فڕۆکەیەکی عێراقی لە جیاتی نەجەف؛ بەهەڵە لە بەغدا دەنیشێتەوە

شەیری بکە لە:
فڕۆکەیەکی عێراقی لە جیاتی نەجەف؛ بەهەڵە لە بەغدا دەنیشێتەوە

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی - سۆشیاڵ میدیا

ئاڤا نیوز

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە گەشتی ئەو فڕۆکەیە دەکات لە ئیستەنبووڵەوە دەبوایە لە فڕۆکەخانەی نەجەف بنیشێتەوە، بەڵام گەشتەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کۆتایی پێهێناوە، لەکاتێکدا هیچ کێشەیەکی تەکنیکیشی نەبووە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەرەڕای گۆڕانکاری ئیداریی بەردەوام لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بەڵام ناوەناوە هێڵەکە دەکەوێتە هەڵەوە و کێشە بۆ گەشتیارانی دروست دەکات، ماوەی ڕابردووش فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراق کە دەیان گەشتیاری هەڵگرتبوو لە مۆسکۆ گەشتی بۆ بەغدا کردبوو، بەڵام تیمی هێڵەکە لەبیرییان کردبوو جانتای گەشتیارانی بگوازێتەوە و لە ڕووسیا بەجێمابوون.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، سەبارەت بەو گەشتەی بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف ئەنجام بدرێت، دڵنیایی دەدەن کە فڕۆکەکە هیچ کێشەیەکی هونەریی و تەکنیکی نەبووە، بۆیەش لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن بۆچی ئەو فڕۆکەیە لە جێگەی نەجەف، چووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا نیشتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە: دوێنێش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاریی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گەشتێک لە بەغداوە بۆ ئیستەنبووڵ ئەنجامدراوە و 169 سەرنشینی هەڵگرتووە، بەڵام فڕۆکەکە بە تەنیا سێ سەرنشینەوە لە ئیستەنبووڵەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گەڕاوەتەوە.

شەیری بکە لە: