خانمە پەرلەمانتارێکی عێراق هەڕەشە لە بەڕێوەبەری ناحییەیەک دەکات

شەیری بکە لە:
خانمە پەرلەمانتارێکی عێراق هەڕەشە لە بەڕێوەبەری ناحییەیەک دەکات

نەورەس عیسا، پەلەمانتار و بەربژێر بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

خانمە پەرلەمانتارێکی عێراق هەڕەشە لە بەڕێوەبەری ناحییەیەک دەکات و پێی دەڵێت، "ئەوەی کەمتەرخەمی بکات دەیخەمە ژێر پێڵاوەکانمەوە و پێڵاو دەکەمە سەری"، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

چیرۆکی سەرەکی: خانمە پەرلەمانتارێکی عێراق لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بەڕێوەبەری ناحیەیەک دەڵێت "پێڵاو دەخەمە سەرت" ئەمەش کاردانەوەی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.

بینراو و بیستراو: لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، خانمە پەرلەمانتار "نەورەس عیسا" کە ئەندامە لە لیژنەی دەستپاکی عێراق، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە تووڕەیی بە دەنگێکی بەرز و دوور لەهەموو پرەنسیپێکی فەرمیی، هێرش دەکاتە سەر بەڕێوەبەری ناحییەی عوزێم و دەڵێت، "ئەوەی کەمتەرخەمی بکات دەیخەمە ژێر پێڵاوەکانمەوە و پێڵاو دەکەمە سەری" ئەویش پێی دەڵێت، عەیبە ئەو شێوازی گفنۆگۆکردنە، خانمە پەرلەمانتارەکە جارێکی دیکەش دووبارەی دەکاتەوە و دەڵێت، "وەرە بۆ نووسینگەکەم".

لەپەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا بەڕێوەبەری ناحیەکە هەوڵدەدات پابەندبوونی خۆی بە ڕێکارە یاساییەکانەوە ڕوون بکاتەوە، بەڵام خانمە پەرلەمانتارەکە بە شێوازێک لەگەڵیدا قسە دەکات کە پڕە لە سووکایەتیکردن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەو خانمە پەرلەمانتارە خەڵکی پارێزگای دیالەیە و هەر لە بازنەی عوزێم و دەوروبەری بووەتە پەرلەمانتار، ئێستاش هەر لەسەر پارێزگای دیالە خۆی بەربژێر کردووەتەوە.

کاردانەوەکان: بڵاوبوونەوەی ئەم تۆمارە دەنگییە کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتووەتەوە و زۆرینەی ڕای گشتی ڕەخنەی تووندیان لێ گرتووە و پێیان وایە بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و سووکایەتیکردن بە فەرمانبەرێکی حکومی، پێشێلکارییەکی ئاشکرایە و لەگەڵ پێگەی نوێنەرایەتیی خەڵکدا ناگونجێت.

لەلایەکی دیکەوە: چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتییان ئەرکی سەرەکیی پەرلەمانتارانە، بەڵام ئەم ئەرکە نابێت ببێتە پاساو بۆ زمانزبر‌یی و تێپەڕاندنی سنوور، ئەم ڕووداوەش وەک نموونەیەک لە "نمایشەکانی هەڵبژاردن" سەیر دەکرێت کە هەندێک لە پاڵێوراوەکان بۆ ورووژاندنی سۆزی دەنگدەران پەنای بۆ دەبەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی بنەما ئەخلاقی و یاساییەکانیش بێت.

پەیوەست بەم بابەتە: ئێوارەی دوێنی پێنجشەممە ئەو خانمە پەرلەمانتارە داوای لێبووردنی کرد لە بەکارهێنانی وشەی "پێڵاو"  و دەڵێت، "من ئەو ئازایەتی و جورئەتەم تێدایە کە داوای لێبووردن بکەم و بڵێم من هەڵەم کرد، جار جاریش مرۆڤ دەروونی بەدەست هەندێک بابەتەوە ناڕەحەت دەبێت".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ