عێراق داوای ڕاگرتنی گرژیی و پێکدادانەکانی سووریا دەکات

شەیری بکە لە:
عێراق داوای ڕاگرتنی گرژیی و پێکدادانەکانی سووریا دەکات

هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە شاری سوەیدا

ئاڤا نیوز

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بە نیگەرانییەوە چاودێریی زیادبوونی گرژییەکانی سووریا دەکات و داوای ڕاگرتنی گرژیی و پێکدادانەکانیش دەکات، هاوکات دەستوەردانی سەربازیی ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەو وڵاتەش بۆسەر سووریا سەرکۆنە دەکات.

وێنە گەورەکە: دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕ و پێکدادان و کوژرانی لانیکەم 100 کەس، ئەمڕۆ سووپای سووریا ناوەندی پارێزگای سویدای زۆرینەی دروزی لە باشووری وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد، سەڕای هێرشی ئیسرائیلیش بۆسەر چەند پێگەیەکی سوپا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەناو شارەکەدا، بەڵام تائێستا گرژییەکان لە سویدا بە تەواوی نەوەستاون و نائارامییەکان بەردەوامن.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق بە نیگەرانییەوە چاودێری زیادبوونی گرژییەکان لە سووریا دەکات و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە دەکات، هێرشەکانیش وەک پێشێلکردنی سەروەریی سووریا و هەڕەشە بۆسەر ئارامی ناوچەکە سەیر دەکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق داوا لە هەموو لایەنەکانی سووریا دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و بۆ چارەسەری کێشەکان پەنا بۆ گفتوگۆ بەرن، هاوکات داوایان لێدەکات گرژییەکان ڕابگرن کە بەهۆیەوە نەهامەتییەکانی گەلی سووریا زیاتر دەبن، هاوکات بەغدا پشتیوانی هەوڵە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکان دەکات بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ سووریا و سەرکەوتنی چارەسەری سیاسی گشتگیر و بەردەوام.

شەیری بکە لە: