تۆمەتباری بکوژی خۆپیشاندەرەکەی وەرتێ ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرا

شەیری بکە لە:
تۆمەتباری بکوژی خۆپیشاندەرەکەی وەرتێ ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرا

ئەو کەسەی بەهۆی گرژییەکانی ناوچەی وەرتێ گیانی لەدەست دا

 ئاڤا نیوز

 

بنەماڵەی ئەو کەسەی کە تۆمەتبار دەکرێت بە کوشتنی خۆپیشاندەرەکەی ناوچەی وەرتێ ڕاگەیێنراوێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، تۆمەتبارەکە لەسەر بڕیاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرا.

 

چیرۆکی سەرەکی: شەوی یەکشەممە لەسەر پردی حافیز لە ناحیەی وەرتێ، هاونیشتمانیانی ناحیەکە گردبوونەوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر کەمبوونەوەی کارەبا، دوای ئەوەی گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو، هاونیشتمانییەک بەناوی (حەسەن ڕەحمان) گولـلەی بەرکەوت و گیانی لەدەست دا.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: هاونیشتمانی حەسەن عومەر  بەناوی بنەماڵەی (سەمەد عومەر) لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاو کردەوە، کە تیایدا هاتووە: ئەوەی ڕووی دا نەخشە بۆدارێژراو نەبووە، و وەک بنەماڵەی حەسەن عومەر، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خزمانی وەرتێ و باڵەکایەتی دەکەین  و لە دڵەوە غەمبارین بەو ڕووداوە نەخوازراوەی لە گردبوونەوەکەی شەوی یەك شەمە ڕووی دا لە پردی حافیز.

 

لەبارەی ڕادەستکردنی تۆمەتباری بکوژی خۆپیشاندەرەکە، لە ڕوونکردنەوەکەی بنەماڵەی حەسەن عومەردا هاتووە، "لەسەر  بڕیاری وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمەتبارەکە ڕادەستی یاسا کراوە، یاسا هەر بڕیارێك بدات، ئێمە وەکو بنەماڵە پێیەوە پابەندین و وەک هەمیشە یاسا لە سەرووی هەموو شتێک دەبینین". 

شەیری بکە لە: