ئاڤا خەرجی و داهاتەكانی حکومەتی کوردستان ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا خەرجی و داهاتەكانی حکومەتی کوردستان ئاشکرا دەکات

گرافیکی داهاتی ناوخۆ

ئاڤا نیوز

ئاڤا بۆیەکەمجار ڕاپۆرتێک لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران خراوەتەڕوو، تێیدا ورد و درشتی داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان لە 2025-01-01، تاوەكو 2025-06-20، ڕوون دەكاتەوە.

وێنە گەورەکە: دوای ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا لەسەر بودجە، هەرێمی کوردستان مانگانە لەڕێگەی داهاتی ناوخۆ بڕە پارەیەک ڕادەستی بەغدا دەکات وەک بەشێک لە ڕێکەوتنەکە.

ژمارەکان وادەڵێن: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دارایی کە کۆپییەکی دەست ئاڤا کەوتووە و لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە ئامادەكراوە و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومی وەزیران خراوەتەڕوو، داهاتی ناوخۆ مانگانە 320 بۆ 340 ملیار دینارە، لەو داهاتەش؛ 67 ملیار دینار بەشێوەی چەكە و مەقاسەی نێوان فەرمانگەكانە، 49 ملیار دیناریش دەخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەی دەمێنێتەوە كە 230 ملیار دینارە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 158 ملیار دینار بۆ خەرجی تەشغیلی (بەكاربردن) خەرج دەكات، بەجۆرێك؛ پێشینەی فەرمانگەكان كە نزیكەی 120 ملیار دینارە و ئێستا بۆ 60 ملیار دینار كەمكراوەتەوە، خەرجییە تەشغیلییەكانی دیكەش مانگانە سەرووی 70 ملیار دیناری لێ خەرج دەكرێت.

لێدوانی فەرمی: ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئێستا ڕۆژانە بڕی 280 هەزار بەرمیل نەوت لە 9 كێڵگە بەرهەمدەهێندرێت، كە لە كۆی 14 كێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت، نۆ كێڵگە كاردەكات و كاركردن لە پێنج كێڵگە وەستێندراوە.

بەكارهێنان و داهاتەكەش بەمجۆرەیە:

٠ بەپێی ئەو گرێبەستەی كراوە ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل دەدرێت بە كۆمپانیاكانی نەوت.

٠ لەو 180 هەزار بەرمیلەی دەمێنێتەوە، 65 هەزار بەرمیلی بۆ بەركاربردنی ناوخۆیە، 115 هەزار بەرمیل نەوتیش ڕۆژانە بە ئاشكرا دەیفرۆشین و داهاتەكەی نزیكەی 85 ملیۆن دۆلارە كە بەمشێوەیە خەرج دەكرێت:

- 40%ـی دەدەین بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە دەكاتە (34) ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.

- 30% بۆ بەرهەمهێنانی خەرجی نەوتە بۆ پاڵاوگەكان كە دەكاتە (26) ملیۆن دۆلار.

- 20%ـی بۆ قەرزی پێشووی كۆمپانیاكانی نەوتە كە پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ كراوە و پارەكەیان بە پێشەكی وەرگیراوە كە 17 ملیۆن دۆلارە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ