دوو دیمەنی سەرۆک بارزانی لەکاتی چوونەژوورەوە بۆ ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمان لە هەولێر، وێنە: کاروان چیایی
لە دنیایەکی پڕ ململانێ و ڕاکەڕاک و ژاوەژاودا، دنیایەک کە بارکراوە بە وشە و دەربڕینی دڕ و دەنگی ناساز، چەند دیمەنێک بە بێدەنگی و بە ڕیتمێکی هێمن و ئارام سەرنجی قووڵمان بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن و دەمانپەڕێننەوە تا سەر سنوورەکانی تێڕامانێکی ڕۆحیی دڵنیایی بەخش..
دیمەنی یەکەم:
لەناکاو، بێ پێشەکی و شڵەژان، سەرۆک مەسعود بارزانی، بێ پاسەوانی تایبەت، بێ سکرتێر و یاوەر و بێ لەشکرێک لە ئاسایش و زێرەڤانی، بە تەنیا بەسەر فەرشی سووردا بە هەنگاوی پتەو و زەمینگر و ئارام، ڕووی لە هۆڵی مەراسیمی ڕۆژی نزای نیشتمانیی کوردستان کرد !
بەلای منەوە وەک پسپۆرێکی میدیا و کۆمیونیکەیشن، ئەم دیمەنە بەشێکی سەرەکی بوو لە گوتارێکی نەگوتراو و گۆنەکراو، کە بارگاوی بوو بەم ئاماژە قووڵانە:
1. ڕەمزییەت (سیمبۆلیزم)ی خۆنەویستی و خاکەڕایی:
ڕەفتارێکی وەها لەلایەن سەرۆک و ڕابەرێکی ناودار و هەزار و یەک حیساب بۆکراوەوە، ڕەنگدانەوەی خۆنەویستییەکی ڕۆحییە، پێمان دەڵێت: من پێش ئەوەی سەرۆک بم مرۆڤێکم وەک ئێوە، بەندەیەکی ئەو خودایەم کە خودای هەمووانە. لە کولتوور و بەهای کوردەواریشدا، وەک زۆربەی کولتوورەکانی تری ڕۆژهەڵات، ئەم جۆرە خۆنەویستی و سادەیی و خاکەڕاییە هەڵگری پەیامێکی ناڕاستەوخۆی زۆر کاریگەرە و دەنگدانەوەیەکی زۆر ئەرێنی هەیە و لەلایەن میللەتەوە ڕێزلێگیراوە.
2. هێزی ناخ و متمانە بەخۆبوون:
چوونەژوورەوە بەبێ یاوەر و پاسەوان و خزمەتگوزار، پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە کە ئەو نە لە مرۆڤەکان و نە لە هەڕەشەکان دەترسێت، چونکە ئارامی و دڵنییایەکی ڕۆحیی لە ناخیدا سەریهەڵداوە و متمانەیەکی نەبڕاوەی بە پێگەی جەماوەریی خۆی هەیە. ڕەفتارێکی لەم جۆرە پێمان دەڵێت سەرکردایەتی پشت بە شەرعیەتی ڕۆحی و جەماوەری دەبەستێت نەک تەنها بە هێز و دەسەڵاتی ماددی.
3. هەنگاوێک بۆ پاکژبوونەوەیەکی ڕۆحی:
لە بۆنەیەکی ئایینی وەک ڕۆژی نیشتیمانی نزادا، بەتەنیایی دەرکەوتنی سەرۆک، دەربڕینی خواستێکی قووڵە بۆ ئەوەی وەک مرۆڤێک خۆی دابماڵێت لە هەموو نازناو و ڕواڵەتە دوونیاییەکان و بچێتە حاڵەتی ڕێزگرتن و ملکەچبوونێکی ڕۆحیی تەواو لەبەردەم خودای خۆیدا. تەنیاییەک کە پێمان دەڵێت: "ئێمە ئەمڕۆ بۆ نزا کۆبووینەتەوە.. هەمووشمان لەبەردەم خودادا یەکسانین".
4- پەیامێکی سیاسی ناڕاستەوخۆ:
بەدیوێکی تردا دەشێت ئەو بە تەنیایی هاتنە هەنگاوێکی ژیرانە و حیساب بۆکراو بێت بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی کە هەموو کاتێک سەرکردە پێویستی بە پاراستن و پاسەوان نییە، چونکە موڵکی خەڵکە و بۆ خەڵکە و لەناو خەڵکدایە، هاوکات دەیەوێت پەیامی سەقامگیری و متمانە بە ئاسایشی ناوخۆش بگەیەنێت.
5. ئیلهامبەخشی جەماوەری:
لە کولتووری باوی کوردەواریدا کە لەناو گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەهاو گرنگییەکی زۆر بە هێما دەدات، دیمەنی سەرکردە و ڕابەرێک کە بە تەنیا و بە هێمنی بێ پاسەوان و بێ پرۆتۆکۆڵ دەچێتە ناو هۆڵی نزای نیشتمانییەوە، دیمەنێکی ئیلهامبەخشە بۆ هەموو ئەوانەی بە مەرجەعی خۆیانی دادەنێن، پێگەی ڕەمزیی ئەو سەرکردەیە وەک "باوک" و "دەوڵەتمەدارێکی نموونەیی" بەرزتر ڕادەگرێت.
دەرکەوتنی کتوپڕی بێ پاسەوان و بێ یاوەری سەرۆک بارزانی، تەنیا دیمەنی یەکەم بوو کە پڕ لە واتای ڕەمزی و بڕێک ئاماژەی قووڵی مرۆیی و مەعنەوی هەڵگرتبوو.
دیمەنی دووەم:
سەرۆک بارزانی لەناکاو لە ناوەندی ڕاڕەوەکەدا ئیستێکی کرد و بۆ ساتێک بەلای چەپدا بە شکۆوە ڕووی کردە وێنەیەکی هەڵواسراوی ڕەشوسپیی جوانەمەرگ ئیدریس بارزانیی برا گەورەی. ئەو دیمەنەش دەرگایەکی تری فراوانی بەڕووی تێڕامانێکی قووڵدا کردەوە:
1. ئیستێک بۆ برایەتییەکی تاهەتایی:
ئەم وەستانە لەناکاوە لەبەردەم وێنەی جوانەمەرگ ئیدریس بارزانیدا ڕەفتار و کردەوەیەکی ئاسایی نەبوو. بەڵکو چڕکراوەی ئازار و خەمێکی قووڵی لەدەستدانی برا و هاوڕێ و دۆست و هاوسەنگەری ساڵانێکی سەختی خەباتی خوێناوی بوو. بەرجەستەبوونی پەیوەندییەکی ڕۆحی ئەوتۆ بوو کە مردن نەیتوانیبوو کۆتایی پێبهێنێ. سەرۆک لەو ئاوڕدانەوە و ئیستە ساتەوەختەیدا، تەنها وێنەیەکی نەدەبینی، بەڵکو ڕۆحێکی هاوبەش و مێژوویەکی نەبڕاوەی تاهەتایی دەهاتنەوە پێش چاوی. سەرۆک بەو وەستان و تێڕامانەی، هەبوونی کاکە ئیدریسی لەناوماندا دووپات کردەوە، نەک بە جەستە، بەڵکو بە سەنگ و هەناسە و هەڵوێست و ڕۆحی نەمری لەناو دڵی مێژوودا.
2. بەردەوامبوون لە خەبات تا سەربەخۆیی:
سەرۆک بارزانی بە تێڕامانی لە وێنەی برا جوانەمەرگەکەی، وا دیاردەکەوت بەدەم ڕێوە بەخێرایی و بەقووڵی پێداچوونەوە بۆ ساڵانی ژیانی هاوبەشیان بکات و لە ناخەوە سوێندی بۆ بخوات کە درێژە بە کاروانی خەبات بدات تا سەربەخۆیی. ئەم دیمەنانە ڕەمزییەت بۆ سەرکردەکان دروست دەکەن و نیشانی دەدەن کە ئەو بەهایانەی باوەڕیان پێیان هەیە هێشتا لەناخیاندا زیندوون.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئەگەر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی لێی بدرێت بازرگان و خەڵکی مەدەنی چی بکەن؟
4 کاتژمێر لەمەوپێش
چەند دێڕێک بۆ یادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ
23 نیسان
چەخماخەیەک لە قاهیرەوە .. 127 ساڵ خەباتی بێوچانی وشەی کوردی
22 نیسان
سێ ڕێڕەوی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
19 نیسان
ژینگە و ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی
16 نیسان
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی
16 نیسان
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
14 نیسان
ئەوان هەموویان لێرە بوون؛ ئەنفال هات و ڕایپێچان و نەگەڕانەوە
13 نیسان
سەرکردەکانی کورد دەبێ چ وانەیەک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرن؟
13 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟
10 نیسان