شاندێکی باڵای سیاسیی پارتی و یەکێتی سەردانی بەغدا دەکەن

شەیری بکە لە:
شاندێکی باڵای سیاسیی پارتی و یەکێتی سەردانی بەغدا دەکەن

لۆگۆی (پارتی و یەکێتی)

ئاڤا نیوز

بڕیارە شاندێکی باڵای سیاسیی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت سەردانی بەغدا بکات.

وێنە گەورەکە: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەندینجار شاندی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری پرسی مووچە و کێشەکان سەردانی بەغدایان کرد و شاندی حکومەتی فیدراڵیش چەندجارێک هاتنە هەولێر، کوردستان دەڵێت کێشەی مووچە سیاسییە و بەغدا دروستیکردووە، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەڵێن هۆکاری ڕاگرتنی مووچە و کێشەکان هونەریی، تەکنیکی و یاسایین و تا حکومەتی کوردستان پابەندی ئەرکەکانی نەبێت، شایستە داراییەکانیان نانێرن.

زانیاریی تایبەت: بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤای گوت: شاندە سیاسییەکە لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان پارتی و یەکێتی هاوبەش دەبێت، بەڵام نازانرێت کە ئەمشەو یان سبەی شاندەکە دەچێت.

 شاندەکە بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەکات، واتە سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتی عێراق، کورد و سوننە و شیعە پێکەوە کۆدەبنەوە و گفتوگۆی جددی و یەکلاکەرەوە لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەباری ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت  دەکەن.

لە پشتی پەردەوە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ناردنی مووچە و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیار وایە کە مووچەیەک بێت، بەڵام نازانرێت کەی ئەو مووچەیە دێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوێنێ لە کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی لە پیرمام، پێشنیاز کرابوو کە تا دوا چرکەکان چاوەڕێ بکرێ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن، ئەگەر دواجار لەگەڵ بەغدا نەگەیشتنە هیچ دەرەنجامێک، ئەو کاتە پارتی و یەکێتی بڕیارێکی هاوبەش لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدەن.

خاڵە ئەرێنییەکان: لە کۆبوونەوەکەی پیرمام، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕوونی کردووەتەوە کە لەپێناو مافەکانی خەڵکی کوردستان هەموو نەرمییەکی بەرامبەر بەغدا نواندووە و هەموو ئاسانکارییەکی کردووە بۆ ڕێککەوتن.

 

شەیری بکە لە: