
لە دوێنێوە دەیان دایک و باوک و قوتابی پەیوەندیان پێوەکردووم.. دادوبێدادیانە بە دەست پەتای بەکەلۆری و لێکەوتە و کاریگەرییە خراپەکانییەوە...
پەتایەک کە هەموو ساڵێک توندتر و کوشندەتر لە ساڵی پێشتر سەرهەڵدەداتەوە و سەرلەبەری ژیانی ئاسایی و ئاسوودەیی هەزاران خێزان و دەیان هەزار کوڕ و کچی نەمامئاسای ئەم کوردستانە وێران دەکات. ناوماڵەکان دەکاتە زیندانێکی پڕ لە سانسۆر و قەدەغە و حەرام و حەڵاڵ ! قوتابیان بێبەش دەکات لە هەرچی خۆشی و شادی و جوانییەکانی قۆناغی نەوجەوانی و سەرەتای گەنجێتییانە.
من و چەندین نووسەر و بیرمەند و پەروەدەکاری سەنگینیش هەموو ساڵێک، لە هەر جێیەک و لە هەر پلاتفۆرمێکدا بۆمان لوا بێت، ئەم سیستمە دڕ و نازانستییەمان ڕەخنەباران کردووە، بەڵام داخی گرانم بەبێ ئەوەی جارێک لە جاران دڵسۆزانە لە ئاستی ناوەندی بڕیاردا تاوتوێ بکرێن، بە پاساوی لەقتوونراوی حازربەدەست، ڕەتکراونەتەوە و دۆسیەکە داخراوەتەوە.
من لەبری هەزاران دایک و باوک دەپرسم: کاتێک کە زۆربەی قوتابییان بە تێکڕای نمرەی 70 تا 80 وەردەگیرێن بۆ تاقیکردنەوەی بەکەلۆری، هۆکارەکان چین کە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا شکست دەهێنن یان بە نمرەی 50 تا 60 دەردەچن؟ هەر خۆم هەوڵ دەدەم لێرەدا بە چەند خاڵێک وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە:
1. هۆکاری یەکەم؛ پەیوەندیی هەیە بەو کەش و دۆخە مەترسیدارە- چارەنووسسازەوە کە وەک تارمایی و جادوو، دەیان ساڵە دەوری ناو و ناوەڕۆکی (بەکەلۆری) ی داوە و مێشکی تازەپێگەیشتووی گەنجان و دڵ و دەروونی ناسک و کەمئەزموونیان گەمارۆ دەدات و دووچاری شڵەژان و ترس و بێبڕواییان دەکات.
2. هۆکاری دووەم؛ بارودۆخی ناو ماڵ و خێزانە کە بەرئەنجامێکی ناچاری هۆکاری یەکەمە: نەفیر عام و ئینزاری دەرەجە 4 و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و هاموشۆ ، حەرامکردنی خەون و خۆشی لە گەنجان و لە هەموو ئەندامانی تری خێزانەکە ! بڕوا ناکەم هیچ خاوەن ئەقڵێک لەناو هەلومەرجێکی لەو جۆرەدا کە بارودۆخی کۆریای باکوور لە چاویدا سەیران و گەشت و ئازادییە ! چاوەڕێی ئەنجام و بەرهەمێکی پوخت و بێگەرد بێی.
3. هۆکاری سێیەم: پەیوەندیی هەیە بە میزاج و باری دەروونی و ئاستی پێگەیشتوویی هزر و هەستی (مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی) ی ئەو بەڕێزانەی هەموو ساڵێک پرسیارەکانی بەکەلۆری دادەڕێژن . تا چەند هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ هەستیاری ئەم جۆرە تاقیکردنەوانەدا دەکەن؟ تا چەند دادپەروەرانە و بە بەزەییوە (کە سیفەتی خودا و هەموو پیاوچاکانی مێژوون) بارو دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و خێزانی، تەندروستی، دەرونیی دەیان هەزار قوتابی تووشبووی پەتای بەکەلۆری و هەزاران خێزانی بەرکەوتەی ڤایرۆسی بەکەلۆری بەهەند وەردەگرن؟
ئایا کاتێ کە پرسیارەکان دادەڕێژن، ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاوە کە ئاستی تێگەیشتن و حەز و خواست و توانای لەبەرکردن و وەبیرهاتنەوەی قوتابیان وەک یەک نییە و لە نزمەوە تا مامناوەند و تا باش و باشترین، جیاوازە؟ ئەگەر تاقیکردەنەوەکان تەنها بۆ ڕێژەی 10% یە کە توانای لەبەرکردن و دەرخیان زۆر باشە، با دەستیان کراوەبێت و 100% ی پرسیارەکان ئاڵۆز و سەخت بن . بەڵام هەمووان دەزانین و بەڕێزیشیان بە ئەزموونی چەند ساڵەی خۆیان دەزانن کە 90% ی قوتابیان، سەرباری ئەو هۆکار و هەلومەرجانەی پێشتر باسم کردن و دەبنە مایەی ترس و بێباوەڕی، توانا و ئارەزووی دەرخیشان یان زۆر نزمە یان مامناوەندە. کەواتە بە چ هۆکارێک، زیاد لە پێویست دەست دادەگرن و پرسیارەکان هێندە ئاڵۆز و سەخت دەکەن، کە دەبێتە هۆکارێکی کوشندەی تر بۆ نائومێدکردن و ئازاردانی دەروونی ئەو گەنجە نازدارانە؟
هەندێجار کە پرسیارەکان دەبینم وا هەست دەکەم ئەمانە تەڵە و مینی شاراوەن و دانراونەتەوە بۆ ئەوەی بە کوڕ و کچەکانماندا بیانتەقێننەوە نەک بۆ هەڵسەنگاندن. ئایا لەپای چی لەبری دەستگیرۆیی و هاوکاری و سۆز و بەزەیی و ڕەچاوکردنی بارودۆخی مرۆیی، گەنجە خێر لەخۆ نەدیوەکانی وڵاتمان بەم سزایە دەگەێنن !؟
من بۆ خۆم لە مێژە دژی بیرۆکە و فەلسەفەی تاقیکردنەوەم لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا . هەڵبەتە مەبەستم لە تاقیکردنەوەیە بەم مەرجانەی کە لای ئێمە باوە و کەس جورئەت ناکات دەستیان بۆ ببات. لەناو سیستمی شکستخواردووی تاقیکردنەوەشدا، بەکەلۆری پشکی شێری لەو شکستە بەردەکەوێت، چونکە لە ناکاو بەرەنجامی توانا و بەهرە و ماندووبوون و داهێنانی 12 ساڵی تەمەنی گەنجێک، کەڕەتی سفر دەکرێت و پێوەری سەرکەوتن و پەڕینەوەی بۆ قۆناغێکی نوێی ژیانی زانکۆیی (کە وا وێنا کراوە گوایە بەهەشتە !!) تەنها ئەوە دەبێت کە لەو دوو مانگ و دوو هەفتە و دوو ڕۆژو دوو کاتژمێرەی پێش چوونە هۆڵی بەکەلۆری و ئەو سێ کاتژمێرەی لەسەر تەختەیەکی ڕەق و لە هۆڵ و جێییەکی نامۆ و لەژێر چاودێرییەکی توندی هەموو دەزگە پەیوەندیدارەکاندا، دێتەوە بیری و دەیخاتە سەر کاغەز!! ئەوەش بە پێوەری لۆژیک و ئەقڵێکی کراوەی مۆدرێن، یەکەمین و گەورەترین نادادی و ستەمە کە کۆمەڵگە و دامودەزگەی پەروەردە و فێرکردن لە بەرامبەر منداڵانی نازداری تازە نەمامی خۆی دەیکات!
ماوەی دوو مانگە منداڵ و خێزانەکانمان لەو بارودۆخە سەختەی بژێویدان کە خوانەناس و سیاسییە بەکرێگیراوەکانی عێراق بەسەریاندا هێناوین.. ئەمەش ئەنجامی نەخوازراوی پەتای بەکەلۆری کە هەزارانی نائومێد کرد. مەردی خوا بن با بە هەموو لایەک هیممەتێک بکەن؛ وەزارەت، مامۆستایانی پرسیار دانەر، سەرپەرشتیاران، قوتابخانەکان، بۆ خولی دووەمی بەکەلۆری، باوکانە، دایکانە، بەرپرسانە، مامەڵەیەکی دروست و کوردانە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و ئومێد ببەخشینەوە.. ئەو سەرەدەمە بەسەرچوو نمرەی بەکەلۆری چارەنووسی گەنجان دیاری بکات !
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئاسایشی قەوارەی هەرێم لە سەروو ململانێ سیاسییەكانەوە
5 تەممووز
ئاڤا تیڤی.. ئەو کەناڵەی هاوسەنگی میدیای کوردی گۆڕی، چۆن؟
2 تەممووز
دۆزی کورد و هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
2 تەممووز
جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە یان تەنیا وەرگرتنی پشوویەکە؟
29 حوزەیران
کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران.. کرانەوەی نوێ یان مەترسییە کۆنەکان؟
26 حوزەیران
سیستمێكی ناوازەی هەواڵ؛ ئاڤا میدیا لە یەكەم ئەزموونی جەنگدا
25 حوزەیران
چیتر گەرووی هورمز کارتی بەهێزی گوشار نییە لەدەست ئێران
24 حوزەیران
هەلومەرجى ناوچەکە و گوتارى بەناو ئۆپۆزسیۆن
23 حوزەیران
بۆچی هێرشەكەی سەر نەخۆشخانەی سۆروكا جیهانی هەژاند كەچی ئەوەی كرماشان نا؟!
21 حوزەیران
جەنگی ساختەی ئێران و ئیسرائیل لە سەردەمی AIـدا
21 حوزەیران