ئاڤا زانیاری نوێ لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر سلێمانی ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا زانیاری نوێ لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر سلێمانی ئاشکرا دەکات

گرافیکی هێرشە درۆنییەکەی سەر شاری سلێمانی

ئاڤا نیوز

سەرچاوەیەكی تایبەت چەند زانیارییەك سەبارەت بە ئەو درۆنانەی دوێنی شەو لە سنووری تاسڵوجەی سلێمانی تێكشكێنران و كەوتنە خوارەوە ئاشكرا دەكات و بەپێی زانیارییە تایبەتەكانی ئاڤا میدیاش بەرپرسانی یەكێتی پێیان وایە ئەو هێرشە، هاوشێوەی هێرشەكەی سەر كۆرمۆرە و لەلایەن هەمان هێز و لایەنەوە كراوە.

چیرۆکی سەرەکی: دوێنێ شەو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگای یەکەی 70ـی پێشمەرگە و بارەگای دژەتیرۆی سلێمانی لە تاسڵووجە، هەردوو درۆنەکەش دوای 20 خولەک سووڕانەوە بەسەر بارەگاکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێ کراوە و تێکشکێنراون.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئامانجیی درۆنەکان ناوچەیەکی ئەمنی بووە لە تاسڵوجە،
پێش ئەوەی تەقەیان لێ بکرێت و بخرێنە خوارەوە، نزیکەی 20 خولەک بە ئاسمانی ئەو ناوچەیە سووڕاونەتەوە. .

ئاڤا زانیویەتی قەبارەی درۆنەكان مەترێك بۆ مەترێک و 60 سانتیمەتر بووە. بە هۆی ئەوەی تەقیونەتەوە و سووتاون، هیچ نووسین و ئاماژەیەك لەسەر درۆنەكان دیار نەماونە و ئاڵای هیچ وڵات و لایەنێكی لەسەر نییە، بۆیە نازانرێت بە دڵنیاییەوە هی چ هێز و لایەنێكە،  کێ دروستی کردوون، کێ ئاراستەی کردوون.

چەند بەرپرسێکی یەکێتی، پێیانوایە هێرشەکە هاوشێوەی هێرشەكەی سەر کێڵگەی غازی كۆرمۆرە کە کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ کرا و ئەویش هەر بە درۆن بوو، هێرشەکە لەلایەن هەمان هێز و لایەنەوە كراوە.

لێدوانی تایبەت: سەرچاوەیەكی تایبەت لە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بە ئاڤای ڕایگەیاند:  بەپێی جۆری ڕووداوەكە وا دەردەكەوێت كە ئەمە تەنیا پەیامێك بووبێت بۆ هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی نەك زیانگەیاندنی ڕاستەوخۆ بە هێزەكانی ئەو شوێنە.

لەلایەكی دیكەوە: لیوا ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکانی 70 بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: دوو درۆنەکە بۆمبڕێژكراو بوون و گومان دەكرێت ئامانجەكەیان هێزەكانی 70 بووبێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی تایبەت هەر لە هێزەکانی 70ـی یەکێتی بە ئاڤا گوت، تا ئێستا نەزانراوە درۆنەکە کێ و لە کوێ ئاراستەی بارەگامان کراوە.

عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی، دوێنێ شەو هەر کەمێک دوای ڕووداوەکە بە ئاڤای گوت:  هەردوو درۆنەكە بۆمبڕێژکراو بوون و لەلایەن هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێ کراوە و تێکشکێنراون. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: