شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک

شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک

ئەو ساتەوەختەی کاک مەسرور بارزانی ئەرکی حکومڕانیی گرتە ئەستۆ، ئەرک و کێشە کەڵەکەبووەکان زۆر و ئاڵۆز و سەخت بوون"

لەو کاتەوە کە کاک مەسرور بارزانی بەرپرسیارێتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەئەستۆ گرت، شەش ساڵ تێپەڕیوە.  ئەو شەش ساڵە  تەنها ماوەیەک نییە کە بە پەنجەکانی دەست بژمێردرێن، بەڵکو وێستگەکانی دان بەخۆداگرتن و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانن، گرەوی زۆر گەورە بوون لەگەڵ ئاڵۆزی و دۆخە سەختەکاندا، ساڵانی بڕیاری  ئازا و سووربوون بوون لەسەر بەردەوامیدان بە کاروانی ئاوەدانی،  بێ گوێدانە خەڵکی هەراسانکەر.

 ساڵانی درێژەدان بوو بە خەباتی نەپساوەو دانایی و دنیابینیی ڕابەرانی پێش خۆی، ساڵانی سەختی کار بوو، بێ گوێدانە ژاوەژاو و بێ ئەمەکیی نانخۆرە سفرەدڕەکان.

 
ئەو ساتەوەختەی کاک مەسرور بارزانی ئەرکی حکومڕانیی گرتە ئەستۆ، ئەرک و کێشە کەڵەکەبووەکان زۆر و ئاڵۆز و سەخت بوون. ساڵانێکی زۆر بوو هەرێمی کوردستان گەمارۆدرابوو، خرابووە ژێر باری قورسی قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان، مەترسییەکانی تیرۆر هێشتا لەملاو لەولاوە  خۆیان مەڵاس دابوو، ململانێی سیاسی خەریکبوو  ناو ماڵی کورد  تێکبدات. 


سەرباری ئەو بارودۆخە سەختە کاک مەسرور هات و هیوا و خەونی چاکسازیی لەگەڵ خۆی هێنا، لە گەرمەی ڕۆژە ڕەشەکاندا کە خەڵکی تر (بێ دەنگی و سەلامەتییان) هەڵبژارد، یان بوون بە قارەمانی پشت مۆبایل و سەر فەیس بووک، ئەم پیاوە بۆ یەک سات و یەک هەنگاویش  پاشەکشەی نەکرد و ئاڵای سپیی خۆ بەدەستەوەدانی بۆ شەمشەمەکوێر و  گەندەڵکاران و مافیاکانی تلیاک هەڵنەکرد. تووند و پتەو وەک هەڵگورد و پیرەمەگروون لەبەر تەپ و تۆز و ڕەشەبا دا سەربەرزانە ڕاوەستاو  نە لەرزی، چونکە میراتێکی پڕ لە شانازیی کوردایەتی و مێژووی خەباتی بنەماڵەیەکی ڕابەر لە پشتی بوون.


شەڕێکی سەخت دژی گەندەڵی. پلان داڕشتن بۆ نوێکردنەوەی دامەزراوە سەرەکییەکانی وڵات. بەرگریکردنێکی ڕژد و ئارام و پشوو درێژ  لە مافە دەستووریەکانی کورد و کوردستان لە بەغدا.  کرانەوەی کەناڵەکانی وەبەرهێنان و ئابوورییەکی فرەچەشن و خۆژێن. دابینکردنی کارەبای بەردەوام و ڕۆشنکردنەوەی کوردستان. جێبەجێکردنی دروشمی ( ئەوانیتر شەڕ بە خەڵکی کوردستان دەکەن، ئێمە شەڕ بۆ خەڵکی کوردستان دەکەین). بوونیادنانی کوردستانێکی یەکگرتووی بەهێز لە ناوخۆ دا. کراوە و پشوودرێژ لە دەرەوە دا، سەربەخۆ  لە بڕیاردا، ڕەگ داکوتراو  لەسەر خاک و ئاوی خۆی.


خەرجکردنی ترلیۆنەها دینار لە پڕۆژەکانی لێدان و ڕێکخستنەوەی ڕێگاو بانەکان ، درووستکردنی بەنداوو  بۆندی گلدانەوەی ئاو و قوتابخانە، نەخۆشخانە ، ئابووریی دیجیتاڵی، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، گێرانەوەی بەهێزی کوردستان بۆسەر نەخشەی وزەی جیهانی ، پاراستنی ڕۆحی سەروەری  لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەندا، هەموو ئەمانە تەنها نمایش و بەڵێن نەبوون، بەڵکو هەوڵ و شەونخونی  و پێداگری و بڕوا بەخۆبوون بوون بۆ هێنانەدیی ڕاستییەک کە شایانی گەلێکی قوربانیدەری خۆڕاگرە.


شەش ساڵە کاک مەسرور تەنها سەرۆک وەزیران نەبووە ، بەڵکو دەنگی حیکمەت و عەقڵ و ئارامیی بوو لە ناو گێژاو و ژاوەژاوی دەرەکی و ناوخۆییدا. هێمای هاوسەنگی و خۆڕاگری بوو لەو گۆڕەپانانەی ڕووبەڕووبوونەوە دا کە کەسانی تر هەلپەرستانە لێی هەڵاتن.


کاک مەسرور، بازرگانیی و وەبەرهێنانی حیزبیی بە ئازاری خەڵکەوە نەکرد و سواری شەپۆلی نمایش و ناوبانگ و شوهرەتی کاتی نەبوو، بەڵکو لە ناخەوە باوەڕی هەبووە کە هەنگاوەکانی بوونیادنانی دەوڵەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانەوە دەست پێدەکات، نەک خۆدزینەوە و هەڵاتن لێیان.


مەسرور بارزانی لەو جۆرە ڕابەرانە نییە کە میدیا دروستیان دەکات، بەڵکو ئەزموون و پێداگری دروستیان دەکات. چاوی لە دەستخۆشی و ئافەرین و  چەپڵە ڕێزان نییە.

هەموو خەون و خەم و سەرنجێکی لەسەر بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانە. ئەم شەش ساڵەی ڕابردوو گەواهی دەرن لەسەر  پیاوێک کە ئاسەتەنگەکان دەگۆڕێت بە دەرفەت  و دڵەڕاوکێ بە هیوا و گومان بە متمانە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: