
دیمەنی وێرانی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل. وێنە؛ AFP
ئاڤا نیوز
یاداشتنامەی تەواوی لێکتێگەیشتن کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی کەرتی غەززە داڕێژرابوو، ڕۆژی هەینی ئاشکرا کرا.
وێنە گەورەکە: هەوڵەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕی سێ ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و ئەو وڵاتە چەندین پێشنیازی لەوبارەیەوە پێشکەش کردووە.
یاداشتەکە بریتییە لە 13 بەند، کە ئەمانەن:
یەکەم: ماوەکەی؛ ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەرەنتی پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست بۆ ماوەی ڕێککەوتنەکە دەکات.
دووەم: ئازادکردنی بارمتەکان؛ 10 بارمتەی زیندووی ئیسرائیلی و 18 تەرم ئازاد دەکرێن، نیوەیان (5 زیندوو و 9 تەرم) لە یەکەم ڕۆژی ڕێککەوتنەکەدا ئازاد دەکرێن، نیوەکەی دیکەش لە ڕۆژی حەوتەمدا ئازاد دەکرێن.
سێیەم: هاوکارییە مرۆییەکان؛ دوای قەبووڵکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە دەستبەجێ هاوکاری دەگەیەنرێتە غەززە. هەر ڕێککەوتنێک سەبارەت بە یارمەتیدانی خەڵکی مەدەنی بکرێت، بە درێژایی ڕێککەوتنەکە ڕێزی لێدەگیرێت. هاوکارییەکان لە ڕێگەی لایەنە ڕێککەوتووەکانەوە دابەش دەکرێن، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سوور.
چوارەم: چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل؛ هەموو چالاکییە سەربازییە هێرشبەرییەکانی ئیسرائیل لە غەززە لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە دەستبەجێ ڕادەگیرێت. لە ماوەی ئاگربەستدا، هاتوچۆی ئاسمانی (سەربازی و سیخوڕی) لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی 10 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا ڕادەگیرێت، یان 12 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا لەو ڕۆژانەی کە ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان دەکرێت ڕادەگیرێت.
پێنجەم: دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل؛ لە یەکەم ڕۆژی دوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان (5 زیندوو و 9 تەرم)، دووبارە جێگیرکردنەوە لە بەشی باکووری کەرتی غەززە و لە ڕێڕەوی نەتزەریم ئەنجام دەدرێت، بەپێی ماددەی 3 سەبارەت بە هاوکارییە مرۆییەکان، و بە پشتبەستن بەو نەخشانەی کە لەسەری ڕێکدەکەون.
لە ڕۆژی حەوتەمدا، دوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان (5 زیندوو و 9 تەرم)، دووبارە جێگیرکردنەوە لە بەشی باشووری کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێت، بەپێی ماددەی 3 و لەسەر بنەمای ئەو نەخشانەی کە دەبێت لەسەری ڕێککەوتن بکرێن.
تیمە تەکنیکییەکان کاردەکەن بۆ دامەزراندنی سنووری کۆتایی دووبارە جێگیرکردنەوە لە کاتی دانوستانەکانی داهاتوودا.
شەشەم: دانوستان؛ لە ڕۆژی یەکەمدا، دانوستانەکان لە ژێر چاودێری وڵاتانی نێوەندگیر سەبارەت بە ڕێکخستنە پێویستەکان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی دەستپێدەکات، لەوانە:
کلیل و مەرجەکانی ئاڵوگۆڕی هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان بە ژمارەیەکی ڕێککەوتن لەسەرکراوی زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل.
پرسەکانی پەیوەست بە دووبارە جێگیرکردنەوە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، و ڕێکخستنە ئەمنییەکانی درێژخایەن لەناو کەرتی غەززە.
ڕێکخستنەکانی پەیوەست بە ڕۆژی دواتر لە کەرتی غەززە، کە لەلایەن هەر لایەنێکەوە پێشنیار دەکرێن.
ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی.
حەوتەم: پاڵپشتی سەرۆکایەتی؛ سەرۆکی ئەمریکا جدییە لە پابەندبوونی لایەنەکان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دانوستانەکان لە ماوەی ئاگربەستی کاتیدا تەواو بکرێن. ئەگەر ڕێککەوتن لە نێوان هەردوولادا بکرێت، دەبێتە هۆی چارەسەری هەمیشەیی ململانێکان.
هەشتەم: ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی، لەبەرامبەر ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندووی ئیسرائیلی و بەگوێرەی مەرجەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی 19ـی 1ـی 2025 لەسەر بارمتە و زیندانییەکان، ئیسرائیل 125 زیندانی ئازاد دەکات کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە و 1111، هەزار و سەد و یانزە دەستگیرکراوی خەڵکی غەززەش کە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ڕاگیراون ئازاد دەکات.
لە بەرامبەر گەڕانەوەی تەرمی 18 بارمتەی ئیسرائیلی، ئیسرائیل 180 تەرمی فەلەستینی ئازاد دەکات.
ڕادەستکردنەکان لە یەک کاتدا و بەپێی میکانیزمێکی ڕێککەوتن لەسەرکراو، بەبێ نمایشی گشتی و ڕێوڕەسمەکان ئەنجام دەدرێت.
نۆیەم: دۆخی بارمتە و زیندانییەکان؛ لە ڕۆژی دەیەمدا حەماس زانیاریی تەواو (بەڵگەی ژیان، ڕاپۆرتی پزیشکی، یان بەڵگەی مردن) لەسەر هەموو بارمتە ماوەکان دەدات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل زانیاریی تەواو لەسەر ئەو زیندانییە فەلەستینییانەی کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستبەسەری کردوون، و ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە ژێر دەستبەسەریدا دەدات.
حەماس پابەندە بە دەستەبەرکردنی تەندروستی و سەلامەتی و ئاسایشی بارمتەکان لە ماوەی ئاگربەستدا.
دەیەم: ئازادکردنی بارمتە ماوەکانی دوای ڕێککەوتنەکە، دانوستانەکان لەسەر ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی دەبێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا تەواو بکرێن.
لەگەڵ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەو بارمتانەی ماونەتەوە (زیندوو و مردوو) لە "لیستی 58" کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشکەش کراوە ئازاد دەکرێن.
ئەگەر لەماوەی پێشوودا ڕێککەوتن نەکرا، دەکرێت ئاگربەستی کاتی بە مەرج و بۆ ماوەیەک درێژ بکرێتەوە کە لەسەری ڕێکبکەون، بە مەرجێک هەردوو لایەن بە نیەتێکی باشەوە دانوستان بکەن.
یانزەیەم: نێوەندگیران، ئەمریکا، میسر و قەتەر گەرەنتی بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ دەکەن، و هەر هەنگاوێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتنەکە.
ئەوان دڵنیا دەبن لەوەی گفتوگۆی جددی لەسەر ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی ئەنجام بدرێت، هەروەها هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دڵنیابوون لە تەواوبوونی ئەو دانوستانانە.
دوانزەیەم: نێردەی سەرۆکایەتی؛ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا دێتە ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنەکە و سەرۆکایەتی دانوستانەکانیش دەکات.
سیازدەیەم: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی شەخسی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕادەگەیەنێت.
ئەمریکا و ترەمپ پابەندبوونی خۆیان بۆ دڵنیابوون لەوەی دانوستانەکان بە نیەتێکی باشەوە بەردەوام بێت تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دووپات دەکەنەوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- جیهان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ترەمپ و پووتین هەوڵی ڕاگرتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران دەدەن
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
داخستنی فڕۆکەخانەکانی عێراق 24 کاتژمێری دیکە درێژ کرایەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
سۆماڵ پەیامێک ئاڕاستەی هەڵەبجە دەکات
12 حوزەیران
ئەو کەسانەی جوانکارییان کردووە ناتوانن فۆڕمی ئەلیکترۆنی پسووڵەی خۆراک پڕبکەنەوە
12 حوزەیران
دەسەڵاتدارانی سووریا داوا لە ژنان دەکەن جلی بۆرکینی لەبەر بکەن
10 حوزەیران
چات جی پی تی لەکار دەکەوێت
10 حوزەیران
عێراق میوانداریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ژنانی ڕاگەیاندنکاری عەرەب دەکات
10 حوزەیران
- جیهان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ترەمپ و پووتین هەوڵی ڕاگرتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران دەدەن
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
داخستنی فڕۆکەخانەکانی عێراق 24 کاتژمێری دیکە درێژ کرایەوە
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
کەمتر لە 24 کاتژمێر سێ ڕووداوی خنکان ڕوویانداوە