دیمەشق و هەسەدە لەبەردەم دوو ئاستەنگی "تێکەڵکردن و لامەرکەزی"دا
- ڕاپۆرت
- 14 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا - مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە
ئاڤا نیوز
هەردوو پرسی "تێکەڵکردنی هێزەکان" و لامەرکەزی لە حوکمڕانیدا" هێشتا وەک دوو ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ماونەتەوە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان لە دیمەشق، ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێشوازیی فەرماندەی هەسەدە، مەزڵووم عەبدی بووە لە ڕۆڵێکی سعوودیە لە دانوستانەکاندا کە لە توانای شانشین و ڕۆڵە قبووڵکراوەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت لای هەموو لایەنە ناوخۆییەکانی سووریا. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو نیگەرانییەی کە باس لە ترسی کوردەکان دەکرێت بەرامبەر بە ڕۆڵی تورکیا.
ڕۆڵێکی چاوەڕوانکراوی سعوودیە
دوای چەند ڕۆژێک لە دواخستنی کۆبوونەوەی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە لە پاریس و لێدوانە دژبەیەکەکانی دوای ئەو بڕیارە، مەزڵووم عەبدی، ڕۆژی سێشەممە، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "العربية" ڕایگەیاند: "سعوودیە دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت ئەگەر وەک نێوەندگیر بێتە ناو گفتوگۆکانمانەوە لەگەڵ دیمەشق."
عەبدی، ڕووداوەکانی سوەیدای بە ئاماژەیەک بۆ گرنگیی "دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن" لەقەڵەم دا و ئاشکرایکرد کە گەڕی داهاتووی دانوستانەکان لە پاریس، میکانیزمی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریادا تاوتوێ دەکات. لە کاتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە هەسەدە و دیمەشق لەسەر "یەکپارچەیی سووریا بە یەک سوپا و یەک ئاڵا" کۆکن و هێزەکانیان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری، ئاماژەی بە نیگەرانیی کوردەکانیش کرد لە "تێکەڵبوون بەبێ گهرهنتیی دەستووری."
لەلایەکی دیکەوە: نێردەی تایبەتی ئەمریکا، تۆم باراک، لە پۆستێکدا لە تۆڕی "ئێکس" ئاراستەی عەبدی نووسیبووی: "سەرکردایەتیی ئێوە و هەوڵە ماندوونەناسەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، شانبەشانی پابەندبوونی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی شەرع بە هاوبەشی، بنچینەیین بۆ سەقامگیریی سووریا: یەک سوپا، یەک حکومەت، یەک دەوڵەت."
ڕێڕەوی سیاسی و ئاستەنگەکان
ڕێڕەوی دانوستانی نێوان شەرع و عەبدی، وەک "قیبلەنومایەک بۆ بوونیادنانی ڕێڕەوێکی سیاسی" بۆ داهاتووی سووریا سەیر دەکرێت، بەڵام بە بڕوای خورشید دەلی، توێژەر لە کاروباری تورکیا و کورد، ئەم ڕێڕەوە ڕووبەڕووی چەندین کێشە و ئاستەنگ بووەتەوە.
ئاستەنگی یەکەم: جیاوازیی دیدگای هەردوو لایەنە. خورشید دەلی بە "الشرق الأوسط"ی وت: "لەکاتێکدا دەسەڵاتی نوێی دیمەشق پێداگری دەکات لەسەر سیستمی ناوەندی، هەسەدە و پێکهاتەکانی دیکە داوای سیستمی ناناوەندی "لامەرکەزی" دەکەن کە بە گونجاوترینی دەزانن بۆ هاوبەشیی سیاسی و پاراستنی مافی هەمووان."
ئاستەنگی دووەم: پەیوەستە بە چەمکی "تێکەڵکردن"؛ دیمەشق پێیوایە دەبێت ئەندامانی هەسەدە و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر بە شێوەی تاکەکەسی بچنە پاڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت. لەبەرامبەردا، لایەنی کوردی پێیوایە دەبێت ئەم دامەزراوانە وەک خۆیان بمێننەوە و لەڕێگەی میکانیزمێکی هاوبەشەوە لەگەڵ دیمەشقدا دابڕێژرێنەوە بۆ پاراستنی مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە. ڕۆڵی تورکیاش وەک هۆکارێکی فشار لەسەر دیمەشق و جێگەی نیگەرانی بۆ هەسەدە دەمێنێتەوە.
پێویستیی نزیکبوونەوەیەکی نوێ
لە کاتێکدا هەردوولا پابەندی خۆیان بە گفتوگۆ دووپات دەکەنەوە، چاوەڕوان دەکرێت ناچاربن سازش بکەن. خورشید دەلی پێیوایە "پێویستە دەسەڵاتی سووریا دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەی کەناراوەکان و سوەیدا، پێداچوونەوە بە مامەڵەی خۆیدا بکات لەگەڵ دۆخی ناوخۆ، هاوتەریب لەگەڵ بایەخدان بە کرانەوە بەڕووی دەرەوەدا."
ئێستا چاوەکان لەسەر پاریسە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا میوانداریی کۆبوونەوەکان بکات، بە هەوڵێکی فەرەنسی و پشتیوانیی ڕۆژئاوایی بۆ نزیککردنەوەی دیدگا جیاوازەکان. لەم نێوەندەدا، عەشایەرە عەرەبییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی کە ئەگەر چارەسەرێکی سیاسی نەدۆزرێتەوە، "بارودۆخەکە بەرەو پێکدادان دەڕوات."
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 7 خولەک لەمەوپێش
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کۆتایی هات
- کوردستان
- 15 خولەک لەمەوپێش
لە کەرکووک هاوپەیمانیی عەرەبی سەلوا مەفرەجی لە ڕیزەکانی دەردەکات
- کوردستان
- 54 خولەک لەمەوپێش
درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە مەخموور کەوتە خوارەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
لە هەولێر پیاوێک زیاتر لە 45 ساڵە پیکابێکی هەیە
12 کاتژمێر لەمەوپێش
لە عێراق 56 ژمارەیەکی شوومە؛ تا ئێستا ئەو ژمارەیە نەدراوە بە هیچ بەربژێرێک
15 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر هاووڵاتیەكی بەساڵاچوو چوار ڕۆژە بێسەروشوێنە؛ خانەوادەكەی هانا بۆ ئاڤا دەهێنن
17 کاتژمێر لەمەوپێش
لە عێراق حیزبێکی نوێ ڕاگەیێنرا کە تەواوی ئەندامەکانی ئافرەتن
19 کاتژمێر لەمەوپێش
پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستپێدەکات
20 کاتژمێر لەمەوپێش