دەیان كۆمپانیا و وەبەرهێنەری فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن

شەیری بکە لە:
دەیان كۆمپانیا و وەبەرهێنەری فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن

ئاڵای کوردستان و فەرەنسا

ئاڤا نیوز

بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ناوچەكە و تەقینەوەی ژمارەیەك درۆن لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان، هاتنی دەیان كۆمپانیا و وەبەرهێنەری فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كاتی دوادەخرێت.

 

وێنە گەورەكە: پێشتر دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، سەردانی 50 كۆمپانیا و وەبەرهێنەری وڵاتی فەرەنسای بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندبوو كە  لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵدا كاردەكەن.

 

لێدوانی فەرمی: به‌رگه‌شت ئاكره‌یی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتیی وه‌به‌رهێنان تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و ناساقامگیری ئاسمانی فڕۆکەوانی، سەردانی كۆمپانیا فەرەنسییەكان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگیی لەگەڵ كۆنسوڵخانەی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، مسۆگەرە.

 

بۆچی گرنگە: كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەرەنسا، مەبەستیانە ڕۆڵیان هەبێت لە پێشخستنی وەبەرهێنانی كوردستان لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیدا، بەتایبەتتر لە دامەزراندنی كۆمپانیای سۆلار (بەكارهێنانی وزەی خاوێن بۆ بەرهەمهێنان) و بواری پەرەپێدانی خۆراك و ئاژەڵداری، لەپێناو فرەچەشنكردنی داهات و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوای بەشداری كارای شاندێكی حكومی لەپاڵ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابووری و بازرگانیی فەرەنسی - عێراقی، كە لە پاریس بە بەشداری 60 وەبەرهێنەری ناوخۆی كوردستان بەڕێوەچوو. ژمارەیەك ڕێككەوتن واژۆ كران، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ