نزیكەی 800 هەزار دەنگدەری هەرێمی كوردستان لە دەنگدان بێبەش دەبن

شەیری بکە لە:
نزیكەی 800 هەزار دەنگدەری هەرێمی كوردستان لە دەنگدان بێبەش دەبن

گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز

بەهۆی نەكردنی بایۆمەتری و دەرنەهێنانی كارتی نوێی دەنگدان، تەنها لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 800 هەزار دەنگدەر لە پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بێبەش دەبن.

چیرۆكی سەرەكی: بڕیارە لە 11ـ11-2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، سەرەڕای چەندین جار درێژكردنەوەی ماوەی نوێكردنەوەی كارتی دەنگدان لەلایەن كۆمیسیۆنەوە، كەچی ژمارەیەكی زۆری دەنگدەران بەهۆی نوێنەكردنەوەی زانیارییەكانیان و وەرنەگرتنەوەی كارتی نوێی دەنگدان، لە هەڵبژاردن بێبەش دەبن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی داتا و ئاماری ڕاپۆرتی ژمارە (3)ـی هاوپەیمانیی تۆڕ و ڕێكخراوە نیشتمانییە عێراقییەكان، تەنها لە هەرێمی كوردستان، 796 هەزار و 704 دەنگدەر بەهۆی كۆنی كارتی دەنگدان یاخود نەبوونی بایۆمەتری، ناتوانن بەشداریی پرۆسەی دەنگدان بكەن.

هاوكات لە پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەددین كە بە سەدان هەزار دەنگدەری كورد هەن، بەهەمان هۆكار ناتوانن بەشداری بكەن.

ژمارەكان وا دەڵێن: 

- لە پارێزگای سلێمانی نزیكەی 325 هەزار كەس كە دەكاتە 21.15%ـی كۆی ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە، ناتوانن بەشداریی دەنگدان بكەن.

- لە پارێزگای هەولێر، نزیكەی 312 هەزار كەس كە دەكاتە 22.11%ـی كۆی ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە، ناتوانن بەشداریی دەنگدان بكەن.

- لە پارێزگای دهۆك، زیاتر لە 160 هەزار كەس كە دەكاتە 16.93%ـی كۆی ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە، ناتوانن بەشداریی دەنگدان بكەن.

- لە پارێزگای كەركووك، 269 هەزار و 262 دەنگدەر، لە پارێزگای نەینەوا، 840 هەزار و 170دەنگدەر، لە پارێزگای دیالە 213 هەزار و 68 دەنگدەر، لە پارێزگای سەڵاحەددین291 هەزار و 453 دەنگدەر، هەر بەهۆی نەكردنی بایۆمەتریی دەنگدان و نوێنەكردنەوەی كارتی دەنگدان، ناتوانن بەشداری پرۆسەی دەنگدان بكەن.

شەیری بکە لە: