سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار: پلانێکی هەشت ساڵەی گەشتیاریمان هەیە و سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی داوە

شەیری بکە لە:
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار: پلانێکی هەشت ساڵەی گەشتیاریمان هەیە و سەرۆکوەزیران ڕەزامەندی داوە

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی دامەزراوەی "ڤیزت کوردستان" سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان میوانی ستەیجی ئاڤا بوو وتی، پلانێکی هەشت ساڵەی گەشتیاریمان هەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پلانەکەی پەسەند کردووە.

وێنە گەورەکە: دامەزراوەی "ڤیزت کوردستان" تایبەتە بە کەرتی گەشتیاری، ئامانجی ئەوەیە تا 10 ساڵی دیکە، واتە تا ساڵی 2035، ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بگەیێنێتە 20 ملیۆن گەشتیار و هەلیکاریش بۆ زیاتر لە 500 کەس دەڕەخسێنێت.

لێدوانی فەرمی: ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە ئاڤا میدیای وت، ساڵی 2022 پلانێکی هەشت ساڵەی گەشتاریمان دایە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پلانەکەی پەسەند کرد و دەمانەوێت تا ساڵی 2030 کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان بگەیەنینە ئاستێکی دیکە.

ئەمەل جەلال، لەبارەی پلانەکە گەشتیارییەکە دەڵێت: هەرێمی کوردستان هەر چوار وەرزی گونجاوە بۆ گەشتیاری، پلان ئەوەیە شوێنە گەشتیارییەکان هەمەجۆر بکرێت، لەهەمان کاتدا شوێنەوارەکان نۆژەن بکرێنەوە، هاوکات ئامانجمان ئەوەیە زۆرترین سەرمایەگوزاری گەشتیاری لە قەزاکان بکرێت، چونکە زۆرترین ناوچەی گەشتیاری دەکەونە قەزاکان.

لەبارەی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: سەرەتای پڕۆژەکە هاتنە لای ئێمە، بیرۆکەکەمان زۆر لەلا جوان بوو، بەڵام وەکو پێشنیاز، پێویستە کارەکانی "ڤیزت کوردستان" بگوازرێنەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەوێش ئاشنا بکرێن بەو پڕۆژە گەشتیارییە گەورەیە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: "ڤیزت کوردستان" کار لەسەر چەند پرۆژەیەکی گەشتیاری دەکات، دیارترینیان پرۆژەی تەلەفریکی 10 کیلۆمەتری سۆرانە کە ساڵی 2027  تەواو دەبێت، پرۆژەکە لە 10  وێستگە پێکدێت و هۆتێل و کافی، شوێنی دیکەی تایبەت لەخۆ دەگرێت. 

شەیری بکە لە: