كۆمیسیۆن: نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار كەس كارتی دەنگدانیان نوێ كردووەتەوە

شەیری بکە لە:
كۆمیسیۆن: نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار كەس كارتی دەنگدانیان نوێ كردووەتەوە

دیمەنی کارتی دەنگدانی هاووڵاتییان. وێنە؛ ئەرشیف

ئاڤا نیوز

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاشكرای دەكات، تا ئێستا نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار كەس، كارتی دەنگدانیان نوێ كردووەتەوە، داواش لەو هاووڵاتیانە دەكات كە كارتی دەنگدانیان كۆنە یاخود كێشەی خوێندنەوەی هەیە، پەلە بكەن لە نوێكردنەوەی كارتەكانیان.

وێنە گەورەكە: ڕۆژی 2025-11-11، وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكراوە، بۆ ئەم مەبەستەش كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەكارییەكانی دەست پێكردووە، پارت و لایەنە سیاسی و هاوپەیمانیەتییەكان، دەستیان كردووە بە خۆتۆماركردن بۆ ڕكابەری هەڵبژاردنەكە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات، بنكەكانی هەڵبژاردن لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق بەڕووی هاووڵاتیان كراوەن كە ڕۆژانە سەردانی ئەو بنكانە بكەن بۆ نوێكردنەوەی كارتی دەنگدان و وەرگرتنەوەی ئەو كارتانەی لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو بەهۆی كۆنی یاخود گرفتی نەخوێندنەوەی، لێیان وەرگیراوەتەوە.

زانیاریی زیاتر: کۆمیسیۆن دەڵێت، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە گەیشتووەتە ملیۆنێک و 292 هەزار و 45 کەس.

ژمارەكان وا دەڵێن: بەپێی داتاكانی كۆمیسیۆن، پارێزگای نەینەوا بە 201 هەزار و 186 دەنگدەر پێشەنگی ریزبەندییەکەی گرتووە، دوای ئەویش بەغدا بە 137 هەزار و 122 كارتی دەنگدان لە پلەی دووەمدایە. پەیوەست بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش؛ لە چەند مانگی ڕابردوودا لە هەولێر 95 هەزار و 417 كەس، كارتی دەنگدانیان نوێ كردووەتەوە و لە پلەی یەكەمی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: