قسەی دڵی خەڵک لەبارەی مووچە؛ کاتی هەڵوێست و بڕیارە بەرامبەر بەغدا

قسەی دڵی خەڵک لەبارەی مووچە؛ کاتی هەڵوێست و بڕیارە بەرامبەر بەغدا

سوودانی و حکومەتەکەی بێباکن بەرامبەر خەڵکی کوردستان و خەریکی کاتکوشتنن، گرافیک؛ ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


سوودانی بەنیاز نییە مووچە بنێرێت، سوورە لەسەر تێکەڵکردنی قوتی خەڵکی کوردستان بە کێشە سیاسییەکان. بۆیە ئیتر کاتی هەڵوێستە و پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لە بە‌غدا بکشێنەوە.

چی ڕوودەدات: ئەو لیژنەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت و مووچە و داهاتی ناوخۆ پێکیهنابوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکرد، ناشزانرێت سبەی هەینی کۆبوونەوە دەکات یان نا. ئەمە لەکاتێکدایە ئەو وادەیەی بۆ لیژنەکە دانرابوو خەریکە بێ ئەنجام تەواو دەبێت.

ئەو مانایەی دەگەیێنێت: بەرپرسانی حکومەتی عێراق هێندە کەمتەرخەمن گوێ بەوە نادەن زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆری کوردستان نزیکەی 70 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە. بیر لەوە ناکەنەوە زوو بڕیار بدەن و هیچ نەبێت مووچەیەک بنێرن تاوەکو چارەسەرێک بۆ کێشەکان دەدۆزرێتەوە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کەوتە هەفتەی داهاتوو. ڕوونە ژمارەیەک کۆبوونەوەی دیکەی لیژنەکە و حکومەت و دادگای فیدراڵی دەکرێن. بە پشتبەستن بە ئەزموونی ڕابردووش دەرکەوتووە کۆبوونەوە و لیژنەکاری لە کاتکوشتن هیچی تر نەبووە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە سوودانی
هەر سوورە لەسەر ئەوەی مووچە نەنێرێت و دەیەوێت سزای بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بدات. ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە کێشەکە سیاسییە و قوتی خەڵکی کوردستان لەگەڵ کێشە سیاسییەکان تێکەڵ دەکرێت.

ئەو هەنگاوانەی پێویستە بگیرێنەبەر: پێویستە هەفتەی داهاتوو هەفتەی هەڵوێست و بڕیار بێت، هەفتەی  چاوەڕوانی نەبێت، خەڵک و سەرکردایەتی کوردستان پشوودرێژییان نەماوە و لەوە زیاتر چاوەڕێ ناکەن،  دەبێت هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت.

٠ نوێنەرانی کورد لە عێراق، هەموویان بەیەکەوە بکشێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ کوردستان. ئەوە نەبێت یەکێک بمێنێتەوە و یەکێک بکشێتەوە. هەموویان بەیەکەوە یەک هەڵوێست و یەک دەنگ دژی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بووەستنەوە و لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێنەوە.

٠  حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفافانە بۆ خەڵکی ڕوون بکاتەوە داهات و خەرجی چەندە و بەڕوونی بڵێت بە چ شێوازێک دەتوانێت مووچە دابەش بکات.

٠ خەرجییەکانی حکومەت لە سەرجەم بوارەکان کەم بکرێنەوە.

٠ سەرمایەداران و بازرگانان هاوکاریی حکومەت بکەن و سندووقێک دابنێن بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە بەشێک لە سەرمایەدارانی نیشتمانی کەمتەرخەمییان نەکردووە لە خزمەتکردنی خەڵک، بەڵام دەیان ساڵە هەزاران کەس بەهۆی حکومەتەوە بوونەتە ملیۆنێر و دەوڵەمەند بوون، ئێستا کاتیەتی هەڵوێست بنوێنن و پشتیوانی دارایی هەرێمی کوردستان بکەن.

٠ هەندێک سیاسی بەناو ئۆپۆزیسیۆن کە سەری زمان و بنی زمانیان باسی مووچەیە، پێویستە سەرەتا پشکی خەڵک و قەرزەکانی حکومەت بدەنەوە کە ملیۆنان دۆلارە، دواتر دەست بە پیشەی هەمیشەییان، موزایەدە و قسەکردن بکەن.

شەیری بکە لە: