رێبەری باڵای ئێران "داوایەک ئاراستەی پووتین دەکات"

شەیری بکە لە:
رێبەری باڵای ئێران "داوایەک ئاراستەی پووتین دەکات"

عەباس عێراقچی و ڤلادیمیر پووتین

 ئاڤا نیوز 

 

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵاوە ئاشکرای کرد: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەدات کە تێیدا داوای هاوکاری دەکات.

 
وێنە گەورەکە: رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ناردە مۆسکۆ بۆ ئەوەی داوای یارمەتیی رووسیا بکات، ئەمەش دوای گەورەترین هێرشی ئەمریکا لەدژی کۆمارە ئیسلامییەکە لەوەتەی ساڵی 1979ـەوە، واتا ساڵی شۆڕشی ئیسلامی کە بووە هۆی رووخانی دەسەڵاتی شا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزرا.


لێدوانی فەرمی: عێراقچی لە راگەیێندراوێکدا كە لە كەناڵی تێلێگرامی خۆی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێ "ئێران و ڕووسیا، دوو هاوبەشی سەرەكین و هەمیشە ڕاوێژ لەنێوانیاندا هەبووە، پێكەوە لەسەر زۆر پرس كارمان كردووە و هاوهەڵوێست بووین، ئێستا هەلومەرجی ناوچەكە وا دەخوازێت، مۆسكۆ زیاتر لە جاران ڕۆڵی كاریگەری خۆی بگێڕێت و لەو گرژییەدا قسەی جددی هەبێت."

عێراقچی باسی ئەوەش دەکات "تاران و مۆسكۆ نیگەرانیی هاوبەشیان هەیە، پێویستە بەیەكەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و هەڕەشە هاوبەشەكان ببنەوە، هەموو ئەو بابەتانە لەگەڵ سەرۆك پووتین باس دەكەین."


ئەوەی پێویستە بیزانی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش ئەوەی فەرمانی هێرشەکە بدات، چەندین جار بە ئاشکرا باسی بەئامانجکردنی بەرپرسانی باڵای ئێران و  گۆڕینی دەسەڵاتەکەی کردووە، ئەمەش هەنگاوێکە کە رووسیا ترسی ئەوەی لێی هەیە؛ بەهۆیەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نقوومی وێرانکاری بێت.

 
لە لایەکی دیکەوە: هەرچەندە پووتین ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کردووە، بەڵام هێشتا هیچی لەسەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نەگوتووە، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئامادەیی مۆسۆی نیشاندا بۆ نێوەندیگیریکردن لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

زانیاریی فەرمی: کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) پشتڕاستی کردووەتەوە کە پووتین لەگەڵ عێراقچی کۆدەبێتەوە، بەڵام راینەگەیاندووە لەبارەی چییەوە گفتوگۆ دەکەن.


باکگراوند: پووتین پێشتر رایگەیاندبوو؛ ئیسرائیل، مۆسکۆی دڵنیاکردووەتەوە لەوەی شارەزایانی رووسی کە یارمەتیی ئێران دەدەن لە دروستکردنی دوو بنکەی ئەتۆمی لە بووشەهر، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا ناکرێنە ئامانج.


ئەمەش بزانە: رووسیا هاوپەیمانێکی دێرینی تارانە و رۆڵی هەیە لە گفتوگۆکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: