شەوێکی سەخت؛ بۆردوومانی قورسی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر دەستیپێکرد

شەیری بکە لە:
شەوێکی سەخت؛ بۆردوومانی قورسی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر دەستیپێکرد

ئاڵای ئێران و ئیسرائیل

ئاڤا نیوز

شەوێکی سەخت لەبەردەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەتایبەت ئیسرائیل و ئێران. لە چوارەم ڕۆژی هەڵگیرسانی جەنگی نێوانیان، لە بەیانی ئەمڕۆوە هەردوولا ‌هەڕەشەی تووند و وێرانکەر لە یەکتر دەکەن، سەر لە ئێوارەش هەڕەشەکەیان کردە کراد و بەقورسی دەستیان بە بۆردوومانی یەکتر کرد، ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و ئێران بە مووشەکی بالیستی دوورهاوێژ.

چیرۆکی سەرەکی: شەڕی ئیسرائیل و ئێران هەتا دێت سەختر دەبێت و هەردوولا هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەمشەو یەکتر وێران دەکەن. سوپای پاسداران داوای لە دانیشتووانی تەلئەبیب کردووە بەخێرایی شارەکە چۆڵ بکەن، سوپای ئیسرائیلیش داوای لە دانیشتووانی ناوچەی سێی تاران کردووە بەخێرایی لە ناوچەکە بچنە دەرەوە ئەگەرنا گیانیان پارێزراو نابێت.


ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: نوێترین زانیارییەکان لەبارەی بۆردوومانەکانی هەردوولا تا ئێستا ئەمانەن:

٠ ئێوارەی ئەمڕۆ ئیسرائیل باڵەخانەی دامەزراوەی میدیای فەرمی ئێران   لەو شوێنەی تاران بۆردوومان کرد کە داوای کردبوو خەڵک چۆڵی بکەن و ناوچەیەکی فراوانە. باڵەخانەکە تەلەڤزیۆنی دەنگ و ڕەگی فەرمی ئێران و 92 تەلەڤزیۆنی دیکە و ژمارەیەک رادیۆ لەخۆدەگرێت. تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراو و برینداران دیارنییە، بەڵام زیانی گیانی هەبووە و میدیاکانی ئێران دەڵێن ژمارەیەک کارمەند گیانیان لەدەست داوە.

٠ دوای هێرشەکە سوپای پاسدارانی ئێرانی هۆشداری دا و ڕایگەیاند، کەناڵ 12 و کەناڵ 14ی ئیسرائیل بۆردوومان دەکات کە دوو تەلەڤزیۆنی فەرمی ئیسرائیلن، داوای لە کارمەندەکانیان کرد دەستبەجێ باڵەخانەی هەردوو کەناڵەکە چۆڵ بکەن.

 

٠ هەر لە تاران لە بەشی ڕۆژهەڵات ئیسرائیل چەند شوێنێکی بۆردوومان کردووە و دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە. لە ڕۆژئاوای تارانیش ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازی کردووەتە ئامانج. کاتژمێر 08:00ی شەویش مەیدانی ئازادی بۆردوومان کرد. لە رێگای تاران و قومیش ئیسرائیل بارهەڵگرێکی پڕ لە مووشەکی بۆردوومان کردووە.

٠ هەر لە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، نەخۆشخانەی فارابی شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیانی پێگەیشتووە.

٠ ئیسرائیل دەڵێت، فەرماندەیی سوپای قودسیان لەناوبردووە کە تیایدا سوپای پاسدارانی ئێران پلانی ستراتیژی دژ بە ئیسرائیل داناوە.

٠میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە کە ئێران ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی تەلئەبیب و شارەکانی دیکەی ئیسرائیل کردووە، بەم هۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەواوی ئیسرائیل لێدەدرێت، سوپای پاسدارانیش ڕایگەیاندووە 10 بۆ 15 مووشەکی بالیستییان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. دوو لەو مووشەکانە لە شاری حەیفا کەوتوونەتە خوارەوە.

٠ میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن زۆربەی مووشەکەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە، خستنەخوارەوەی چوار لەو مووشەکانە لە ئاسمانی سووریا بووە بە فڕۆکەی جەنگی. تەنیا سێ مووشەکیان گەیشتوونەتە ئاسمانی ئیسرائیل، یەکێکیان تێکشکێنراوە و دووانەکەی تریان لە چۆڵەوانی کەوتوونەتە خوارەوە لە شاری حەیفا و زیانی گیانییان نەبووە. 

٠ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمشەو ئیسرائیل وێران دەکەین و دەیسووتێنین.


٠ بەرپرسێکی سەربازی سوپای ئیسرائیل بە کەناڵ 13ی ئیسرائیلی ڕاگەیاند: چەندین ئامانجی نوێمان لە ئێران دیاری کردووە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا هەموویان دەپێکین. 

 

٠ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: فڕۆکەخانەی تارانمان بە ئامانج گرتووە چونکە بۆ مەبەستی جەنگی بەکارهێنراوە و دوو فڕۆکەی جەنگی ئێرانی تێدا کراوەتە ئامانج. 

٠ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە کە ئامانجی داهاتووی سوپای ئێران بەئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییەکان و ژێرخانی هەواڵگری ئیسرائیلە.

٠ میدیاکانی ئێران  لە بڵاوکراوەیەکی دیکە ڕایانگەیاندووە کە سوپای ئێران فڕۆکەیەکی جەنگی دیکەی F35ی ئیسرائیلیان لە تەورێز خستووەتەخوارەوە. 

٠ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە ئێران شەپۆلێکی دیکەی مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە بۆ سەر ناوچەکانی تەلئەبیب و حەیفا کە پێکهاتووە لە 140 مووشەک و درۆن. 

٠ پاڵاوگەی نەوتی حەیفا بەهۆی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئێرانەوە داخرا و لە ئەنجامدا سێ کەس گیان لەدەستداوە. 

باکگراوند: لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداران ئامارێکی فەرمی و ورد نییە. فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاندووە، لە  هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تاوەکو ئێوارە، 55 منداڵ و ژن کوژراون و 75 دیکە بریندار بوون.

تەندروستی ئیسرائیلش ڕایگەیاندووە، لە دوایین هێرشی ئێران کە مەبەستی هێرشی دوێنێ شەوە، 11 هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژراون و 187 کەسیش بریندار بوون.

بەگشتیش لە چوار ڕۆژی شەڕ تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران  زیاتر لە  224 کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە هەزار و 277 کەسیش بریندار بوون. تەندروستی ئیسرائیلیش دەڵێت لە ئەنجامی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ 24 کەس کوژراون و زیاتر لە 390 کەسیش بریندار بوون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ