێکی مێژوویی و چاوەڕوانکراوی بڵاوکردەوە، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. ڕۆژی شەممە 1-3-2025 پەکەکەش بە پەیامەکەی ئۆجەلان ڕازی بوو.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئاژانسی فورات لە زاری کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پەکەکە ڕایگەیاند، پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند و ئەوان لەگەڵ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە هاوڕان و مەرجەکانی جێبەجێ دەکەن. 

 

هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە: "ئەو بانگەوازەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 27ـی شووبات بڵاوکرایەوە بۆ "چارەسەری ئاشتەوایی و دیموکراسی کۆمەڵی خەڵک" بوو. ئێمە بەڕێزەوە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین کە ڕێگەچارەیەکی لەم شێوەیە بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتیی دابین کرد".

 

- ئێمە پابەندی بانگەوازەکە دەبین و جێبەجێ دەکەین.

- هیچ کردەیەکی سەربازی ئەنجام نادەین و مەگەر هێرش بکرێتە سەرمان ئەو کات بەرگری دەکەین.
 

- دانانی چەک لەلایەن پەکەکە بە فەرمانی ئۆجەلان دەبێت.

- دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی کۆنگرەی داهاتوو بکات. 

- لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرۆسەیەکی مێژوویی دەستی پێکردووە.

- ئەم بەرپرسیارییەتییە لە ئەستۆی هەمووان دایە. 

- بۆ سەرخستنی پەیامەکەی ئۆجەلان دەبێت زمینەی سیاسی و دیموکراسیش گونجاو بێت. 

 

دەقی ڕاگەیێنراوکەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە:-

 

- ئێمە دەڵێین کە پابەند دەبین و جێبەجێی دەکەین

 

ڕوونە کە بەم بانگەوازە پڕۆسەیەکی مێژوویی نوێ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە. هەروەها ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر پەرەپێدانی ژیانی ئازاد و حوکمڕانی دیموکراسی لە سەرانسەری جیهاندا. لەسەر ئەم بنەمایە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی هەمووماندایە، پێویستە هەموو کەسێک بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات.

 

بێ گومان توانای بانگەوازێکی لەو شێوەیە گرنگییەکی مێژوویی هەبوو، ئێستا ئەوەی گرنگە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بانگەوازەکەیە بە کردار. ئێمە وەک پەکەکە لەگەڵ ناوەڕۆکی بانگەوازەکە وەک خۆی هاوڕاین و ڕایدەگەیەیێنین کە لەلای خۆمانەوە پابەند دەبین بە مەرجەکانی بانگەوازەکە و جێبەجێی دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە بۆ سەرکەوتن، سیاسەتی دیموکراسی و زەمینەی یاساییش دەبێت گونجاو بێت.


- بانگەوازەکە کۆتایی نییە بەڵکو دەستپێکێکی نوێیە

 

ئەو بانگەوازەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کردوویەتی بە دڵنیاییەوە کۆتایی نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە. وەک لە بەیاننامەکەدا زۆر بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش باسی دەکات، دەریدەخات کە دەبوو لەمێژە ئەو کارە بکەین، دەبوو لە 35 ساڵی ڕابردوودا بە گشتی و لە 20 ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی بیکەین، بەڵام لەو کاتەدا نەمانتوانی بە باشی ئەوە بکەین. هەر بۆیە پێویستە لە بانگەوازی ئەرکەکانی ئەو پڕۆسە نوێیەی کە دەستیپێکردووە، بە شێوەیەکی دروست و گونجاو تێبگەین و بە سەرکەوتوویی ئامانجەکان بەدیبهێنرێن. گرنگییەکی مێژوویی هەیە کە بە بەرپرسیارێتی و جددییەکی زۆرەوە لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە نزیک ببینەوە و لە هەموو بوارێکدا بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین.

 

-هەموومان هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەین

 

پێویستە هەموومان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەین. بیرمان نەچێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەمیشە بەرپرسیارییەتە قورسەکەی لە ئەستۆ گرتووە،  ئێستاش "لە پێناو  ئاشتی و دیموکراسی گشتی کۆی گشتی خەڵک" هەنگاوێکی نوێی ناوە ،  بەمەش قۆناغێکی نوێی بەرەنگاربوونەوە بۆ ئافرەتان و گەنجانمان دێتە ئاراوە و پێویستە هەمووان لە گرنگی ئەم قۆناغە تێبگەن و بە بەرپرسیاریەتی سەرشانییان هەڵبستن، گرووپەکانی دیموکراسیمان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، لە هەر چوار لای دونیاوە بە هێزی ئیرادەوە بەرەو پێش ببەین، بۆ سەرکەوتنی بانگەوزاەکە دەبێت هەموومان خۆمان بە بەرپرس بزانین. 

 

- بەڕێوەبردنی هێزی بەرگریکردن ڕادەستی گەلەکەمان دەکەین

 

ڕوونە پەکەکە، لە نیو سەدەی ڕابردوودا لە کوردستان، ڕۆڵێکی قارەمانانە و ڕاستەقینەیان گێڕاوە، هەموو دەستکەوتەکانمان بەرهەمی  بوێری و فیداکارییمانە، بۆ ئەم ئازادییە گەورەیە، ڕێز و سڵاوێکی زۆر تایبەت بۆ ڕووحی شەهیدەکانمان دەنێرین و بە منەتەوە یادیان دەکەینەوە، ئێستاش بە هەمان ڕوحیەتەوە، شان دەخەینە ژێر باری هەڵگرتنی دەستکەوتێکی مێژوویی نوێ بۆ گەلەکەمان.
هۆشیارییی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەو ئەزموونە گەورەیەی پەکەکە دروستی کردووە، دەسەڵات دەداتە گەلەکەمان بۆ ئەوەی بە سیاسەتی دیموکراسی خەبات بۆ چاکە، ڕاستی، جوانی و ئازادی ئەنجام بدات.

 

-ئاگربەست ڕادەگەیێنین

 

لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئاگربەستی کاریگەر ڕادەگەیێنین بۆ ئەوەی زەمینە بۆ جێبەجێکردنی "بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک خۆش بکات". هیچ کام لە هێزەکانمان هەنگاوی چەکداری ناگرنەبەر، مەگەر هێرش نەکرێتە سەریان. جگە لەوەش تەنیا سەرکردایەتی کرداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەتوانێت بابەتەکانی وەک داماڵینی چەک بە کردەیی جێبەجێ بکات.

 

- پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی پڕۆسەکە بەڕێوەببات

 

لەلایەکی دیکەوە، ئێمە بۆ ئەو کۆنگرەیە ئامادەین کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەیەوێت و چاوەڕیین کۆمان بکاتەوە بۆ ئەو کۆنگرەیە، بەڵام بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەکە پێویستە زەمینەیەکی ئەمنی و سەقامگیرمان بۆ دابین بکرێت، پێویستە "ڕێبەر ئاپۆ خۆی کۆنگرەکە بەڕێوە ببات".


هەموو هەڵە و کەمتەرخەمییەک ئێمە کردمان، بەڵام " تەنیا ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی بەڕێوە ببات".

 

- پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ئازادی کاربکات

 

بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت، بۆ بە دیموکراسیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد و بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوەی دیموکراسی جیهانی، "پێویستە ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان بتوانێت بە ئازادیی جەستەیی بژی و کار بکات و بتوانێت بێ بەربەست پەیوەندی بە هەر کەسێکەوە بکات کە بیەوێت، تەنانەت هاوڕێکانیشی". هیوادارین مەرجەکانی ئەم کارە لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێت.
 

-لە 8ی ئادار و نەورۆزدا بەهێزتر دەبین

 

وا چووینە نێو مانگی ئادار، لە پەرۆشی مانگی ئاداری نوێ و نەورۆزی نوێدا دەژین، ئازادی ئافرەت فراوانتر دەکەین، کاردەکەین بۆ "تێگەیشتنی زیاتر لە ڕێبازی ئاپۆ و بەرو پێشبردنی ڕێبازەکەی". بۆ ئەم بانگەوازەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 8ی ئادار بە هێزێکی زیاتر و دلخۆشی و پەرۆشییەکەی زیاتر پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین. داوا لە ئافرەت و  گەنجانمان دەکەین، بە بەرپرسیاریەتی ئیرادەیەکی زۆرەوە پێشوازی لەم بانگەوزاە بکەن و بە بەرپرسیاریەتی خۆیان هەڵبستن.

 

لەسەر ئەم بنەمایە 8ی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکاری و نەورۆزی هەموو ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و دۆستانمان پیرۆز دەکەین و داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ڕۆحی 8ی ئادار و نەورۆز "بانگەوازی ڕێبەر لە باوەش بگرن و خەبات بۆ ئازادی لە هەموو بوارێکدا پەرە پێبدەن".

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ