سەرۆکی چین دەیان ساڵە خۆی بۆ شەڕێکی سارد لەگەڵ ئەمریکا ئامادە دەکات

شەیری بکە لە:
سەرۆکی چین دەیان ساڵە خۆی بۆ شەڕێکی سارد لەگەڵ ئەمریکا ئامادە دەکات

شی جین پینگ، سەرۆکی چین. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

شی جین پینگ، سەرۆکی چین، ستراتیژێکی گشتگیر و درێژخایەنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا داڕشتووە کە لەسەر بنەمای وانەکانی هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤێت دامەزراوە. لەکاتێکدا ئەمریکا، بەتایبەت لە سەردەمی ترەمپدا، فشاری ئابووریی وەک چەکی سەرەکی بەکاردەهێنێت، شی جین پینگ ململانێکە وەک "شەڕێکی سارد"ـی نوێ دەبینێت و خۆی بۆ ئامادە دەکات.

وێنە گەورەکە: چین بە سیاسەتێکی نەرم و دان بەخۆداگرتنی بەردەوام، دەیەوێت دەست بەسەر ئابووری جیهان بگرێت و بە وردی سەرنجی خستووەتە سەر جەنگی سارد لەگەڵ ئەمریکا.

بابەتە ستراتیژیەکە: ئامانجی سەرەکیی شی ئەوە نییە ڕاستەوخۆ سەرکەوتن بەسەر ئەمریکادا بەدەست بهێنێت، چونکە دان بەوەدا دەنێت کە هێشتا ئەمریکا لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە باڵادەستە. بەڵکو ئامانجەکەی گەیشتنە بە "ڕاوەستانی ستراتیژی"، واتە دۆخێکی هاوسەنگیی بەردەوام کە تێیدا فشارەکانی ئەمریکا دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێن و چین کاتی پێویستی بۆ بەهێزبوون و گەیشتنەوە بە ئەمریکا هەبێت. ئەمەش هاوشێوەی تێڕوانینەکەی هێنری کیسنجەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا بۆ شەڕی ناهاوسەنگ کە دەڵێت: "سوپای ئاسایی دەدۆڕێت ئەگەر نەیباتەوە، بەڵام گەریلا دەیباتەوە ئەگەر نەدۆڕێت."

کۆڵەکەکانی ستراتیژییەکەی شی (وانەکان لە سۆڤێتەوە)

شی جینپینگ ستراتیژییەکەی لەسەر چوار کۆڵەکەی سەرەکی بوونیادناوە کە لە هەڵەکانی یەکێتیی سۆڤێتەوە فێری بووە:

1- کۆڵەکەی ئابووری: سۆڤییەت هەموو گرنگیی خۆی دایە پیشەسازیی قورس و چەک، ئەمەش وایکرد ئابوورییەکەی لاواز و یەکڕەهەند بێت. بەپێچەوانەوە، چین هەوڵدەدات "هەموو شتێک بەرهەم بهێنێت". ستراتیژی "سوڕی دوولایەنە"  ئامانجی ئەوەیە چین لە ناوخۆدا خۆبژێو بێت و کەمترین پێویستیی بە دەرەوە هەبێت، بەتایبەت لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە، لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت لە فرۆشتنی کاڵاکانی بە بازاڕەکانی جیهان.

2- کۆڵەکەی جوگرافیای سیاسی: سۆڤێت خۆی لە جیهان دابڕی و بلۆکێکی داخراوی دروست کرد. چین هەوڵدەدات لەمە دوور بکەوێتەوە. ستراتیژییەکەی بریتییە لە لاوازکردنی هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا و هاندانی "فرە-هاوپەیمانی"، واتە وڵاتان ناچار نەبن تەنیا لایەنێک هەڵبژێرن و بتوانن پەیوەندییان لەگەڵ چەندین هێزی جیهانی هەبێت.

3- کۆڵەکەی سەربازی: سۆڤێت کەوتە ناو پێشبڕکێیەکی چەکداریی پڕ خەرجەوە کە ئابوورییەکەی داڕماند. چین بەشێوەیەکی جێگیر و ژیرانە بودجەی سەربازیی خۆی زیاد دەکات (نزیکەی 7.2% ساڵانە)، کە لە گەشەی ئابووریی گشتی زیاترە، بەڵام هێشتا کەمترە لە 1.5%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی. ئامانجی بەهێزکردنی سوپایە بەبێ ئەوەی وڵات تووشی مایەپووچی بکات.

4- کۆڵەکەی سەرەکی: کۆنترۆڵی حیزب، شی جین پینگ هۆکاری سەرەکیی ڕووخانی سۆڤێتی بۆ لاوازیی ئایدیۆلۆژی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی حیزبی شیوعی گەڕاندووەتەوە. بۆیە گرنگترین بەشی ستراتیژییەکەی بریتییە لە تووندکردنەوەی دەسەڵاتی حیزبی شیوعی بەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگادا و ڕێگەنەدان بە هیچ دەنگێکی جیاواز و ئۆپۆزسیۆن.

خاڵی وەرچەرخان و جێبەجێکردن

هەرچەندە شی، هەمیشە گرنگیی بە مێژووی سۆڤێت داوە، بەڵام خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی جەنگی بازرگانیی دۆناڵد ترەمپ بوو لە ساڵانی 2018-2019. ئەمە شی و سەرکردایەتیی چینی گەیاندە ئەو باوەڕەی کە ئەمریکا سوورە لەسەر پاراستنی باڵادەستیی خۆی و پێویستە چین خۆی بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە بکات.

هەنگاوەکانی چین

پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا پتەوتر کردووە هاوڕێیەتیی "بێ سنوور"، زیاتر گرنگی بە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو داوە لە ڕێگەی پڕۆژەی "یەک پشتێنە و یەک ڕێگا"، کە ئێستا بە شێوازێک پێداچوونەوەی بۆ کراوە کەمتر وەک "قەرزی داو نەهێنەر" دەربکەوێت.

هەوڵدەدات سوود لە پشێویی سیاسیی ناوخۆی ئەمریکا وەربگرێت و بە "ئارامگری" و "کڕینی کات" لە ڕێگەی دانوستان و دیالۆگەوە، فشارەکان کەم بکاتەوە.

هەوڵی بەهێزکردنی "هێزی نەرم"ـی خۆی دەدات، وەک بانگهێشتکردنی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سۆشیال میدیا بۆ پیشاندانی وێنەیەکی "جوانتر"ـی چین بە جیهان.

ئاڵنگارییەکان و دەرەنجام

بێگومان ستراتیژییەکەی شی، بێ کێشە نییە. سیاسەتەکانی بۆ تووندکردنی کۆنترۆڵی دەوڵەت، زیانی بە کەرتی تایبەت گەیاندووە و بووەتە هۆی کێشەی ئابووری وەک هەڵاوسانی پێچەوانە، بەڵام لە تێڕوانینی شی جین پینگدا، ئەم کێشانە باجێکی قابیلی قبووڵن لەپێناو ئامانجە گەورە و درێژخایەنەکە، کە بریتییە لە ماندووکردنی ئەمریکا و لە کۆتاییدا گەیشتن بە سەروەریی تەکنەلۆژی و هەژموونی جیهانی. چین خۆی بۆ ململانێیەکی درێژخایەن ئامادە دەکات و باوەڕی وایە کات لە بەرژەوەندیی ئەودایە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ