مەسرور بارزانی: کوردستان ماڵێکە بۆ هەموو ئایینەکان

شەیری بکە لە:
مەسرور بارزانی: کوردستان ماڵێکە بۆ هەموو ئایینەکان

ئاڤا نیوز

 

ڕۆژی نزای نیشتیمانی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی دەستپێکرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وتارێکی پێشکەش کرد. باسی پێکەوەژیانی ئایینە جیاوازەکانی لە هەرێمی کوردستان کرد و کوردستانی وەکو ماڵێک بۆ هەموو ئایینەکان وەسفکرد.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە 23-4-2025، بە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی، بۆ یەکەمجار لە هەولێر، 'ڕۆژی نزای نیشتمانی' بەڕێوەدەچێت، کە هەموو پێکەوە لە کەشێکی ڕۆحانیدا نزا بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕێوڕەسمەکە تاوەکو ڕۆژی هەینی 25-4-2025، بەردەوام دەبێت.

لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند، لە دەستپێکی شارستانییەتەوە، کوردستان هەوێن و  شوێنی شارستانییەت و نەتەوە جیاوازەکان بووە، "لە مێژووی نوێماندا خەڵکی ئێمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی نەژادی و نەتەوەییەکان، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بوونەتەوە.

- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند و پێداگرە بۆ پەرەپێدانی ئەو ئەرکە پیرۆزە و نوێکردنەوەی شار و شارۆچکە وێرانکراوەکان، هاوکات بە کاراییەوە کار بۆ دروستکردنی مزگەوت، کڵێسا و پەرستگای زیاتر دەکات بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان بتوانن بە ئازادی پەیڕەوی ئایینییەکانیان بکەن.

- لە پەرلەمان، حکومەت و هەموو دامودەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو پێکهاتە و ئایینەکان نوێنەرانی خۆیان هەیە و بەو شێوەیە بەردەوام دەبن.

دەقی وتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

خانمان و برایان

 

سەرکردە باوەڕدارەکان

هاوڕێ بەڕێزەکان لە پەرلەمان و حکومەت

ئەندامە بەڕێزەکانی شاندە دیپلۆماسییەکان

میوانانی هێژا

 

 

 

ئێوارەتان باش و بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم بۆ ژەمی بەیانیی یەکەم ڕۆژی نزای نیشتمانیی کوردستان.

بەخێربێن بۆ کوردستان. بەخێربێن بۆ ئەو خاکەی بانگی نوێژ، زەنگی کڵێساکان و ئەو سروودە ئارامانەی لە پەرستگا کۆنەکانەوە سەرچاوە دەگرن، چەندین سەدەیە دەنگیان داوەتەوە.

مایەی شانازییەکی گەورە و خۆشحاڵییە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرکردە و کەسایەتییە ئایینییەکان، نوێنەری کۆمەڵگەکان، دیپلۆمات و شوێنکەوتووانی ئایینە جیاوازەکان، لەبەردەم ئێوەدا وەستاوم. ئامادەبوونی ئێوە، ڕەنگدانەوەیەکی بەهێزی ڕۆحی کوردستانە: خاکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و فرەچەشنی و خۆڕاگری.

لە سەرەتای شارستانییەتەوە، کوردستان لانکەی کەلتوور و ئایین و نەتەوەکان بووە. دەشت و دۆڵ و چیاکانی خاکەکەمان گەواهیدەری سەرهەڵدان و بەیەکەوەژیانی چەندان باوەڕی جیاواز و نەتەوە و کۆمەڵگە بووە. لێرە، زۆرێک لە باوەڕەکان بە فۆرمە جیاوازەکانی خۆیان گەشەیان کردووە. خەڵکی لە پاشخانی نەتەوەیی جیاوازەوە شان بە شانی یەکدی، به‌ڕێز و شکۆوە ژیاون.

لە مێژووی نزیکمان، گەلەکەمان بەبێ جیاکاریی نەتەوەیی، یاخود ئایینی ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە. ڕژێمی زۆرداری سەدام حوسێن، لە چەوساندنەوەدا جیاکاریی لە نێوان کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و کلدانییەکان نەکرد؛ وەک چۆن جیاوازی لە چەوساندنەوەی موسڵمان، کریستان و ئێزدییەکانیشدا نەدەکرد. هەڵمەتە تووندوتیژ و کۆمەڵکوژییەکانی هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و بێدەنگکردنی ئەوانەی دەدا کە دژی ڕژێمەکەی بوون.

نزیکتر لەم مێژووە، جارێکی دیکە داعشی تیرۆریست و وەحشی کۆمەڵگەکانی بەبێ جیاوازی کردە ئامانج. کڵێساکانی سووتاند، پەرستگەی ئێزدییەکانی وێران کرد و خوێنی کەسانی بێتاوانی ڕشت.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەو ڕۆژە ڕەشانەدا، ڕۆحی کوردستان و خەڵکەکەی چۆکی دانەدا. پێشمەرگە قارەمانەکان، کوڕ و کچەکانمان هەستانەوە بۆ بەرگریکردن لە هەموو کۆمەڵگەکان، نەک وەک سەربازی یەک باوەڕ و نەتەوە، بەڵکو وەک پارێزگارانی کوردستان، عێراق و هەموو مرۆڤایەتی. پێشمەرگە موسڵمانەکان هاوشان لەگەڵ برا سەربازە ئێزدی و کریستیانەکان شەڕیان کرد. هەر یەکەیان ئامادەبوون ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە بۆ ئەوەی ئەم مزگەوتە بانگی تێدا بدرێت، ئەم کڵێسایه‌ زەنگی تێدا لێ بدرێت، پەرستگەی ئێزدییەکان بە شکۆوە بمێننەوە و خەڵکی لە هەموو باوەڕەکان بە ئازادی و بەبێ ترس جارێکی دیکە پەرستش بکەن.

ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەم ئەرکە پیرۆزەیەوە. ئێمە تەنیا خانوو و شارەکان بوونیاد نانێینەوە، بەڵکو پەیمانمان نوێ دەکەینەوە بۆ پاراستنی ئازادیی ئایینی، پەرەپێدانی پێکەوەژیان و بەهێزکردنی ئاشتی لە هەموو سووچێکی خاکەکەمان.

شانازی دەکەین شاری عەنکاوە، لێرە لە هەولێر، تاکە شاری کریستیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەبوون بەخۆیەوە دەبینێت و ژمارەیان ڕوو لە زیاد بوونە، ژمارەی دانیشتوانی لە 2011ـەوە دوو هێندە بووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونمان بە فرەچەشنی و پێکەوەژیان. لەهەمان کاتدا، وەبەرهێنان دەکەین لە بوونیادنانەوەی شوێنە پیرۆزەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان، هاوکات پارێزگاری لە مزگەوت و کڵێسا و پەرستگاکانی تەواوی کۆمەڵگەکان دەکەین.

هاوشان لەگەڵ ئەم سێ باوەڕە سەرەکییەی ئاماژەم پێدان، کوردستان نیشتمانی زۆرێک لە ئایینەکانی دیکەیە، لە نێویشیاندا، کاکەیی، زەردەشتی، جوو و بەهائییەکان. حکومەتەکەمان بەشێوەیەکی چالاکانە کاردەکات بۆ بوونیادنانی مزگەوت، کڵێسا و پەرستگەی زیاتر، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە هەموو دانیشتووانمان مافی بەجێگەیاندنی باوەڕی خۆیان بە ئاشکرا و سەلامەتی هەیە.

پەروەردە بەهەمان شێوە ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی داهاتوویەکی تەبا و هاوسەنگ دەگێڕێت، بۆیە چاکسازی لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی سروشتی ڕاستەقینەی، هەمەچەشنی و گشتگیریی کوردستان بێت. منداڵەکانمان تەنیا فێری نەریتەکانی خۆیان ناکەین، بەڵکو نەریتی دراوسێکانیشیان فێر دەکەین بۆ ئەوەی کاتێک گەورەبوون، ڕێز لە یەکدی بگرن و بەیەکەوە ئاهەنگ بگێڕن.

لە پەرلەمان، حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان شوێنکەوتەی هەموو باوەڕ و نەتەوەکان نوێنەرایەتییان هەیە و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. ئەم فرە کولتوورییە ئاڵنگارییەک نییە، بەڵکو بەهێزییەکە لە بوونیادنانی کوردستانێکی ئاشتی، دیموکراتی و بوژاوە پشتمان پێی بەستووە.

دیدگای ئێمە بۆ کوردستان ڕوونە: هەرێمێک تێیدا خەڵکی هەموو باوەڕ و نەتەوەکان بە ئازادی بژین، هەماهەنگیی تەواو بکەین و لە داهاتوویەکی هاوبەشدا هیوا بدۆزنەوە. پێویستە جیاوازییەکانمان ببینین نەک جیاکارییەکان، وەک بناغەی کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەندی، خۆڕاگری و لێبوردە.

جێگەی شانازی بوو کاتێک 2021 پاپا فرانسیس سەردانی هەولێری کرد و کۆبوونەوەیەکی گەورەی لە یاریگەی فەرەنسۆ هەریری ساز کرد، تێیدا هەزاران کەس بەشدارییان کرد. لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێزیان لە هەولێر و لە ڕۆما، درکم بە پابەندبوونی ئەو بە ئاشتی و لێکگەیشتن کرد. هەموومان خەمبارین بە کۆچی دوایی ئەو و نزا دەکەین میراتی ئەو هانی یەکڕیزیی لە نێوان هەموو گەلانی جیهان بدات.

هەر بۆیە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە، لە باوەڕ و نیازباشی یەکمان گرتووە، بەیەکەوە نزا دەکەین
نزا بۆ ئەو بێ تاوانانە دەکەین، هێشتا گێرۆدەی ئازارن.
نزا بۆ ئەوانه‌ دەکەین بەهۆی باوەڕەکەیان هێرشی کراوەتەسەر، بەڵام هەرگیز لەناونەچوون.
نزا بۆ ڕۆحی بەرگریکارە مردووەکانمان دەکەین.

لە کاتێکدا نزا بۆ کوردستان، عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانێک دەکەین، تێیدا پێویست نەکات هیچ کەسێک بەهۆی ئەوەی باوەڕی پێیەتی، ئەو زمانەی قسەی پێ دەکات یاخود ئەو وڵاتەی لە دڵیان هەڵیان گرتووە گیرۆدە بێت.

هیواخوازین ئەم ژەمی بەیانییەی یەکەم ڕۆژی نزای نیشتمانی کوردستان ببێتە نەریتێک، پەیوەندییەکانی نێوانمان بەهێزتر بکات و ببێتە ڕووناکییەکی یەکگرتوویی و باوەڕ بۆ نەوەکانی داهاتوو.

سوپاس، ئاشتی و بەرەکەت بڕژێت بەسەر هەمووتاندا.

 

شەیری بکە لە: