هۆشدارییەکەی وەزارەتی دارایی لەبارەی هەژماری من مووچەخۆرانی سلێمانی ناگرێتەوە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

هۆشداریی وەزارەتی دارایی بۆ خۆ تۆمارکردنی مووچەخۆران لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من، بەردەم بانکەکانی سلێمانی قەرەباڵغ کردووە و بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندیش دەڵێت، پێویست ناکات بە لێشاو بێن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە و کات ماوە.
 
وێنە گەورەکە: ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 19-5-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان مووچەخۆرانی ئاگادارکردەوە، ئەگەر تاوەکو 1-6-2025 دەست بە مامەڵەی خۆتۆمارکردن لە هەژماری من نەکەن، ئەوا مووچەیان ڕادەگیرێت تا مامەڵەکانیان تەواو دەکەن، هۆشدارییەکەی وەزارەتی دارایی، پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرکراوە بۆ بەبانکیکردنی مووچە و پێویستە هەموو مووچەخۆرێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەژماری بانکییان هەبێت.
 
- لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 265 هەزار مووچەخۆر مابوون کە هەژماری بانکیان بکەنەوە لەنێو بانکەکانی پڕۆژەی هەژماری من، زۆرینەی ئەو مووچەخۆرانەش لە سنووری پارێزگای سلێمانین. ئێستا و دوای ئەو هۆشدارییە زیاتر لە 65 هەزار فەرمانبەر خۆیان تۆمار کردووە. 

زانیاریی زیاتر: مووچەخۆران و خانەنشینانی سلێمانی بەلێشاو دەستیان بە مامەڵەی خۆتۆمارکردن لە هەژماری من کردووە و بەشێکی دیکەشیان مامەڵەیان کردووە و ئێستا دەیانەوێت کارتەکانیان لە بانک وەربگرنەوە. 

لێدوانی فەرمی: شۆخان عومەر، بەرێوبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بە ئاڤای ڕاگەیاند، پێوست ناکات فەرمانبەران بەلێشاو بێن بۆ پرکردنەوەی فۆرمەکە، ئەو فەرمانبەرانەی ناتوانن نۆرە بگرن، دەتوانن لە داهاتوودا سەردانی بانکەکان بکەن بۆ پرکردنەوەی فۆرمی هەژماری من.

- بەرێوبەری بانکی مەڵکەندی باسی لەوەشکرد، ئەو وادەیەی وەزارەتی دارایی دیاری کرد بوو سلێمانی ناگرێتەوە، فەرمانبەرانی سلێمانی ماوەیەکی درێژیان لەبەردەمە بۆ پرکردنەوەی فۆرم و وەرگرتنەوەی کارتی بانکی.

- ئێستا لەلایەن تیمەکانی هەژماری منەوە کارەکان باشتر بەڕێوە دەچن و پێدانەوەی کارتەکان زیادکراوە، مامەڵەی فەرمانبەران و خانەنشینانیش خێراتر بووە.

زانیاریی تایبەت: ئاڤا زانیویەتی، تەنیا لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 15 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە سنووری سلێمانی فۆڕی هەژماری منیان پڕکردووەتەوە. 


لەلایەکی دیکەوە: لەبارەی دوایین وادەش بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی هەژماری من، ئاڤا پشتڕاستی کردەوە کە 31-5-2025 دوایین وادە نابێت بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی هەژماری من بۆ مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی، هۆشدارییەکەی وەزارەتی دارایی مووچەخۆرانی ئەو سنوورە ناگرێتەوە و تەنیا هەولێر و دهۆک دەگرێتەوە، چونکە لە سلێمانی تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان لە هەژماری من تۆمار بکەن.

-    مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی شەش مانگیان لەبەردەمە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من، دوایین وادە 31-12-2025 دیاریکراوە، ئەم وادەیەش لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دیاریکراوە، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەنی هەژماری بانکی، دوا بەدوای ئەو ڕێکەوتەش مووچەکانیان ڕادەگیرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ