نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی نادەستوورییە

شەیری بکە لە:
نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی نادەستوورییە

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی بە نادەستووری لە قەڵەم دەدات و داوا دەکات وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەستبەجێ "ناوەڕۆکی نووسراوەکەی هەڵبوەشێنێتەوە".

چیرۆکی سەرەکی: لە هەنگاوێکی نوێدا کە گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر دەکات، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بە فەرمی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە وانەوتنەوە و دانانی پرسیاری تاقیکردنەوەکاندا لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، موسڵ و دیالە قەدەغە کرد. لە بەرامبەردا، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تووندی دژی بڕیارەکە وەستاوەتەوە و بە "نادەستووری و پێچەوانەی بنەماکانی یەکسانی" ناوی بردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی دەکات. دوای چەند کاتژمێرێک بڕیارەکە هەڵوەشایەوە.

نووسراوی فەرمی: نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی کردووە، ڕەخنەی تووند لە بڕیارەکە دەگرێت و چەندین خاڵی یاسایی و دەستووریی بۆ ڕەتکردنەوەی خستووەتەڕوو:

٠ بڕیارەکە بە ڕوونی پێچەوانەی ماددەی (4)ـی دەستووری عێراقە کە زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە عێراقدا ناساندووە.

٠ نووسراوەکە لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی کە لە ماددەی (14)ـی دەستووردا هاتووە، ناکۆکە، چونکە "توێژێکی فراوانی قوتابیانی کورد لە مافی دەستووریی خۆیان بۆ فێربوون و هەڵسەنگاندن بە زمانی دایکیان لە ناوچەکانی خۆیاندا بێبەش دەکات."

٠ هیچ یاسایەک نییە کە دانانی پرسیار بە زمانی کوردی لەو بەشانەدا قەدەغە بکات کە زمانی کوردی تێیاندا زمانی وانە وتنەوەیە. بەپێچەوانەوە، ئەم کارە لەگەڵ بنەمای فرەڕەنگیی کولتووری و زمانیی دەستووردا ناگونجێت.

٠ قەدەغەکردنی زمانی کوردی دەبێتە هۆی "دابەزینی ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان و بەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەرەنجامەکانی پرۆسەی خوێندن دەبێت."

زانیاریی زیاتر: نوێنەرایەتیی هەرێم لە کۆتایی نووسراوەکەیدا، داوای کردووە کە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەستبەجێ "ناوەڕۆکی نووسراوەکەی هەڵبوەشێنێتەوە" و ئاگاداریان بکاتەوە لەو ڕێکارانەی دەیگرنەبەر. هاوکات ئاماژەی بە ڕێککەوتنەکانی پێشووی نێوان هەردوو وەزارەت کردووە سەبارەت بە وەرگرتنی قوتابیان، وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستیی پاراستنی گیانی هاوکاری لەبری دەرکردنی بڕیاری تاکلایەنە.

باکگراوند: بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دەرچووە و ئاراستەی زانکۆکانی پارێزگاکانی کەرکووک، موسڵ و دیالە کراوە، بڕیار دراوە بە قەدەغەکردنی دانانی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە زمانی کوردی. نووسراوەکە دەڵێت، "بەو پێیەی وانەوتنەوە بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزییە، پێویستە دانانی پرسیار و وەڵامدانەوە تەنیا بەو دوو زمانە بێت." 

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ