کوردستان بەردی بناغەی بوونیادنانی عێراقێکی یەکگرتووە
- بیروڕا
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش

حەمدی شنگالی
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ

کۆماری عێراق سەرچاوەی سروشتی زۆری هەیە، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و گازدا، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە دەبێتەوە بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر بۆ ڕێکخستنی ئەم کەرتە گرنگە. ئەم بۆشاییە یاساییە دەرگای بەڕووی لێکدانەوەی جیاوازدا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوانە کردووەتەوە. بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا کە بەرهەمێکی دەستووریی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005ـە، کە تێیدا عێراقییەکان خواستەکانی خۆیان بۆ دەوڵەتێک دەربڕی کە ڕێز لە فرەیی بگرێت و باوەڕی بە یەکڕیزیی وڵات هەبێت سەرەڕای جیاوازی نەتەوە و مەزهەب و بیروبۆچوونەکانی (دەستووری عێراق، ماددەی 117، 2005).
هەرێمی کوردستان وەک ماددەیەکی دەستووری پتەو دامەزرا، کە لە ئەنجامی تێکۆشانی درێژخایەن و قوربانی گەورەی شەهیدان هاتە ئاراوە، ئەم ماددەیە مافەکانی هەرێم و لە هەمان کاتیشدا سەروەریی عێراق دەپارێزێت، ئەمەش وا دەکات کە لۆژیکی نەبێت چاوپۆشی لە بوونی هەرێم بکەین یان هەر هەنگاوێک کە دەیگرێتەبەر بە پشتگوێخستنی یاسا و سەروەری نیشتمانی بزانین تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئاراستەکانی حکومەتی فیدراڵیدا ناگونجێت.
ئەو گرێبەستانەی کە هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و گازدا واژۆی کردووە، لە بنەڕەتدا دەرفەتی ستراتیژین بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی نەک تەنها بۆ هەرێم، بەڵکو بۆ عێراق بەگشتی. لە ساڵی 2023 دا هەرێم ڕۆژانە زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە یارمەتیدەر بووە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی نیشتمانی و پاشەکەوتکردنی وزە (وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، 2023).
نابێت ئەم بابەتە بکرێتە ململانێی سیاسی. بەڵکو پێویستە لە ڕوانگەی ئابووری و گەشەپێدانەوە سەیر بکرێت، وەک هەوڵێک لەلایەن بەشێکی دانەبڕاو لە عێراق بۆ پێشخستنی دۆخەکەی و ڕاوەستان لەسەر پێیەکانی خۆی، وەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا بە سەرکەوتنێکی بەرچاو ئەنجامیداوە. شارەکانی هەولێر و دهۆک ئەمڕۆ شایەتی زیندووی ئەو ئەگەرەن کە دەتوانرێت گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بەدەستبهێنرێت لە ژێر مەرجە هەرێمییە ئاڵۆزەکاندا (UN-Habitat, 2022).
هەڵەیەکی گەورەیە کە لە چوارچێوەی عێراقدا وەک تەنێکی بێگانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. بەپێچەوانەوە پێویستە پارێزگاری لێبکرێت و سوود لە ئەزموونە گەشەپێدانەکانی ببینین بۆ جێبەجێکردنیان لە پارێزگاکانی تردا. بەسرە، عەمارە، ئەنبار و پارێزگاکانی دیکە دەتوانن ئیلهام لەم ئەزموونە وەربگرن بۆ گەیشتن بە ڕێنێسانسی خۆیان.
گەلی عێراق بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە تووشی چەندین سەختی بووە و ئەم هەمەچەشنییە ئایینی و نەتەوەیی و کولتوورییە نوێنەرایەتی سامانێکی ڕاستەقینە بۆ عێراق دەکات. جیاوازی بۆچوون و سیاسەت و ئاڕاستەکان دەبێت فاکتەرێک بێت کە بەشدار بێت لە بوونیادنان و گەشەپێدان، نەک هۆکاری گومان و دووبەرەکی.
ئەزموونی هەرێمی کوردستان له بەڕێوەبردنی سامانەکانی، دیاردەیەکی ناوازه و جێگەی لێکۆڵینەوەیه لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمیدا، لە کاتێکدا زۆربەی ناوچەکانی عێراق کەوتوونەتە گێژاوی تووندوتیژی و ئاژاوەوە. بەڵام ناوچەکە توانیویەتی سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بەدەست بهێنێت (بانکی جیهانی، ڕاپۆرتی چاودێری ئابووری، 2023) و مۆدێلێکی کارگێڕی جیاواز دابمەزرێنێ کە پشتی بە کراوەیی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری بە خێرایی بەستووە.
سەرکردایەتی هەرێم سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینی ئاستەنگەکان بۆ دەرفەت، ئەو بۆشاییە یاساییەی لە بواری نەوت و گازدا گۆڕی بۆ پاڵنەرێک بۆ گەشەپێدانی بەردەوام. لەبری ئەوەی چاوەڕێی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا بکات، هەنگاوی بوێرانەی ناوە بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی وزە و هەمەچەشنکردنی ئابووری، هەزاران هەلی کار و باشترکردنی ئاستی ژیان بۆ دانیشتوان (وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 2023).
جگە لەوانەی سەرەوە، هەرێم سەرکەوتوو بووە لە دامەزراندنی تۆڕێکی پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابووریی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هێزە جیهانییەکان، کە بەشداربووە لە پتەوکردنی بناغەکانی دەوڵەتی عێراق، لە دەرەوەی چوارچێوە تەقلیدییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ناوەندی. ئەم ستراتیژە وایکردووە کوردستان پێگەیەکی دیار و ناوچەیی هەبێت، ناسنامەیەکی بەرچاوی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستبهێنێت ( RAND Corporation, 2022 ; German Foreign Office, 2021)، هەروەها توانای مانۆڕی سیاسی خۆی لە دیمەنێکی ناجێگیر و ئاڵۆزی ناوچەیی بەهێز کرد.
خۆڕاگریی سیاسیی سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان، چ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی یان لەگەڵ ئاستەنگە ئەمنییە هەرێمییەکان، فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بووە لە خۆڕاگریی ئەزموونی کوردستان. لەوەش گرنگتر، هەرێمەکە مۆدێلێکی پێشکەش کردووە کە نیشانی دەدات لامەرکەزییەتی کارگێڕی و ئابووری هەڕەشە نییە بۆ سەر یەکڕیزیی وڵات، بەڵکو ئەگەر بە باشی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت ببێتە هاندەرێک بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری (Brookings Institute, 2022).
چەمکی سەروەری، بە هەموو واتا گەورەکانییەوە، بەبێ نیازی باش بۆ چالاککردن و پاراستنی، لەسەر زەوی بەدی نایەت. ئەمڕۆ لە عێراقدا سەرکردە هەن کە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی وڵاتیان تێپەڕاندووە، کە ئەزموونی بەنرخ لە یادەوەرییەکانیاندا هەڵدەگرن و بە زەحمەت کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، بەڵام بەداخەوە، کەسانێک هەن کە بەرژەوەندییە کەسییەکانیان لە سەرووی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە دادەنێن، ناتوانن بیرۆکەی ناوچەیەک بە تایبەتمەندییەکی دیاریکراو قەبووڵ بکەن، فرەیی ڕەتدەکەنەوە و بڕوایان بە مەرکەزییەتی ڕەها هەیە. بڕیارەکانیان زۆرجار نائومێدکەرن و ئازاری هاووڵاتیان لەبەرچاو ناگرن، بێ گوێدانە ئینتیماو و دۆخی ئابوورییان.
عێراق پێگەی خۆی وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو و بەرچاو بەدەست ناهێنێتەوە، مەگەر هەموو سەرکردەکانی بەبێ جیاوازی، بتوانن یەکتر قەبووڵ بکەن و بەگوێرەی دەستوور بەشێوەیەکی یاسایی و واقیعی و لۆژیکی مامەڵە بکەن، دوور لەو بیرۆکانەی کە دەبنە هۆی لاوازکردن و دابەشکردنی عێراق.
پێویستە هەموو لایەنەکان خۆیان لە ڕێبازی وەدەرنان و پەراوێزخستن بەدوور بگرن، بە شێوەیەکی بوونیادنەرانە مامەڵە لەگەڵ جیاوازییە سیاسییەکان بکەن و کاریگەری ئەو دەنگانە سنووردار بکەن کە بەدوای بەرژەوەندییە تەسکەکانیاندا دەکەون و ڕێگە بە گوتارێکی نیشتمانی ڕاستگۆیانە بدەن بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی عێراق و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی.
دواجار یەکڕیزی و سەروەریی عێراق وەک ئامانجێکی ستراتیژی دەمێنێتەوە کە تەنها بە گفتوگۆی بوونیادنەر و هاوکاری بەرهەمدار لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا بەدی دێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە کە بەشێکە لە عێراق.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
پەیامێک لە ئەمریکاوە بۆ عێراق: کوردستان هێڵی سوورە !
17 کاتژمێر لەمەوپێش
كوردستان، هەنگاوێكی مێژوویی.. واشنتن و هەولێر كەرتی وزەی كوردستان پێش دەخەن
20 ئایار
جەنگێکی نوێی بێ دوکەڵ؛ لە پیرۆزی خاکەوە بۆ پیرۆزی خود
20 ئایار
مەسرور بارزانی لە واشنتۆنە؛ پەیامە نەگوتراوەکانی پشت ئەم سەردانە !
18 ئایار
كوردستان بە شكۆ و دەستی پڕەوە لە ئەمریكایە
18 ئایار
ئەم حکومەتەی ئیسرائیل هاوپەیمانی ئەمریکا نییە
17 ئایار
خوارنا مافێ کوردان ل عیراقێ ئێدی بوویە دیاردە!
17 ئایار
سەرۆک ئێـمەش قبووڵی ناکەین
16 ئایار
نانێکی تاڵ و گیرفانی بەتاڵ... پووچەڵکردنەوەی سیستمی فیدڕاڵ
16 ئایار
دۆناڵد ترەمپ چۆن بیر دەکاتەوە؟
15 ئایار
- بیروڕا
- 17 کاتژمێر لەمەوپێش
پەیامێک لە ئەمریکاوە بۆ عێراق: کوردستان هێڵی سوورە !