قەدەغەی سەر جووڵەی کەشتیوانی عێراق هەڵدەگیرێت

شەیری بکە لە:
قەدەغەی سەر جووڵەی کەشتیوانی عێراق هەڵدەگیرێت

دیمەنی کەشتییەک لە بەندەری فاو. وێنە؛ ڕۆژنامەی ئەلسەباح

ئاڤا نیوز

هەرچەندە عێراق بەندەرێکی دەریایی گەورەی وەک فاوی هەیە، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی، تائێستا قەدەغەی سەر جووڵەی کەشتیوانی وڵاتەکە هەڵنەگیراوە، وەزارەتی گواستنەوەش دەڵێت، بەمزوانە قەدەغەکردنەکە هەڵدەگیرێت.

وێنە گەورەکە: ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی کە بارەگاکەی لە لەندەنە و سەرپەرشتی جووڵەی کەشتیوانی لە ئاستی جیهان دەکات، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی لاوازیی ڕێکارەکانی پشکنین، تۆمارکردن، سەلامەتی و فریاکەوتن، بەردەوامی بە قەدەغەی سەر جووڵەی کەشتیوانی عێراقی داوە، ئەوەش مانای وایە بەندەری فاوی عێراق بۆ جووڵەی کەشتیوانی هێشتا گونجاو و سەلامەت نییە.

لێدوانی فەرمی: مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، مانگی 11ـی ئەمساڵ شاندێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی سەردانی عێراق دەکات و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی جێبەجێکردنی ڕێنمایی و مەرجەکان دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتیوانی عێراق، ئێستاش لەم دۆسیەیەدا پێشکەوتنی  گەورە بەدیهاتووە.

بۆچی گرنگە: ئەگەر قەدەغەی سەر جووڵەی کەشتیوانی عێراق هەڵبگیرێت، لە ئاستی دەریایی و هەرێمیدا پێگەی عێراق پتەودەبێت و کەشتییەکان دەتوانن بە ئاڵای عێراقەوە لە ئاوە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکاندا جووڵە بکەن، هاوکات دان بە بڕوانامە و ڕێکخستنی دەریایی عێراق دەنرێت و دەچێتە لیستی وڵاتانی گونجاو بۆ جووڵەی کەشتیوانی.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ