
لە ڕۆژی 21-22 ی نیسانی 1898 کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە قاهیرەی پایتەختی میسر، لەلایەن هەردوو شازادە مقداد و عەبدولڕەحمان میدحەت بەدرخانەوە دەرچوو، ئیدی لەپێناو گەیاندنی دەنگ و پەیامی ڕەوایەتیی دۆزی نەتەوەی کورد بەدنیای دوور و نزیک، وشەی کوردی کەوتە سەر شاڕێی گەشتێکی درێژخایەنی پڕ هەوراز و لێژ. دەستبردن بۆ خەبات لەڕێی وشە و چاپەمەنییەوە، پڕکێشیی دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەیەک بەناوی پیرۆزی کوردستانەوە لەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا، تەنیا ڕووداوێکی میدیایی سادە و سانا نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی بوێرانەی سەرکەشانەی بێ هاوتا بوو لە فەزایەکی سیاسی و کەلتووریی زۆر ئاڵۆزی ئەو سەردەمەدا. ئەو ڕۆژەی کە تیایدا شازادە بەدرخانییەکان قۆڵی مەردایەتییان لێ هەڵکرد و کوردستانیان بە چاپ گەیاند، گەلانی ژێردەستی خەلافەتە نەخۆشەکەی عوسمانی، چەوسێنداراو و ستەملێکراو و بێبەشکرابوون لە هەموو ئامڕازەکانی دەنگ هەڵبڕین و دەربڕین.
شازادە بەدرخانیەکان کوڕانی بنەماڵەیەکی ناسراوی نەتەوەیی بوون بۆیە لەگەڵ یەکەمین هەلی ڕەخساودا، لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و ژیاندنەوەی کەلتوور و مێژووی پەراوێزخراوی نەتەوەی کورد دا، بێ سڵکردنەوە پڕکێشییەکی مێژووییان کرد و چاپخانە و ڕۆژنامەیان وەک ئامرازێکی کارا خستە خزمەتی بزاڤێکی ڕۆشنگەری و نەتەوەیی ئازادیخوازەوە.
127 ساڵ هەوراز و نشێو .. 127 ساڵ گەشە و کۆڵنەدان ..
لەوساوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، وشەی کوردی بە قۆناغی جۆراوجۆری سەرهەڵدان و شکست و هەڵبەز و دابەزدا تێپەڕیوە. ساڵانێکی زۆر لە سەردەمی ئەو ڕژێم و دەستەڵاتانەدا کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردیان داوە، بازنە و فەزای دەربڕین و هەناسەدانی وشەی کوردی بەرتەسک و قەدەغە و پڕکێشە بووە، وێڕای چەندین تاپۆ و قەدەغە و حەرامی سیاسی، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی کورد کۆڵیان نەدا؛ سەرەڕای گشت سەختییەکان بەردەوامییان دا بە کار و خەبات، نەوە لە دوای نەوە نووسەرانی بوێری کورد هاتنە مەیدان و بەرگرییان کرد لە ئازادیی ڕادەربڕین و قەڵای سەختی بێدەنگییان ڕماند. ئەمڕۆ دوای زیاتر لە سەدەیەک چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە ڕەوەندیشدا، دەبینیین ڕۆژنامەگەری و میدیای کوردی بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی سەندووە. دیمەنی گشتیی میدیای کوردی پێمان دەڵێت سەرباری هەموو لادان و کەموکورتییەکان، کاروانی خەبات بەردەوامە.. وشەی کوردی لە (چاپەوشە) وە بۆ (ئۆدیۆوشە) و لەوێشەوە بۆ (ڤیدیۆوشە) گەشەی کردووە. ئەمڕۆ فەزا و ئاسمانی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بە فراوانی بەڕووی وشەی کوردیدا کراونەتەوە. ڕێگرییەکانی سەدەی بیستەم نەماون و ئاسانتر و خێراتر پەیام و زانیاری و هەواڵ و ڕاستییەکان دەگەن بە ملیۆنان وەرگر. میدیای کوردی لەمڕۆ بەدواوە شیاوی ئەوەیە خەریکی خۆڕاهێنان و مەشق بێ بۆ نمایشێکی جددی و دانانی بەردی بناغە بۆ مشتومڕ و دیالۆگ و بێنەوبەرەیەکی بەرهەمدار لە نێوان دەستە و گرووپ، پارتە سیاسییەکان، هزر و دنیابینییە جیاوازەکاندا لەپێناو داڕشتنەوەی ستراتیژی نەتەوەیی و پێکهێنانی ڕایەکی گشتیی دەوڵەمەند و هۆشیار و هاوسەنگ وتەبا لەگەڵ پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکاندا.
لە نێوان ئازادی و بەرپرسیارێتیدا ..
ڕاستیەکی نکوڵی لێ نەکراوە کە دەستکەوتەکانی سەد ساڵی ڕابردوومان لە کایە و بواری ڕۆژنامەگەری و میدیای کوردیدا زۆرن و شایانی ڕێز و شانازیین، بەڵام هێشتا ڕۆژانە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی جیاواز دەبێتەوە، دیارترینیان لادانی ئیتیکی پێشێلکردنی بنەما و مەرجەکانی پیشەیی بوونی کاری میدیاییە. هەروەها لایەنگیریی کوێرانەی سیاسی و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و نەزانانە و سەرەڕۆیانە دەستبردن بۆ پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ئاستەنگێکی تری بەردەم بە نیشتمانی و نەتەوەییکردنی میدیای کوردییە. لەلایەکی تریشەوە دەستەبەرنەکردنی سەلامەتی و ئاسایشی ڕۆژنامەنووسان و پێشێلکردنی مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی دروست و بەرتەسککردنەوەی سنووری ڕادەربڕین و گەڕان بەدوای ڕاستییەکان و گەیاندیان بە میللەت، هەندێ جار دیمەنە گشتییە جوانەکەمانی لەکەدارکردووە و ناوبانگی کوردی شێواندووە. ئەگەر میدیای کوردی باڵندەیەکی بەرزەفڕی چاوکراوەی ئاسمانی کوردەواریمان بێت، ئەوا بێ شک (ئازادی) شاباڵێکی و (بەرپرسیارێتی) یش شاباڵەکەی دووەمێتی و ئاسمانیش دەبێت ئەو ژینگە یاسایی و سیاسی و کەلتوورییە کراوە و شارستانییە بێت کە میدیای ئازاد و بەرپرس بپارێزێ و شکۆ و متمانەی پێ ببەخشێت.
ئەمڕۆ، کات کاتی تێڕامان و بەخۆداچوونەوەی میدیا و میدیاکاران و حیزب و سیاسی و یاساداڕێژ و حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەمڕۆ بۆ هەموومان ڕۆژ ڕۆژی ڕەخنە لەخۆگرتنە بەر لە ڕەخنەگرتن لە بەرامبەر. ئەم یادە پیرۆزە بانگەوازێکە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژنامەنووسانی پێشەنگمان کە کوردانە و مەردانە هەنگاوی یەکەمیان لەم ڕێگە سەختەدا هەڵهێنایەوە و سەرەتایەکی بەهێز و پتەویان بۆ داڕشتین.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئەگەر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی لێی بدرێت بازرگان و خەڵکی مەدەنی چی بکەن؟
4 کاتژمێر لەمەوپێش
چەند دێڕێک بۆ یادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ
23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !
23 نیسان
سێ ڕێڕەوی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
19 نیسان
ژینگە و ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی
16 نیسان
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی
16 نیسان
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
14 نیسان
ئەوان هەموویان لێرە بوون؛ ئەنفال هات و ڕایپێچان و نەگەڕانەوە
13 نیسان
سەرکردەکانی کورد دەبێ چ وانەیەک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرن؟
13 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟
10 نیسان
- بیروڕا
- 23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !