دوای بەدواداچوونی ئاڤا گرفتی كۆیە سیتی چارەسەردەكرێت

شەیری بکە لە:

دیمەنی پرۆژەی کۆیە سیتی

ئاڤا نیوز

دوای بەدواداچوونی ئاڤا بۆ گرفتەكانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی 'كۆیە سیتی'، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر سوپاسی ئاڤا دەكات و دەڵێت، "ئاڤا هۆكار بوو بۆ ئەوەی گرفتەكە لە ئاییندەیەكی زۆر نزیكدا چارەسەر بكرێت."

چیرۆكی سەرەكی: هەفتەی ڕابردوو، گرفتەكانی پرۆژەی تەواونەكراوی كۆیە سیتی لە شارۆچكەی كۆیە لە بەرنامەی مۆری ئاڤا خرایەڕوو، كە بەهۆیەوە خەڵكانێكی زۆر زەرەریان كردووە، ئەوكات بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتەكەی دا، ئاڤا بووە هۆكاری گەیاندنی داوای سەدان زیانلێكەوتووی پرۆژەكە و لە ئاییندەیەكی نزیكدا پرۆژەكە دەستپێدەكاتەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پڕۆژەی كۆیە سیتی، یەكێكە لەو دەیان پڕۆژە نیشتەجێبوونەی كە بەهۆی كەمتەرخەمیی وەبەرهێنەری جێبەجێكار، بە ناتەواوی جێهێڵدراون و خەڵكانێكی زۆریش خانوو و ڤێلاكانیان كڕیوە و بەهۆی نادیاری چارەنووسی پڕۆژەكە، زیانێكی زۆریان كردووە.

لێدوانی فەرمی: سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند، دوای بەرنامەكە؛ پەیوەندیمان بە قایمقامی قەزای كۆیە كرد، خۆشبەختانە دەستبەجێ وەبەرهێنەرێكی نوێی ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر كرد كە ئامادەیی هەیە پرۆژەكە تەواو بكات.

چی ڕوویدا: وەبەرهێنانی هەولێر وردەكاری كەموكوڕییەكانی پڕۆژەكە و ڕێكارە پێویستەكانی لەگەڵ وەبەرهێنەرە تازەكە تاوتوێ كرد، ئەویش ئامادەیی خۆی دەربڕی بە دەستپێكردنەوەی كارەكان بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە و قەرەبووكردنەوەی كەسانی زەرەرمەندبوو، چاوەڕوانی قایمقامیەتی كۆیەن  بە نووسراوی فەرمی وەڵامیان بداتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: