تەماتەی خێڵی حەمە بەرهەمهێکی بەچێژی خۆماڵییە و لەبازاردا خواستی زۆری لەسەرە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

تەماتەی خێڵی حەمە یەکێکە لە "دەگمەنترین و بەتامترین" جۆری تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، وەک کڕیاران دەڵێن، هەر کە ئەم تەماتەیە پێدەگات بازاڕی تەماتە هاوردەکراوەکان بەتەواوی لاواز دەبێت.

چیرۆکی سەرەکی: وەکو چۆن ئاکرێ بە هەنجیر، هەڵەبجە زاخۆ بە هەنار، دهۆک بە هەنگوین و سێو، پێنجوێن بە شوتی، خێڵی حەمەش بەتەماتە بەناوبانگە، تەماتەکەشی دەگمەنە.

خاڵە ئەرێنییەکان: زانا محەممەد، جووتیارێکی خێڵی حەمەیە و 10 دۆنمی زەوییەکەی بە تەماتەی خۆماڵیی تایبەت بە هۆزەکەی داچاندووە، بۆ پارێزگاریکردن لە جیناتی ئەم تەماتە دەگمەنە ساڵانە تۆوی تەماتەکە دەگرێتەوە و جیاواز لە جۆرەکانی دیکە، لە بازاڕ تامە کۆنە خۆماڵییەکەی هەر ماوە و بە تامە مزر و بەلەزەتەکەی دەناسرێتەوە.

زانیاریی لە پەیامنێرەوە: ئاراس ڕەفیق، پەیامنێری ئاڤا لە هەڵەبجە دەڵێت، جووتیارانی خێڵی حەمە 100 دۆنمی زەوییەکەیان کردووە بەتەماتە و بەگوێرەی قسەی خەڵکی ناوچەکە، خواردنی تەماتەی خێڵی حەمە بە سوورەوەکراوی لەگەڵ نانی هەورامی تام و لەزەتێکی جیاوازی هەیە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم تەماتەیە بووەتە خێر و بەرەکەت بۆ دەشتی شارەزوور و خەڵکی ناوچەکە، بەجۆرێک کڕیاران لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە بە تایبەت دەچنە ناوچەی خێڵی حەمە و بەر لەوەی جووتیاران بەرهەمەکانیان ببەن بۆ گومرگ هەر لەوێ دەیفرۆشن، سەرباری ئەوەش ڕۆژانە لە عەلوەی هەڵەبجە پێنج تۆنیشی لێ دەفرۆشرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ