پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە بۆ کادیرانی پارتی: ئامادەبن بۆ ئاڵنگارییەکان

شەیری بکە لە:

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئاڤا نیوز

 

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی 20ـین خولی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی پەیامێکی ئاراستە کردن و ڕایگەیاند، "ئامادەبن بۆ ئاڵنگارییەکان".

 

وێنە گەورەکە: ڕۆژی سێشممە ڕێککەوتی 29-4-2025، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆکی پارتی، ڕێوڕەسمی 20مین خولی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.

 

لێدوانی فەرمی: مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: پارتی خاوەنی مێژوویەکی زۆر دەوڵەمەندە، ئەوەی لە ڕابردوودا کردوویەتی هاوشێوەی نییە و ئێمە پەیامەکەی بە هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە دەگەیێنین.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: جێگری سەرۆکی پارتی لە ڕێوڕەسمەکەدا پەیامێکی گرنگی ئاراستەی کادیرانی حیزبەکەی کرد و گوتی، "پێویستە کادیرانی پارتی خۆیان ئامادە بکەن، تاوەکو ڕووبەڕوی ئاڵنگارییەکان ببنەوە، هەروەها هەوڵبدەن خۆیان پێبگەیەنن.

 

زانیاریی زیاتر: "دەبێت وەڵامی هەموو پڕوپاگەندەیەک دژی نەتەوەکەمان بدەینەوە و  بیرۆکەی هۆشیارکردنەوەی نەتەوەیی خەریکە لە کوردستان جێگیر دەبێت." مەسرور بارزانی وا دەڵێت.

 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان: 

 

زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەیەكەوە لێرە ئامادەین لە خولی بیستەمی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی كادیران. دەستخۆشی لە كاك قادر و ستافی پەیمانگەكە دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم بۆنە گرنگە و دەستخۆشی لە هەموو مامۆستایان و كادیرە بەڕێزەكانیش دەكەم. هیوادارم خولێكی سەركەوتوویان هەبێت و ئامادە بن لە ماوەی داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیات و سەرخستنی پرۆژە و ئەجێندای پارتی ئینشائەڵا.


پەروەردە و پێگەیاندن، هەر لە مێژووی پارتییەوە بەشێكی گرنگی ئەم حیزبە بووە بۆ پێگەیاندنی كادیران كە ئەوان بتوانن لەگەڵ كۆمەڵگە و لەگەڵ پێشهاتەكان خۆیان ئامادە بكەن و ڕووبەڕوویان ببنەوە. بەشێكی خولی پەیمانگە، پەیمان نوێكردنەوەیە لەگەڵ ڕێبازی بارزانیی نەمر، لەگەڵ دامەزرێنەر و ڕێبەر و باوكی نەتەوەیی و نیشتمانیمان مەلا مستەفای بارزانی، لەگەڵ سەركردە و ڕابەرمان كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد، لەگەڵ سەركردە تێكۆشەرەكانمان، لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكانمان، لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ نەتەوەكەمان، لەگەڵ خاكمان كە ئێمە پێویستە هەمیشە ئامادەبین بۆ سەرخستنی ئەم ڕێبازە پیرۆزە و گەیاندنی نەتەوەكەمان بە قۆناغی سەركەوتن لە ماوەیەكی نزیكدا ئینشائەڵا.


بەشێكی تری دووپاتكردنەوە و پەیمان نوێكردنەوەیە لەگەڵ سەرۆك و ڕابەرمان جەنابی سەرۆك بارزانی، لەگەڵ ئەمڕۆ، لەگەڵ نەوەی داهاتوو كە ئێمە چۆن هەنگاو دەنێین، نەك تەنیا ئەو مێژووە پڕ سەروەرییەی كە هەمانە بەرز رای دەگرین، بەڵكوو دەبێ خۆشمان ئەوەی لە تواناماندا بێ بیكەین بۆ ئەوەی لەسەر ئەو مێژووە زیاد بكەین و قۆناغ بە قۆناغ پارتی لە هەموو ناوچەكانی كوردستان وا بكەین سەركەوتوو بێت و وا بكەین ئێمە نەهج و پەیامی پارتی بگەیەنین بە هەموو تاك و چین و توێژێكی ئەم وڵاتە.


پارتی مێژووێكی زۆر دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام نابێ ئێمە تەنیا لە مێژوودا بژین. ئێمە سەربەرزین و شانازی بە مێژووی خۆمان و سەركردەكانمان دەكەین، بە رابردووی خۆمان و بە خەبات و قوربانیدانی خۆمان دەكەین، ئەوەی پارتی كردوویەتی بێ نموونەیە، بەڵام ناكرێ تەنیا لە مێژوودا بژین،  پێویستە خۆشمان ئەوەی لە تواناماندایە بیكەین و ئیزافەی بكەینە سەری بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتووش بتوانن ئەو مێژووەی ئێمە دروستی دەكەین، ئەوانیش بە هەمان شێوە شانازیی بە مێژووی خۆیانەوە بكەن. بۆیە ئەركێكی گرنگی ئێمەمانانە، هی كادیرە بەڕێزەكانە كە خۆیان ئامادە بكەن ئەمڕۆ چۆن ڕووبەڕووی تەحەدیاتەكان دەبنەوە و چۆن خۆشیان ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو نەوەیەكی نوێ پێ بگەیەنن.


سەردەمی ئێستا لەگەڵ رابردوو جیاوازە، ئێستا تەكنەلۆژیای نوێ هەیە، زیرەكیی دەستكرد هەیە، شێوازی گەیاندنی پەیامەكان زۆرن، راگەیاندن تەنیا چاپەمەنی نییە، ئێستا تەلەڤزیۆن هەیە، رادیۆ هەیە، سۆشیال میدیا هەیە، دەبێ خۆمان بگونجێنین لەگەڵ زانستی سەردەم، لەگەڵ تەكنەلۆژیای سەردەم و پێگەیاندنی كادیر نابێ تەنیا لە چوارچێوەی پێگەیاندنی بیرۆكەی حزبایەتیدا بمێنێتەوە، پێویستە هەم سوود لە تەكنەلۆژیای سەردەم وەربگرین، هەم خۆشمان پێ بگەیەنین لەوەی كە ئاگادار بین ڕووداوەكان لە ناوچەكەدا بە چ ئاراستەیەكدا دەڕۆن تاكوو ئێمە بتوانین لە ئاستی بیركردنەوەی نەتەوەكەماندا بین، هی خەڵكی خۆماندا بین. ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن و هەموومان دەبینین كە زۆر بەخێرایی ئەم ڕووداوانە ڕوودەدەن، دەبێ خۆمان ئامادە بكەین لەوەی كە چۆن ڕووبەڕوویان ببینەوە؟ دەبێ نەك تەنیا ئەو وانانەی لێرە لە پەیمانگا بە ئێوە دەدرێ، ئەمە تەنیا سەرچاوەی زانست بێ، هەر تاكێكی ئێوە، هەر كادیرێكی بەڕێز پێویستە هەوڵی ئەوە بدا بەوەی كە چۆن خۆی پێ بگەیەنێت؟ چۆن خوێندنەوەی زانستی بۆ رووداوەكان بگات، چۆن خۆمان ئامادە بكەین.

 

چەندین حیزب و لایەنی جیاواز لە كوردستانن، هەندێكیان هاوپەیمانمانن، هەندێكیان مونافسمانن، ململانێیەكی سیاسی لە كوردستاندا هەبووە و بەردەوام دەبێت. ئێمە دەبێ ئەوە بزانین چۆن خۆمان ئامادە بكەین كە وەڵامی هەرچی پروپاگەندەی خراپە دژ بە حیزب و نەتەوەكەمان بدەینەوە و خۆشمان پەیامەكانمان چۆنن و چین؟ ئەم پەیامانە بە چ ئاراستەیەك و بە چ جۆرێك بە خەڵكی خۆمان بگەیەنین؟


پێویست ناكات ئێمە وەڵامی هەموو قسەیەكی ناحەزان بدەینەوە، بەڵام پێویستە ئامادە بین بۆ ئەوەی پەیامی خۆمان وەكوو هەیە بگەیەنین، دەبێ تێكەڵبوون بە كۆمەڵگە، دروستكردنی رای گشتی لەناو كۆمەڵگە بەشێكی سەرەكیی ئەرك و كاری كادیرەكان بێت. كادیر كە لە پەیمانگا تەواو دەبێت و دەچێتەوە نێو كۆمەڵگە، ئیشەكەی دیارە. پێویستە ئێمە بچین لەنێو هەموو چین و توێژەكانی خەڵكدا وا بكەین كە بیروباوەڕ و نەهجی ئەم رێبازە پیرۆزەیان پێ بناسێنین، بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕوامان پێ بكەن، لەگەڵمان بن، هاودەنگمان بن، تاكوو لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ئەوانیش لەگەڵ ئێمە دەنگ بۆ ئەم رێبازە پیرۆزە بدەن، چونكە پێمانوایە سەرخستنی رێبازی پیرۆزی بارزانی، سەرخستنی كوردستانە، سەرخستنی ڕێگای كوردایەتییە.


بەبێ پارتی، بەبێ ئێوە، باوەڕ ناكەم ئێمە بتوانین ئاواتی نەتەوەكەمان بێنینە دی، بۆیە تاكوو خۆتان بەهێز بكەن و خۆتان بەقوەت بكەن و تاكوو ئێوە بتوانن لەگەڵ خەڵك تێكەڵ بن و متمانەی خەڵك بەدەست بهێنن، ئەوەندە لە بەدەستهێنانی ئامانج نزیك دەبینەوە.

 
بۆیە من نامەوێ لەمە زیاتر قسەكانم درێژ بكەمەوە، دڵنیام كە لەم خولە، لە مامۆستا بەڕێزەكان، ئەوەی پێویستە لەگەڵتان باس دەكەن و خۆشتان خۆتان پێدەگەیەنن و خوێندنەوەی تەواوتان بۆ ڕووداوەكان هەیە. لەبیرمان نەچێت لایەنەكانی تریش دژ بە ئێمە هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە، ئێمە وابكەین كە پارتی حیزبی یەكەم بێت، حیزبی نەك تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لەسەر ئاستی هەموو عێراق. جێی دڵخۆشیشە كە ئەمڕۆ دەبینین لەسەر ئاستی هەموو كوردستان، بیرۆكەی ئاشتەوایی و پێكەوەیی و هۆشیاركردنەوەی نەتەوەیی خەریكە جێگیر دەبێت، ئەمە بەڕاستی جێی دڵخۆشییە كە دەبینین لە باكوور، لە باشوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، لە هەموو شوێنێك، كورد بیر لە چارەنووسی خۆی دەكاتەوە، گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتییانە. پارتی دەورێكی گرنگ و سەرەكیی هەبووە لە سەرخستنی ئەم بیرۆكەیە، هیوادارین كە بەئەنجام بگات و ئێمەش لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بتوانین پێگەی پارتی وا بەهێز بكەین كە لە ناو خودی عێراقیشدا كاریگەریی زیاترمان لەسەر ڕووداوەكان هەبێت.


جارێكی تر من سوپاس و دەستخۆشی لە مامۆستایان دەكەم، لە ڕێكخەرانی ئەم پەیمانگەیە و ئەم خولە دەكەم، هیوای سەركەوتن بۆ هەموو كادیرە سەركەوتووەكان دەكەم، ئێوە سەركەوتوو بن، پارتیمان هەر سەربەرز و سەركەوتوو بێت، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ