مەسرور بارزانی لە واشنتۆنە؛ پەیامە نەگوتراوەکانی پشت ئەم سەردانە !

مەسرور بارزانی لە واشنتۆنە؛ پەیامە نەگوتراوەکانی پشت ئەم سەردانە !

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

لە  هەلومەرجێکی سیاسی و ئەمنی ، ئابووری و سەربازیی  زۆر هەستیاری ناوچەکەو جیهاندا ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی ڕەسمی گەیشتە پایتەختی ئەمەریکا، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ، لەوانە وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆدەبێتەوە.

لەم ئان و ساتەدا کە عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بارگرژییەکی جددی دەبنەوە، ئەم سەردانەی بارزانی، سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نیە، بەڵکو هەڵگری سێ پەیامی سیاسیی ڕوونە کە ئاراستەی بەغدا، وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت.

یەکەم پەیام بۆ بەغدایە : شەراکەت نەک ژێردەستەیی !

کۆبوونەوەکانی بارزانی لە واشنتۆن پەیامێکی سیاسیی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەنێرن و ڕوون ئاشکرا پێێ دەڵێن : هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووریی دانپێدانراوە نەک چەند پارێزگەیەکی عێراقیی ژێر دەستە .  ئیدارەی ئەمریکی بێ ئاگا نیە لەو کێشەی دارایی و دەستورییە درێژخایەنانەی کە سالانێکە بەغدا بۆ کوردستانی درووستدەکات مایەی نیگەرانی و هەڵوێستەیەو  لەڕێگەی ئەم سەردانەوە ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەبێتەوە کە هەرێمی کوردستان سەنگ و پێگەی خۆی هەیە لە سیاسی نێودەوڵەتی و بەتایبەتییش لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا.

پووختەی پەیامی سەردانەکە بۆ بەرپرسانی بەغدا ئەمەیە : کوردستان سەرکردایەتییەکەی هاوبەشێکی گرنگە لە ناوخۆو دەرەوەی عێراقدا کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک لە ڕێگەی سیاسەتی برسیکردن و فشاری داراییەوە.

پەیامی دووەم بۆ وڵاتانی دراوسێیە :  کوردستان پنت و ئەڵقەیەکی لاوازنییە.

لە گەرمەی ئەو بار گرژی و ئاڵۆزییانەی کەوتوونە نێوان ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی لە لایەک و بەشێک لە میلیشیا چەکدارەکانی پەیوەست بە ئێران لە لایەکی ترەوە ،هەروەها لە گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان تورکیا و ئێراندا بۆ فەراهەمکردنی و زۆرترین بەرژەوەندی و سەپاندنی فراوانترین هەژموون لەسەرزەمینی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی عێراقدا، سەردانەکەی مەسروور بارزانی بەیاد هێنانەوەیکی ڕاستەوخۆیە بۆ هەموو دراوسێکانی عێراق کە هەرێم پەیوەندییەکی قووڵی ستراتیژیی هەیە لەگەڵ واشنتۆنداو پارێزراوەو ماڵی بێ خاوەن نیە و گۆڕەپانێکی کراوە نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەییەکان.

پووختەی پەیامەکە ئەمەیە : کوردستان و سەرکردایەتییەکەی توانای مانۆڕ و هاوسەنگیان هەیە، هاوکێشەو بەرژەوەندییە دەرەکییەکانی ناوچەکەش ناتوانن بە زەبری هێز خۆیانی بەسەردا بسەپێنن.

پەیامی سێیەم بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە : سەرکردایەتیی کورد هاوبەشێکی متمانەپێکراوە بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئەم سەردانەی بارزانی  دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی جارێکی تر تیشک و فۆکەس بخرێتەوە سەر کوردستان وەک مۆدێلێکی دەگمەنی پێکەوەژیان و فرەیی لە ناوچەیەکی داڕزاوی پڕ لە ململانێ و دژایەتیدا. هەموو ئەو چاکسازییانەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا لە کەرتی وزە و خزمەتگوزاری و کەرتی بانکیدا لە لایەن حکومەتەکەی بارزانییەوە پلانیان بۆ داڕێژراوەو سەرەڕای هەموو دژایەتی و ئاستەنگ و چەواشەکارییەک جێبەجێکراون و بوونەتە بەشێک لە ژیانی مۆدرێن و مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان، هەروەها پشتیوانیکردنی بەردەوامی مافی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی ناو هەرێم و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان، فاکتەری سەرەکین بۆ ئەوەی کورد و کوردستان وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ دنیای شارستانی خۆی نمایش بکاتەوە.

پوختەی پەیام بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی : پشتیوانیکردن لە کوردستان بۆ خوڵقاندنی ململانێیەکی نوێ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دیراسەکراوە بۆ وەبەرهێنان لە سەقامگیری و پێشخستنی ناوچەکە.

دوا پەیامیش بۆ ناوخۆیە : حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی یەک ڕەنگ نیە بەڵام یەک دەنگە .

بەشداری وەزیری پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە لە شاندە باڵا هاوەڵەکەی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانیدا هەڵگری پەیامی یەکگرتوویی هێزە کاریگەرەکانی کوردە کە ئاڕاستەی هەردوو ناوەندی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەکرێت :

دڵنیاکردنەوەی ئەمریکا:

واشنتۆن لە مێژە  لەگەڵ هەردوو حیزبی حوکمڕانی کوردستاندا لەسەر هێڵە بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئەمنییەکان. بوونی نوێنەرێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم شاندەدا ئاماژەیە بۆ پابەندبوونێکی سیاسی لەلایەن هەردوو لایەنەوە بۆ بەردەوامبوون لەم چاکسازییانە.

لە سەردەمێکدا کە بەغدا و بەشێک لە زلهێزە ناوچەییەکان بە دوای ئیستغلالکردنی دووبەرەکییەکانی ناو کوردستانەوەن و کنەی تێدادەکەن، پێکەوەبوونی هەردوولا لە یەک شاندی باڵادا ، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی دڵسۆزانەیە بۆ پێشاندانی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کورد لەسەر پرسە هەستیارەکان، بەتایبەتی پرسی بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە.

بەشداریی وەزیری پێشمەرگە لە کۆبوونەوە باڵاکاندا پەیامێکی ئەرێنی بۆ ناوخۆی کوردستان دەنێرێت کە هەرکات بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان بخوازێت، پارتی و یەکێتی یەک هەڵوێست  و یەک دەنگن بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و هاوپەیماناندا.

لە نێوان واشنتۆن و بەغداد... هەرێم بە دوای هاوسەنگییەکی نوێدا دەگەڕێت.

سەردانەکەی مەسرور بارزانی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە کوردستان سیاسەتی "هاوسەنگیی ژیر" پەیڕەو دەکات. کوردستان نە سەنگەری لە بەغدا گرتووە و نە ملکەچی جەمسەگیری و میحوەرو میحوەرکاریی ناوچەکەیە. کوردستان سەرکردایەتییەکەی بەدوای هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی درێژخایەندا دەگەڕێت کە مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی بە کردەوەوە فیدراڵدا فەراهەمبکات.

شەیری بکە لە: