مۆسادی ئیسرائیل چۆن فەرماندە سەربازییەکانی ئێرانی هەڵخەڵەتاند و هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە؟

شەیری بکە لە:
مۆسادی ئیسرائیل چۆن فەرماندە سەربازییەکانی ئێرانی هەڵخەڵەتاند و هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە؟

گرافیکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران

ئاڤا نیوز

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی وردو درشتی لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بڵاو کردووەتەوە و
زانیارییەکانی لە 10 بەرپرسی ئێرانی و چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە وەرگرتووە.

وێنە گەورەکە: لە بەرەبەیانێکی زوو، کاتێک هەموو لە شیرینی خەو بوون، ئیسرائیل بە هاوکاری سیخوڕەکانی لە ئێران، هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێکرد و دەیان بنکەی ئەتۆمی وێرانکرد و دەیان فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کووشتن.

چی ڕوویدا: سەرەتا، ئەوەی کە شۆک بوو بۆ ئێرانییەکان، کاتی هێرشەکە بوو. واتە هەرگیز پێشبینی ئەوەیان نەکردووە، لەکاتێکدا لە دانوستاندنان لەگەڵ ئەمریکا، بەتایبەت کە بڕیار بوو سبەی یەکشەممە گەڕێکی تری دانوستاندنەکان لە عومان بەڕێوەبچن.

ئێرانییەکان پێشبینی ئەوەیان کردبوو، ئەگەر دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بێ ئەنجام بە کۆتا هات، دوای هەفتەیەک لەوە ئینجا ئیسرائیل هێرشیان دەکاتە سەر.

لەلایەکی دیکەوە: ئەوەی کە زۆر ئێرانییەکانی هەڵخەڵەتاند، قسەکانی ترەمپ بوون، کە وتبووی ئیسرائیل هێرش دەکات بەڵام بەم زوانە نا.  پێشتر ترەمپ وتبووی لەگەڵ نەتەنیاهۆ نێوانیان تێکچووە لەسەر ئەوەی پلانی داناوە هێرش بکاتە سەر ئێران منیش پێم وتوە جارێ هێرش نەکات هەتا دانوستاندنەکان یەکلا دەبنەوە.

ئەمانە هەموویان سەری لە ئێرانییەکان تێکدابوو، بۆیە فەرماندە سەربازییە باڵاکان، پێش دانوستاندنەکانی ڕۆژی یەکشەممە، سەردانی ماڵەوەیان کردبوو و چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانەکان بوون، وتوبوویان نەوەک دانوستاندن بێ ئەنجام بە کۆتا بێت و شەڕ دەست پێبکات. هیچ کامیان پابەندی ڕێنمایی سەربازی نەبوون، چونکە لەو باوەڕەدا نەبوون هێرش بکرێتە سەریان. کەچی دەرکەوت، قسەکانی ترەمپ هەمووی بۆ فریودانی ئێران بووە، ئەویش ئاگاداری وردو درشتی هێرشەکان بووە، هەر دوای هێرشەکان وتی شاز بوون.

پلانی ئەم شەڕە چەند مانگێکە دانراوە

تیمێکی مۆساد کە زۆربەیان ئێرانی بوون، باش ڕاهێنانیان پێکراوە و پێیان وتوون چی دەکەن و چی ناکەن، هەرکەسە و کاری خۆی پێدراوە. کۆمەڵێکیان لیستێکیان پێداون ناوی فەرماندە باڵاکان و زانا ئەتۆمییەکانی تێدا بووە، کۆمەڵێکیشیان کاری تریان پێداون. پێش هەموو شتێک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بەربەست بووە، سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێران بووە. پلانیان داناوە کە چۆن ئەم سیستمە لەکار بخەن بۆ ئەوەی فرۆکەو درۆنەکانی ئیسرائیل کەشف نەکا.

پێشتر ئیسرائیل لە ڕێگەی سیخوڕەکانیەوە زانیویەتی کە دەبێ چۆن فەرماندە باڵا سەربازییەکانی هێزی ئاسمانی و سوپا هەموویان لە ژورێکدا کۆ بکاتەوە. هەندێک جمووجوڵی کردووەو چالاکی ئاسمانی هەبووە، هەڵمەتێکی میدیاییشی دەستپێکردووە کە پێش دانوستاندنەکانی یەکشەممە هێرش ناکات. بۆیە بەیانی رۆژی هەینی فەرماندە سەربازییەکانی ئێران لە شوێنێکدا کۆ دەبنەوە.

لێرەوە هێرشەکەی ئیسرائیل دەست پێ دەکات

لە زەمینەوە سیخوڕەکانی مۆساد لە نزیک بنکە سەربازییەکان و ڕادارو سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی جێگیر دەبن، ئەوانەی کە ئاسمانی تاران دەپارێزن. لە هەمان کاتدا ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژاوەژاو (تەشویش) دروست دەکەن ئامادەییان هەبووە و  سیستمەکەیان لەکار خستووە، دوای ئەوە لە ئاسمانەوە ئاگر باران دەست پێ دەکات و فڕۆکەی F35 بۆردوومانی ژووری کۆبوونەوەی فەرماندە باڵا سەربازییەکان دەکات و ڕاستەوخۆ ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و چەندین فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران دەکوژرێن.

لەگەڵ بۆردوومانی فڕۆکەی F35، هێرشی درۆنی دەستیپێکرد بۆ سەر ماڵی ئەو فەرماندە باڵایانەی کە لە ماڵی خۆیان بوون، وەکو محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، و عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی و غوڵام عەلی رەشید، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدران و ژمارەیەکی تریش.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: سیخوڕەکانی مۆساد هەر لە نزیک ماڵی فەرماندە سەربازییەکان بوون، و بەشێک لە درۆنەکانیان ئاراستەی ماڵەکانیان کردوون، ئینجا چوونەتە سەر ماڵی زانا ئەتۆمییەکان و بەشێکیان هەر بە دەمانچە کوژراون، دوای ئەوەی لە دەرگاکانیان داون کە هاتوونەتە دەرەوە یەکسەر کوشتوویانن.

ژمارەکان وا دەڵێن: لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیل و سیخوڕەکانی، زیاتر لە 30 فەرماندەی باڵای سەربازی و  نۆ زانای ئەتۆمی کوژران، هەندێکیان ئیسرائیل دەستپارێزی نەکردووە، ماڵ و منداڵیشی کوشتوون. هەموو ئەمانەش بە یەک دوو کاتژمێر کراوە، چونکە پێشتر زانیارییان لەسەر ماڵ و شوێنی مانەوەیان وەرگرتوون و ئۆپەراسیۆنەکە زۆری نەخایاندووە.


کە ڕۆژهەڵات چی بینرا

بەیانی کە خەبەریان دەبێتەوە دەنینن فرۆکەی ئیسرائیلی زیاتر پانزە شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومانی کردووەو سیستمی بەرگریش هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، چوونکە سیخوڕەکانی مۆساد هەموویان لەکار خستبوون بۆ ماوەی 24 کاتژمێر. فەرماندە باڵاکانی دیکەی ئێران نامەیان ناردووە بۆ یەکتر، شۆک بوون، چۆن ئەم هەموو خەڵکە کوژراوە، ئەم هەموو فڕۆکە و درۆنە هاتووەتە ئاسمانی ئێران سیستمی بەرگری کاری نەکردووە.

بەرپرسانی ئێرانی وتوویانە هەموو شتێکمان بەتەواوی خەرق کراوە، مۆساد بەهەموو شتێکمان دەزانێت و شڵەژاون. دوای ئەوە مۆساد نامەی ناردووە بۆ فەرماندە باڵاکانی دیکەی سوپای ئێران، هەیان بووە بە مۆبایل، هەیانە لەنێو زەرفێک بووەو بردوویانە لەژێر دەرگای ماڵەکانیان بۆیان خستووەتە ژوورەوە نووسیویانە بۆی،  ئاگاداری خۆت بە، دەزانین لەکوێی و خەریکی چیت.

کە سیستمی بەرگریەکە کار ناکات، بۆردوومان دەست پێ دەکات، بنکەکانی مووشەک و وێستگە ئەتۆمییەکان بۆردوومان دەکرێت. ئیسرائیل ڤیدیۆی لێدانی کە هەندێک مووشەکی بالیستی بڵاوکردووەتەوە کە ئامادەکرابوون لەسەر بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل. شپرزەیی لەناو سوپا درووست دەبێت، فەرماندە باڵاکان و جێگرەکانیشیان کوژران، نازانرێ لەکی فەرمان وەربگرن. تا  خامنەیی زوو کەسانی تری لە جێگەکانیان دانا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: