پرسی کورد لە تورکیا... ڕێککەوتنێکی مێژوویی یان گۆڕانکارییەکی تاکتیکی؟
- بیروڕا
- 16 تەممووز

عومەر ئۆنهۆن
باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە سووریا و ئیسپانیا

گرافیک ئاڤا نیوز
لە شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و ڕێبەری "پارتی کرێکارانی کوردستان"، کە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالیی تورکیا دەستبەسەرە، داوای لە پارتەکەی کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. "پارتی کرێکارانی کوردستان" - کە هەڵمەتێکی چەکداریی 47 ساڵەی بەڕێوەبرد و دەیان هەزار کەسی تێدا بوونە قوربانی - بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 1ی ئازاری 2025ـەوە وەڵامی دایەوە، پاشان لە مانگی ئایاردا دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی بەست، بۆ ئەوەی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی بە شێوەیەکی کۆتایی ڕابگەیێنێت.
لە 11 تەمموزی 2025، 30 ئەندامی پارتەکە (15 ژن و 15 پیاو) گەیشتنە ئەشکەوتی جاسەنە بەدووریی 50 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری سلێمانی، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمێکی فەرمیدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی ڕێکخستنە ئەمنی و پڕۆتۆکۆلییەکانی لەئەستۆ گرتبوو.
نزیکەی 250 میوان ئامادەی مەراسیمەکە بوون، لەنێویاندا بەرپرسان لە حکومەتی ناوەندیی عێراق، ئیدارەی هەرێمی کوردستان، "پارتی دیموکراتی کوردستان"، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، و "پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان" (دەم پارتی) کە لایەنگری کوردەکانە لە تورکیا، لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافپەروەرییەکان و دیپلۆماتکار و بەرپرسان لە وڵاتانی جیاواز، شانبەشانی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس.
پرۆسەی ئاشتەوایی ئەم دواییە لە تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی "پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی"، یەکێک لە سەرسەختترین پارتە دژبەرەکانی "پارتی کرێکارانی کوردستان"، داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی کرد. وەڵامی ڕێبەری پارتەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە زیندانەکەیەوە ئەرێنی بوو.
لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدران، هەندێکیان ئاشکرا و هەندێکیان نهێنی لەنێوان ئەکتەرە سەرەکییەکاندا: دەوڵەتی تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لایەنە سوورییەکان و بەرپرسان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنی ئەمریکیش بەشداری کردووە. لە لایەنی کوردیشەوە، شاندەکانی پەرلەمانتارانی پارتی "دەم" بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کرد.
چەکدارەکان دوای چەند وتەیەکی کورت چەکەکانیان، کە لەنێویاندا تفەنگی کڵاشینکۆف و موشەکهاوێژ هەبوون، لەناو مەنجەڵێکی گەورەدا دانا کە لە شوێنی مەراسیمەکە ئامادەکرابوو، پاشان ئاگریان تێبەردا.
هەوڵێک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان تورکیا و "پارتی کرێکارانی کوردستان"دا لە ساڵی 2013 درا، بەڵام شکستی هێنا. دوای ئەوە قۆناغێک لە پێکدادانی خوێناوی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و چەکدارانی پارتەکەدا هاتە ئاراوە. هەروەها ژمارەیەک لە سەرۆک شارەوانییەکانی پارتی "دەم" لەسەرکار لادران و بە تۆمەتی پشتگیریکردنی تیرۆر زیندانی کران و قەییوم کە لەلایەن دەوڵەتەوە دانرابوون، جێگەیان گرتنەوە.
ڕێوڕەسمی دانانی چەک بەشێوەیەکی ڕەمزی، کە ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو، سەرەتایەکە نەک کۆتایی، چونکە پرۆسەکە هێشتا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوە و ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە. گرنگتر لەوە، هێشتا متمانە دروست نەکراوە. هەڵبژاردنی شوێنی مەراسیمەکە شایەتی ئەمەیە، چونکە نە لە تورکیا، نە لەسەر سنوورەکانی و نە لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی "پارتی دیموکراتی کوردستان"دا ئەنجامدرا، بەڵکو لە لادێکانی سلێمانی و لە ناوچەی ژێر نفوزی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"دا، لە نزیک قەندیل، پێگەی دێرینی "پارتی کرێکارانی کوردستان".
پێکهاتنی تەسلیمکردنی چەکەکان و سووتاندنیان دیمەنێکی کاریگەر بوو لەڕووی ڕەمزی و دیپلۆماسیی گشتییەوە، بەڵام "پارتی کرێکارانی کوردستان" خاوەنی کۆگایەکی گەورەی چەکە، ئەگەری هەیە بەشێکی لێی لە شوێنی ئارامدا پاراستبێت و هەندێکی تری گواستبێتەوە بۆ "یەکینەکانی پاراستنی گەل"، لەبری ئەوەی هەمووی بسووتێنێت یان تەسلیمی بکات.
ڕەنگە "پارتی کرێکارانی کوردستان" خۆی هەڵوەشاندبێتەوە، بەڵام ون نەبووە، ئەگەری زۆرە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوام بێت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، کە ئامانجی سەرەکی، واتە داننان بە پرسی کورددا، بەدیهاتووە و ستراتیژی شەڕ کۆتایی هاتووە، کاتی ئەوە هاتووە بگوێزرێتەوە بۆ کاری سیاسیی دیموکراتیانە.
ڕادەیەکی زۆر لێڵی دەوری پرۆسەکەی داوە، کەمترینیان ئەوە نییە کە تورکیا لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی "پارتی کرێکارانی کوردستان" و چەکدانانیدا چی پێشکەش دەکات. بەرپرسانی تورکیا چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەوان لەگەڵ "تیرۆریستان" دانوستان ناکەن و بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت سازشیان لەسەر ناکرێت.
لە وتەیەکدا کە دوای مەراسیمەکە پێشکەشی کرد، بەسێ هۆزات، ئەو سەرکردەیەی کە لە کاتی مەراسیمەکەدا پێشڕەوی چەکدارانی "پارتی کرێکارانی کوردستان"ی دەکرد، وتی کە ڕێکخستنە دەستووری و یاساییەکان لەم قۆناغەدا گرنگترینن، لە ئاماژەیەکدا کە بەم شێوەیە لێکدەدرێتەوە: "چەکەکانتان دابنێن و ئێمە ئامادە دەبین بۆ جێبەجێکردن".
ڕەنگە ئەو بۆشاییە قووڵەی نێوان چاوەڕوانییەکانی "پارتی کرێکارانی کوردستان" و ئەوەی لایەنی تورکی دەتوانێت پێشکەشی بکات، ببێتە هۆی کێشەی جددی، و ڕەنگە بگاتە بنبەست.
هەنگاوی داهاتوو پێکهێنانی لیژنەیەک دەبێت لە پەرلەمانی تورکیا. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی لیژنەکە کار لەسەر "پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە" دەکات. لیژنەکە کراوە دەبێت بۆ هەموو ئەو پارتانەی لە پەرلەماندا نوێنەرایەتییان هەیە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشداری دەکەن.
ڕای گشتیی تورکیا - بەوانەشەوە کە سەرسەختترین دژبەرانی "پارتی کرێکارانی کوردستان"ن - هێشتا نیگەرانی و ڕقیان نیشان دەدەن، بەڵام ئامادەن بۆ هاوکاریکردن تا ئەو کاتەی مەترسیی پارتەکە و تیرۆر نامێنێت. بەڵام ئەم بارودۆخە ڕەنگە پێچەوانە بێتەوە ئەگەر تورکیا ببێتە گۆڕەپانێک کە تێیدا کیانە پەیوەستەکان بە پارتەکەوە یان هاوشێوەکانی هەوڵی سەپاندنی داواکاریی زیادەڕۆییانە بدەن.
دەستووری نوێ - کە بڕیارە لە داهاتوودا دابنرێت - تاقیکردنەوەیەکی سەرەکی پێکدەهێنێت. یەکێک لە دیارترین پرسە ئاڵۆزەکانی پەیوەست پێیەوە: ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لێخۆشبوون بۆ ئەندامانی "پارتی کرێکارانی کوردستانە".
پارتەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تورکیا و ویلایەتەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپادایە. لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتە نوێیەکاندا، پێشبینییەکان ئاماژە بە سڕینەوەی لەم لیستانە دەکەن لەم نزیکانەدا، کە ئەمەش پاڵنەرێکی بەپەلە دروست دەکات بۆ داواکردنی ئازادکردنی دەستگیرکراوانی - لە سەرووی هەموویانەوە ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش (سەرۆکی پێشووی "پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان").
ڕەهەندی سووری وەک ئەڵقەیەکی یەکلاکەرەوە دەردەکەوێت، چونکە دۆسیەکانی کورد - بەتایبەت چالاکییەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و "پارتی کرێکارانی کوردستان" لە سووریا و تورکیا - بە تووندی پێکەوە گرێدراون سەرەڕای هەوڵەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیوەندییە. لە لایەکی ترەوە، هێشتا دیمەشق و "یەکینەکانی پاراستنی گەل" ناتوانن ڕێککەوتنی 10ی ئازاری 2025ی نێوانیان کارا بکەن، کە ئەمەش هەمان چەقبەستوویی پێشوو دووبارە دەکاتەوە.
زۆرێک لە تورکیا ترسیان لەوە هەیە کە بەشێک لە چەکدارانی "پارتی کرێکارانی کوردستان" بە چەکەکانیانەوە بچنە ڕیزی "یەکینەکانی پاراستنی گەل" لەبری گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان. ئایا هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە مانای کۆتایی کێشەکەیە؟ حکومەتی تورکیا وەڵام دەداتەوە کە قۆناغی تیرۆر کۆتایی هاتووە، چارەسەرەکان بۆ پرسەکانی تر لە ڕێگەی بەهێزکردنی دیموکراسییەوە دێن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێکدا لە دیاربەکر لە 12ی ئابی 2005 وتی: "کێشەی کورد، وەک کێشەکانی تری وڵات، لە چوارچێوەی سیستمی دەستووریدا بە دیموکراسی و یاسا و خۆشگوزەرانیی زیاتر چارەسەر دەکرێت". بەڵام واقیعی ئەمڕۆی تورکیا وێنەیەکی پێچەوانەی ئەوە دەکێشێت.
چینێکی فراوانی گەلی تورکیا پێیانوایە سیاسەتەکانی حکومەت دیموکراسییان لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ کردۆتەوە و زەمینەی بۆ قۆناغێکی شموولی خۆشکردووە. ئەم باوەڕە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکاندا کە لە 31ی ئازاری 2024 ئەنجامدران، دەرکەوت، کاتێک "پارتی گەلی کۆماری" بە ڕێژەیەکی مێژوویی دەنگی یەکەم بوو، و 35 ویلایەتی لە کۆی 81 ویلایەت بردەوە – لەنێویاندا پایتەختە ئابووری و ئیدارییەکان: ئەستەنبووڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر – کە ئەمەش زەبرێکی کوشندە بوو بۆ "پارتی داد و گەشەپێدان" (ئاکەپە).
ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنەکان هۆشداری دا کە "پارتی گەلی کۆماری" ناتوانێت ئەو شارەوانییانەی بردویەتییەوە بەڕێوەببات. لە ئاراستەیەکی پەیوەستدا، دەسەڵاتداران لە ئازاری 2025ەوە هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە کە هەموو شوێنێکی گرتووەتەوە، لەو ماوەیەدا 13 سەرۆک شارەوانیی پارتەکەیان دەستگیرکردووە – لەنێویاندا سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبووڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو – و دەیان فەرمانبەر بە تۆمەتی گەندەڵی و زۆرلێکردن. ئۆپۆزیسیۆن ئەم دەستگیرکردنانە بۆ پاڵنەری سیاسیی تەواو دەگەڕێنێتەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی "پارتی گەلی کۆماری"، هۆشداری دا لەوەی کە ئەوەی بە "هێرش" ناوی برد بۆ سەر دیموکراسیی تورکیا و پارتەکەی، ڕێگرە لە پێشکەوتنی ڕەوتی ئاشتی لەگەڵ کوردەکاندا.
پاڵنەری سەرەکی بۆ پەلەکردنی ئەردۆغان لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی "پارتی کرێکارانی کوردستان" هەوڵدانی بوو بۆ ڕاکێشانی پشتیووانیی نوێی پەرلەمانی و جەماوەری، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەموارکردنەوەیەکی دەستووری کە شایستەی بکات بۆ وەرگرتنی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی.
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی تورکیا ئاشتەواییی "پارتی کرێکارانی کوردستان" وەک "دەستکەوتێکی مێژوویی" پێشکەش دەکات، بەڵام ئەمە تاکە فاکتەری دیاریکەری بژاردەکانی دەنگدەران نییە (تورک و کورد). پێشهاتەکانی داهاتووی ڕەوتی ئاشتی، لەگەڵ کاریگەریی مامەڵەی حکومەت لەگەڵ دۆسیە ئابوورییەکان و پرسەکانی ئازادی، پێوەری یەکلاکەرەوە دەمێننەوە بۆ دیمەنی سیاسیی تورکیا.
ڕۆژی شەممەی دوای مەراسیمی چەکدانان، ئەردۆغان وتارێکی پێشکەش کرد کە گەورە یاریدەدەرەکانی بە "مێژوویی" وەسفیان کرد، ئەمەش لەکاتی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ساڵانەی "پارتی داد و گەشەپێدان"دا بوو، کە تێیدا ئەردۆغان باسی لە ململانێی درێژخایەن لەگەڵ "پارتی کرێکارانی کوردستان" و پرۆسەی ئاشتی لە گۆشەنیگای تایبەتی خۆیەوە کرد، کە ئەمەش نزیکبوونەوەیەکە جێگەی مشتومڕێکی زۆرە. وای دانا کە وازهێنانی پارتەکە لە چەک سنوورێک بۆ بەڵای تیرۆر دادەنێت، کە ڕێگە بە تورکیا دەدات وزەکانی ئاڕاستەی ئەوە بکات کە ناوی دەنێت "سەدەی تورکیا".
ئەردۆغان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە جەختی کردەوە کە هەوڵی "تورکیای خاڵی لە تیرۆر" بەرهەمی دانوستان یان مامەڵە نەبووە (لەگەڵ "پارتی کرێکارانی کوردستان" یان پارتەکانی تردا)، و ڕەتیکردەوە کە پرۆسەیەکی لەسەر بنەمای "دان و ستان" بێت. هەروەها دووبارە جەختی لەسەر "برایەتیی مێژوویی" کردەوە کە تورک و کورد و عەرەب پێکەوە کۆ دەکاتەوە و "ناسنامەی ئیسلامیی هاوبەش" – لە ئاماژەیەکدا کە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت بەپێی باکگراوندی فیکری و ئینتیماکان.
ئەردۆغان بە گشتی باسی لە پرسە گەورەکان کرد، بەڵام خۆی لە چوونەناو وردەکاریی دۆسیە سەرەکییەکان بەدوور گرت، وەک هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە، چارەنووسی "یەکینەکانی پاراستنی گەل" لە سووریا، و گرنگتر لە هەمووی، واقیعی کارپێکردنە دیموکراتییەکان لە تورکیا بە گشتی.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
جامی عێراق كوردستانییە، بە بادینی بەرز دەكرێتەوە
15 تەممووز
جامی عێراق ئەمجارە كوردستانییە
14 تەممووز
هاوبەشیی نیشتمانی لە سووریا... پرسی کورد وەک نموونە
13 تەممووز
ژ خورشید هەرکی هەتا عەمێ گۆزێ؛ ژ فتنە و بەلبەلەیا دەنگبێژان هەتا فتنە و بەلبەلەیا میدیایا جڤاکی
12 تەممووز
شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک
11 تەممووز
قسەی دڵی خەڵک لەبارەی مووچە؛ کاتی هەڵوێست و بڕیارە بەرامبەر بەغدا
10 تەممووز
پەتای بەکەلۆری؛ ترس و تۆقاندن لە پێستی زانستدا
9 تەممووز
ئاسایشی قەوارەی هەرێم لە سەروو ململانێ سیاسییەكانەوە
5 تەممووز
ئاڤا تیڤی.. ئەو کەناڵەی هاوسەنگی میدیای کوردی گۆڕی، چۆن؟
2 تەممووز
دۆزی کورد و هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
2 تەممووز
- بیروڕا
- 14 تەممووز
جامی عێراق ئەمجارە كوردستانییە
- بیروڕا
- 11 تەممووز
شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک